دوا بەدوای کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە تیایدا بڕیاردرا سیستەمی هاوسەرۆکی هەڵبوەشێنرێتەوە، لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی کرا بە سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێکی زۆری کادیران و ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکە، بە هەنگاوێکی باش و ئەرێنی لە قەڵەمیاندا، لە بەرامبەریشدا، ئەندامێکی پێشتری سەرکردایەتی ئەم حزبە کە لە دوای ڕوداوەکانی 8ی مانگی حەوتەوە بە فەرمانێکی حزبەکە پۆستەکەی هەڵپەسێراوە دەڵێت، لە دوای 8ی حەوتەوە هیچ گۆڕانکاریەکی پەیڕەوی نەکراوە.
ژینۆ محەمەد کە پێش 8ی مانگی حەوت ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو بە هۆی نزیکی لە لاهوری شێخ جەنگی لە حزبەکە دورخرایەوە، سەبارەت بە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و هەنگاوەکانی لاهوری شێخ جەنگی بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت:
"ئەنجومەنی سەرکردایەتی و پەیڕەویش لەناو یەکێتی وایلێهاتوە بە داخەوە، بۆ تێپەڕاندنی هەندێ پرس بۆ ئەوەی موبەریرێک لە دەرەوەی یەکێتی نەمێنێت بڵێن کارەکان نا پەیڕەوی دەڕوات، لەو کاتانەیا ئەندامانی سەرکردایەتی کۆ دەکەنەوە، بۆ گۆڕانکاری لە پەیڕەوی یەکێتی، پێویستە لەسەر داوای ژمارەیەکی زۆری ئەندامان بێت، بۆ پەسەندکردنیش پێویستی بە دەنگی چوار لەسەر پێنجی ئەندامانی سەکردایەتی هەیە کە نزیکەی سەد ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکات، وە یەکجاریش ئەنجومەن مافی دەستکاری هەندێک بڕگەی دیاری کراوی هەیە واتە بڕگە بنەڕەتیەکان بۆیان نیە دەستکاری بکەن، بەڵام جارێکی تر ویستیان دەستکاری پەیڕەو بکەن هەمواری پەیڕەو بکەن بەڵام بەنا پەیڕەوی."
ژینۆ ئاماژە بەوە دەکات کۆی ئەندامانی سەرکردایەتی ئامادە بوو لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەمتر بووە لە نیسابی یاسایی.
" 94 ئەندام ئامادەی کۆبونەوەکە بووە لەو ژمارەیەش هەڤاڵێک چۆتە دەرەوە لە کۆبونەوە، چوار هەڤاڵیش بە ئاشکرا دەنگیان پێنەداوە و دژی بوون، هەم دژی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی هاوسەرۆکی هەم دژی خۆ کاندید کردنی بافڵ تاڵەبانی بوون بۆ سەرۆکی یەکێتی واتە وەک خۆشیان لە ڕاگەیاندنەکان دەڵێن 89 ئەندام ماوەتەوە، کە بە هیچ پێوەرێک دەنگی 89 ئەندام شەرعی نیە، واتە ئەمڕۆ یەکێتی، واتە سەرانی یەکێتی، واتە یەکێتی وەک حزب نا ، حەقە ناویان بچێتە کتێبی گینزەوە، ئەمە شتێکی تازەیە هیوادارم نەبێتە مۆدێل لە کوردستان، بەم جۆرە تێیان پەڕاند بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ شعوری کادرو دۆست و لایەنگرانی یەکێتی بکەن و وە بگرە فێڵیشیان لە خەڵک و جەماوەر و کادیرانی یەکێتی کردووە."
لە پرسیاری ئەوەی بەشێکی زۆر لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە لە ڕابردوودا پاڵپشتی لاهوری شێخ جەنگیان دەکرد بۆ بێدەنگن ژینۆ دەڵێت: بەشێکی زۆری ئەندامان بێ ئینتیمان بۆ شەخس و ئینتیمایان لەسەر بەرژەوەندیە.
" ئەمانەی کە ئەمڕۆ دەنگیاندا بە بافڵ تاڵەبانی هەر ئەمانە بوون دەنگیاندا بە لاهوری شێخ جەنگی کە دەنگی یەکەمی کۆنگرەی هێنا و بوو بە هاوسەرۆک، ئەمڕۆش دەنگیانداوە دژی لاهوری شێخ جەنگی، یان دژی سیستەمی یەکێتی وە دەنگیانداوە بۆ ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بکەنە سەرۆک، ئەمە مانای ئەوە نیە ئەوان پشتیوانی بافڵ تاڵەبانی دەکەن، ئەوان زۆربەیان ئینتیمایان نیە بۆ فڵان کەس و فیسار کەس ئەوەی ئەوان ئینتیمایان بۆی هەیە ئەوەیە کە لە ساحەکەیە، بۆیە بەیانی دەرفەتێک بێتە پێشەوە بافڵ تاڵەبانی باری لار بێت، ئەوەی بەرامبەر لاهوری شێخ جەنگی کردیان بە خراپتر بەرامبەر بافڵ تاڵەبانی دەیکەن".
سەبارەت بە هەڵوێستەکانی داهاتووی لاهوری شێخ جەنگی ژینۆ ئاماژە بەوە دەکات لاهوری شێخ جەنگی خۆی بەبەشێک لە یەکێتی دەزانێت و ئەوان هێشتا چاوەڕێی بڕیاری دادگان لەو بارەیەوە.
" ئێمە هەموکاتێک بڕوامان وابووە کە قانوون ئەبێ کێشەکان چارەسەر بکات و یەکلاکەرەوەی کێشەکان بێت، ئێمە تا ئێستاش چاوەڕێین، کەیسەکە هەر لە دادگایە، وە بۆ لەمەولا با بزانن لاهوری شێخ جەنگی تا ئێستاش خۆی بە یەکێتی دەزانێت، بەم یەکێتیە نا کە ئێستا حوکم دەکات، چونکە بەڕاستی نەک ئێمە هەموو یەکێتیەکان کاتێک بوون بە یەکێتی باوەڕیان بە پڕەنسیپەکانی یەکێتی هێناوە، بڕوایان بەمەی ئێستا نەبووە بڕوایان بەو یەکێتیە هەبووە کە ڕۆژگارێک خەڵک تیایدا توشی نائومیدی ببوو، بڕوایان بەو مەبادیئانە هەیە کە یەکێتی لەسەری دامەزا، بۆ داهاتوش من ئێستا ناتوانم پێت بڵێم بە تەحدید چی دەکەین."
دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی ڕای فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەم بارەیەوە پەیوەندی کرد بە بەشێکی زۆر لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، بەڵام بەشێکی زۆریان ئامادە نەبوون لێدوان لەم بارەیەوە بدەن و بەشێکیشیان پەیوەندیەکەی دەنگی ئەمەریکایان وەڵام نەدایەوە.
لە دوای گۆڕینی سیستەمی هاوسەرۆکی و هەڵپەساردنی پۆستەکەی بە دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی خودی لاهوری شێخ جەنگی هیچ قسەیەکی نەبووە لەوبارەیەوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایە لاهوری شێخ جەنگی بەم جۆرە دەمێنێتەوە و قبوڵی ئە واقعە دەکات یاخود لە دەرەوەی یەکێتی دەست دەکاتەوە بە جوڵە سیاسیەکانی، کە بەڕای بەشێک لە چاودێران ئەگەری دووەم بەهێزترە.
Your browser doesn’t support HTML5