تورکیا و ئێران ڕکابەر یان هاوکار لە هەرێمی کوردستانی عێراق؟

شارەزایان دەڵێن لەگەڵ زیادبوونی گرنگی هەرێمی كوردستان، كاریگەری تورکیا و ئێران، وەکو دوو وڵاتی دراوسێ، لە هەرێمەکە زیاتر دەبێت.

مەسعەد یاخود بەرزکەرەوەی دیارترین چێشتخانەی هەولێر، ئەبو شەهاب، نهۆمەکان تەنها بە زمانی تورکی ڕادەگەیەنێت. لە فامیلی مۆڵ، کە گەورەترین مۆڵە لە شارەکەدا، براندە تورکییەکانی وەک هۆم ئەستەنبوڵ و سیمیت سەرای بوونیان هەیە. له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێودەوڵەتی شارەکە، هیچ هێڵێکی ئاسمانی زیاتر لە توركیش ئێرلاین گەشت ئەنجام نادات.

ئاسۆ محەممەد، شرۆڤەکارێکی دانیشتووی شاری هەولێرە و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و تورکیا دەکات. دەڵێت: "تورکیا لە هەموو ڕوویەکەوە لێرەیە، هەر لە گۆرەوی و پێڵاوەکانی پێمانە و تا ئەو خواردنانەی دەیخۆین، لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئاسمانەوە تا ئەو وزەیەی لە زەویدا هەیە".

بەڵام تورکیا تاکە وڵات نییە کە دەیەوێت لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کاریگەری هەبێت. ئێرانیش تادێت ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، لە ڕووی ئابووری و سیاسیشەوە. شارەزایان دەڵێن ئێران و تورکیا بەپێی جوگرافیا بەرژەوەندییەکانیان دابەشبووە: کاریگەری ئێران زیاتر لە پارێزگای سلێمانی لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمەکە چڕبووەتەوە و تورکیاش جەختیکردۆتە سەر هەولێر و دهۆک.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی دراوسێیدا بووە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی تورکی، لە ماوەی 9 مانگی یەکەمدا بە بەهای زیاتر لە 5 ملیار دۆلار کاڵا لە تورکیاوە بۆ عێراق هاتووە. زۆرینەی ئەو هەناردانە چوونەتە هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 300 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ تورکیادا هەیە.

ساڵی ڕابردوو وەزیری بازرگانی تورکیا، مەهمەت موس، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی 1034 پرۆژەی لە عێراقدا هەیە بە بەهای 31 ملیار دۆلار. ئەم پرۆژانە 7%ی پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا پێکدەهێنن.

سەرەڕای سزاكانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئێران، عێراق ساڵانە بە بەهای نزیكەی 9 ملیار دۆلار كەلوپەل لە ئێرانەوە هاوردە دەكات، ئەوەش بەپێی داتاكانی حكومەتی ئێران كە ساڵی ڕابردوو بڵاوكرانەوە. ئێران ڕایدەگەیەنێت، 54%ی هەناردەی نا-نەوتی بۆ عێراق لە ڕێگەی دەروازەی سنووری پەروێزخانی هەرێمی كوردستانەوە دەڕوات.

ساڵی ڕابردوو ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی لە بارەی دەروازەی سنووری پەروێزخان ڕاپۆرتێکی چڕی بڵاوکردەوە و دەروازەکە بە "ڕێگای گەورەی ئابووری ئێران: سنوورێك كە هەرگیز ناخەوێت" دادەنێت.

هیچ شارێکی هەرێمەکە زیاتر لە کەلار کاریگەری ئێرانی پێوە دیار نییە. کەلار شارۆچکەیەکی سنوورییە و نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەسی تێدایە و سەر بە پارێزگای سلێمانیە. مارکێتەکانی ئەو شارە پڕن لە بەرهەمی ئێرانی، لە خواردنەوە تا دەگاتە جلوبەرگ و کەرەستەی جوانکاری.

ئەركان ساڵح، دانیشتووییەکی كەلار، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، بەهۆی هەرزانیانەوە بەرهەمە ئێرانییەكان دەکڕن. گوتیشی: "ئێمە بە پلەی یەکەم بەرهەمەکانی شیر و میوە و سەوزەواتی ئێرانی دەکڕین. تەنانەت لە بەرهەمە ناوخۆییەکانیش هەرزانترن."

واشنتۆن لە مێژە پشتیوانی لە تورکیا دەکات، وەک ئەندامێکی ناتۆ، تا ڕۆڵێکی بەرچاو لە عێراقدا بگێڕێت بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییەکانی ئێران لەو وڵاتەدا. بەهۆی نزیکی جوگرافییەکەیەوە تورکیا هەرێمی کوردستانی وەکو دەروازەیەک بۆ بەشەکەی دیکە عێراق سەیرکردووە.

حەیدەر ئەلخەفاجی، شرۆڤەکاری کاروباری عێراق، لە وتارێکدا کە ساڵی ڕابردوو لە ماڵپەڕی زانکۆی ناوداری LSE بەریتانی، نووسی: "کاریگەری تورکیا لە عێراق تا دێت لە ئێران و ئەمەریکا، و دراوسێکانی دیکە عێراق زیاتر دەبێت. هەرچەندە کاریگەرییەکەی کەمترە لە کۆی کاریگەری ئێران و ئەمەریکا پێکەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە خێرایییەکی زیاتر لە هەریەک لەم دوو وڵاتانە گەشەی کردووە و فراوان بووە".

ئاسۆ، ئەو شرۆڤەکارەی کە هەولێر دادەنیشێت، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران و تورکیا هەمیشە لە کێبڕکێدانین دژی یەکتر. بۆ نموونە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دوای ئەوەی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2017دا ڕیفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا، هەردوو ئێران و تورکیا سنوورەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخست و پشتگیریان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەغدا کرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان، لەنێویاندا شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت.

هەردوو وڵات زۆر جار بۆمبارانی بنکەکانی چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان دەکەن کە بە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەی خاکەکانیان دایان دەنێن. بۆمبارانەکانیان هەندێک جار قوربانی مەدەنی لێکەوتۆتەوە.

ئاسۆ بە ئاماژەدان بە ئێران و تورکیا بە دەنگی ئەمەریکای گوت " لە یەک کاتدا هەم ڕکابەرن و هەم هاوکارن بەیەکەوە. ڕکابەرن لەوەی کێ زۆرترین کاریگەری هەبێت لە هەرێمی کوردستان. هاوکاریشن لەوەی نەیەڵن هەرێمی کوردستان لەم قەبارەی زیاتر گەورەتر ببێت."