ڕووسیا دەڵێت هێشتا هیچ ڤیزەیەکی ئەمەریکی نەدراوە بە لاڤرۆڤ و شاندەکەی بۆ کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان

ڕووسیا داوای 56 ڤیزەی لە ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە بە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و شاندەکەی بدات گەشت بکەن بۆ نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی سەرکردەکانی جیهان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ڤیزەیەکیان وەرنەگرتووە.

لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گوترێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی هەینی لە لایەن ڕۆیتەرزەوە بینراوە، باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسیلی نێبنزیا گوتی ئەمە"بێزارکەرە" چونکە لە چەند مانگی ڕابردوودا واشنتۆن "بەردەوام ڕەتیکردووەتەوە ڤیزەی چوونە ژوورەوە" بە ژمارەیەک لە ڕووسیەکان بدات بۆ بۆنە و ئاهەنگەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی ئەمەریکا ئەرکەکانی خۆی وەک وڵاتی میوانداری نەتەوە یەکگرتووەکان بە جددی وەردەگرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمارەکانی ڤیزا بەپێی یاساکانی ئەمەریکا نهێنین بۆیە نەیتوانیوە لێدوان لەسەر کەیسی تاکەکەسی بدات.

بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی 1947ی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەگشتی پێویستە ئەمەریکا ڕێگە بە دیپلۆماتکارە بیانییەکان بدات بەشداری لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکەن. بەڵام واشنتۆن دەڵێت دەتوانێت بە هۆکاری "ئاسایش، تیرۆر و سیاسەتی دەرەوە" ڤیزا ڕەت بکاتەوە.

دوای ئەوەی مۆسکۆ لە مانگی دوودا هێرشی کردە سەر وڵاتی دراوسێی ئۆکرانیا، پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا پچڕاوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی "ئێمە ساڵانە سەدان ڤیزە بۆ نوێنەرانی فیدراسیۆنی ڕووسیا بۆ بۆنە و ئاهەنگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە دەکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە داواکارییەکان بە زووترین کات پێشکەش بکرێن بۆ دڵنیابوون لە مامەڵەکردنیان لە کاتی خۆیدا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز