کاوە عەبدولقادر : هه‌ر كاتێک ده‌ستور هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ قه‌یرانێكی تر له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌

کاوە عەبدولقادر ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (دکتۆر ڕێواس فایەق) ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند" هەموو لایەنەکان ڕەزامەندن لەسەر نوسینەوەی دەستور، بە تەنها نەوەی نوێ نەبێت" کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەم وتووێژەدا باس لە هۆکارەکانی ناڕازی بوونی نەوەی نوێ دەکات لەسەر نوسینەوەی دەستور لەم قۆناغەدا، کاوە عەبدولقادر دەڵێت" هه‌ركاتێک ده‌ستور هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ قه‌یرانێكی تر له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌، هێنانه ‌پێشه‌وه‌ی ده‌ستور بۆ له ‌بیربردنه‌وه‌ی كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە، هەروەها دەڵێت نیه‌تی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوریشیان نییه‌ ئه‌وان قه‌ناعه‌تیان پێی نییه‌، ئه‌وان یاسا جێبه‌جێ ناكه‌ن چۆن دێن خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ده‌ستوورەوە، خۆی ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بێت و داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌دامه‌زراوه‌یی بكرێن پارتی و یه‌كێتی نامێنن. "

" هێنانه ‌پێشه‌وه‌ی ده‌ستور له‌ ئێستادا كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان زیاتر ده‌كات "
لە سەرەتای قسەکانیدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" ئێمه‌ وه‌كو نه‌وه‌ی نوێ له ‌ئێستادا لەگه‌ڵ ده‌ستور نیین، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێک هۆكار، هۆكاری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هێنانه ‌پێشه‌وه‌ی ده‌ستور له‌ ئێستادا كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان زیاتر ده‌كات، وه‌ هێنانه ‌پێشه‌وه‌ی ده‌ستور بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ ئێستادا هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست ده‌یان كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنن كه‌ ده‌كرا ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن نه‌ک خه‌ڵک سه‌رقاڵ بكه‌ن به‌ پرسێكی تر ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوره‌، دووه‌میان، وه‌كو ده‌زانرێت دوو مانگمان له‌به‌رده‌م ماوه‌ په‌رله‌مان له‌و دوومانگه‌ ناتوانێت ده‌ستور بنوسێته‌وه‌، وه‌ په‌رله‌مان له‌6-11 ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان كۆتایی دێت، ده‌بووایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆی بكرێت به‌داخه‌وه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی له‌ نێوان خۆیاندا ڕێككه‌وتوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن و دوای بخه‌ن هاتن ده‌ستوریان هێنایه‌ پێشه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بیكه‌نه‌ به‌هانه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خاڵی سێیه‌م، چوارساڵه‌ په‌رله‌مان له‌كوێ بووه‌ بۆ نه‌ده‌هات ده‌ستور بنوسێته‌وه‌؟! بۆچی بۆ ئه‌و دوومانگه‌ و به‌و په‌له‌پروزه‌یه‌!
بۆچی چوارساڵه‌ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی تێدایه‌ ده‌ستورتان نه‌نوسیوه‌ته‌وه‌ ؟!"

" کێشەکان و بۆشاییه‌كان زیاتر بكات "

بە بڕوای سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێم نیەتی ڕاستەقینە بۆ نوسینەوەی دەستور نیە، بەڵکو ئەو دەڵێت" له‌ هه‌رێمی كوردستان یاسا سه‌روه‌ر نییه‌ ده‌یان یاسا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوون هه‌تا ئێستا جێبه‌جێ ناكرێن ڕۆژی شەممەش سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی پێدا ئێمه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ بابێین یاسا سه‌روه‌ر بكه‌ین و بێن یاسا جێبه‌جێ بكه‌ن وه‌كو خۆی بابێن داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ دامه‌زراوه‌یی بكه‌ن نه‌ک بێن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پرسی ده‌ستور ئیش بكه‌ین كه‌ كێشه‌كان زیاتر بكات و بۆشاییه‌كان زیاتر بكات. "

" هه‌ر كاتێک ده‌ستور هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ قه‌یرانێكی تر له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ "

کاوە عەبدولقادر ئەوەشی وت" به‌ئه‌زموونی ڕابردوو هه‌ركاتێک ده‌ستور هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ قه‌یرانێكی تر له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه،‌ ئێمه‌ قه‌ناعه‌تمان به‌پارتی و یه‌كێتی نییه‌ كه‌ له‌ژێر هه‌ژموون و زۆرینه‌ی ئه‌وان ده‌ستورێک بنوسرێت و ماف و ئازادییه‌كان بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات، پارتی و یه‌كێتی خۆیان یاسا جێبه‌جێ ناكه‌ن، خۆیان داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستانیان په‌كخستووه‌ خۆیان ده‌ستێوه‌ردانی حزبی له‌ كاروباری حكومه‌ت و دادگا و له‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ده‌كه‌ن ئیتر چۆن دێن ده‌ستورێک بنوسنه‌وه‌ كه‌ ده‌ستوره‌كه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بێت!"


" دروستكردنی قه‌یرانێكی تره‌ بۆ هاوڵاتیانی هەرێم "

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەشڵێت"پارتی و یه‌كێتی هه‌میشه‌ قه‌یرانێک به ‌قه‌یرانێكی تر ده‌سپێرن، به‌رده‌وام قه‌یران دروست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانیانی له‌بیربچێته‌وه‌ كاتێک ده‌وترێت بۆچی مووچه‌ له‌ كاتی خۆی نادرێت له‌كاتێكدا دۆخی دارایی هه‌رێم باشبووە! بۆچی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ناگه‌ڕێننه‌وه!‌ ئه‌وان دێن كێشه‌یه‌كی تر له‌ نێوان خۆیان دروست ده‌كه‌ن كێشه‌یه‌ک بۆ خه‌ڵک دروست ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵک قه‌یرانه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ و كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی له‌بیربچێته‌وه‌ سه‌رقاڵی ده‌كه‌ن به‌شتێكی تره‌وه‌ به‌ ڕاستی واته‌ ئه‌وه‌ نه‌هج و به‌رنامه‌ی پارتی و یه‌كێتیه‌ و به‌و شێوازه‌ كارده‌كه‌ن، ئینجا هێنانه ‌پێشه‌وه‌ی ده‌ستوریش درێژكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانه‌ و دروستكردنی قه‌یرانێكی تره‌ بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان. "

" نیه‌تی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوریشیان نییه‌ ئه‌وان قه‌ناعه‌تیان پێی نییه‌، ئه‌وان یاسا جێبه‌جێ ناكه‌ن چۆن دێن خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ده‌ستوورەوە!"

ده‌وترێت ده‌ستور دایكی هه‌موو یاساكانه‌، ئێوه‌ وه‌كو نه‌وه‌ی نوێ باسی سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن پێتان وانیه‌ زیاتر ده‌ستی بێ یاسایی ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستور نه‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان؟
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێم زیاتر وتی" پارتی و یه‌كێتی حه‌وت هه‌وڵی تریان داوه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور هه‌ر حه‌وت هه‌وڵه‌كه‌ شكستی هێناوه‌ ئێمه‌ به‌ڕاستی گومانمان هه‌یه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ش سه‌ركه‌وتوو بێت، پێمان وایه‌ هاوشێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی تره‌، پارتی و یه‌كێتی 31 ساڵه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتن نه‌یانتوانیووه‌، ده‌ستورێک بۆ هه‌رێمی كوردستان بنوسنه‌وه‌ ئێستاش ناتوانن و نیه‌تی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوریشیان نییه‌ ئه‌وان قه‌ناعه‌تیان به‌ده‌ستور نییه‌، چونكه‌ ئه‌وان یاسا جێبه‌جێ ناكه‌ن چۆن دێن خۆیان ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ ده‌ستوورەوە!؟ چونكه‌ هه‌ركاتێک یاسا جێبه‌جێ بكرێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نییه‌ ئیتر چۆن دێن ده‌ستورێک بنووسنه‌وه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان بێت و ماف و ئازادییه‌كان ده‌ستبه‌ر بكات. "

" حەوت جاری تر هەوڵی نوسینی دەستورییان داوە، دڵنیاین هه‌وڵی هه‌شته‌میش مادام پارتی و یه‌كێتی سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن شكست دێنێت "
کاوە عەبدولقادر زیاتر ڕونیکردەوە" قه‌ناعه‌تمان وانییه‌ پارتی و یه‌كێتی جددی بن له ‌نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور پارتی و یه‌كێتی كات ده‌كوژن ئامانجی سه‌ره‌كیشیان له‌ هێنانە پێشه‌وه‌ی ده‌ستور ئه‌و هۆكارانه‌ بوو كه‌ باسمكردن، چونكه‌ پارتی و یه‌كێتی حه‌وت هه‌وڵی تریان هه‌بووه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور، به‌ڵام هیچ هه‌وڵێک به ‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه‌ له ‌كۆتاییه‌كه‌ی بێده‌نگیان لێكردووه‌ هه‌وڵه‌كه‌ شكستی هێناوه‌، بۆیه‌ من پێموایه‌ هه‌وڵی هه‌شته‌میش مادام پارتی و یه‌كێتی سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن شكست دێنێت، چونكه‌ پارتی و یه‌كێتی نه ‌لەگه‌ڵ سه‌روه‌ری یاسان نه‌ لەگه‌ڵ هه‌بوونی ده‌ستورێكن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک. "

" ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بێت و داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌دامه‌زراوه‌یی بكرێن پارتی و یه‌كێتی نامێنن "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بۆچی لایه‌نه‌كانی تر ڕازین جگه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێ ؟

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند"هه‌ر لایه‌نه‌ سیاسه‌تی خۆی هه‌یه‌ ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ پارتی و یه‌كێتی نییه،‌ كاتی خۆیشی له‌ مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی بوون ئێمه‌ بۆچوونێكی جیاوازمان هه‌بوو وتمان نه‌خێر له‌ ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم قسه‌كانی ئێمه‌ش قسه‌ی مه‌نتیق بوون ئه‌نجامه‌كه‌ش ده‌ركه‌وتوو كێ ڕاستی كرد و كێ به‌ هه‌ڵه‌دا چوو گرنگی هێزی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جیاواز بێت و روئیای خۆی هه‌بێت نه‌كه‌وێته ‌ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژموونی هێزێكی تر یان ئایدیۆلۆژیایه‌كی تریان خه‌ڵكێكی تر ئێمه‌ سیاسه‌ت و نه‌هج و به‌رنامه‌ی خۆمان هه‌یه‌ جیاوازه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بیرده‌كه‌ینه‌وه‌ باوه‌ڕمان به‌ به‌ هیچ هه‌وڵێكی پارتی و یه‌كێتی نییه،‌ چونكه‌ 100% دڵنیایین پارتی و یه‌كێتی نه ‌له ‌گه‌ڵ سه‌روه‌ری یاسان نه ‌له ‌گه‌ڵ هه‌بوونی ده‌ستورێكن بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ ئه‌وه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نییه‌ پارتی و یه‌كێتی ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بێت و داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌دامه‌زراوه‌یی بكرێن پارتی و یه‌كێتی نامێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن. "

واته‌ پێتانوایه‌ ده‌ستور نانوسنه‌وه‌؟
لە وەڵامدا کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وتی" قه‌ناعه‌تمان نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا له‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌ین و لیژنه‌یه‌كی بۆ پێكنه‌هاتووه‌ و لیژنه‌ی یاساییش له‌په‌رله‌مان كۆنه‌بۆته‌وه‌ هیچ لایه‌نێک به‌ئاشكرا نیه‌تی خۆی ده‌رنه‌بڕیووه‌ له‌سه‌ر ده‌ستور، ئێمه‌ ده‌زانین پێشتر كێشه‌ی زۆر هه‌بووه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌ستور بیروڕای زۆر جیاواز هه‌بووه‌ كه‌ سیسته‌می حوكمڕانی چۆن بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌رله‌مانی بێت؟ یاخود سه‌رۆكایه‌تی یاخود چ شێوازێک بێت؟ ئایا مه‌سه‌له‌ی دین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی یاسادانان بێت؟ یان تێڕوانینی جیاوازتر هه‌بووه‌ ورده‌كاری زۆر هه‌یه‌، به‌ڵام له ‌ئێستادا ئێمه‌ له ‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌ین ناتوانین جیاوازییه‌كان چیه؟‌ چونكه‌ هیچ لایه‌نێک تێڕوانینی خۆی به‌ئاشكرا ده‌رنه‌بڕیوو. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی قسەکانی کاوە عەبدولقادر