د. عەلی ڕەشید: سیسته‌می کامێرای هاتوچۆی جێگیر پێویسته‌ له‌ هه‌موو كوردستان دابنرێت ئەنجومەنی پارێزگاکانیش ناتوانن ڕەتی بکەنەوە

د. عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر

دانانی کامێرای هاتوچۆی جێگیر ناسراو بە سیستمی پۆینت تو پۆینت ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا، بە جۆرێک جگە لە چەند پەرلەمانتارێک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە بڕیار ڕەتیکردەوە ئەو جۆرە کامێرایە لە سنوری پارێزگاکە دابنرێت، ئەگەرچی بەوتەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تا ئێستاش دانانی ئەو کامێرایانە نەوەستاون، د. عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت"تا ئێستا لە هەولێر ئەو کامێرایانە دانەنراون ئاگاداریش نین، ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌ڕاستی گرێبه‌ستی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ئاگادارنین كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ چی ده‌كات، به‌ڕاستی نازانم دایده‌نێن یان داینانێن، بەڵام له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ و سكاڵا كردن یاسایی نییه، ئەگەر لە هەولێر دانرا‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌و ئاراسته‌ ناڕۆین ڕەتی بکەینەوە، د. عەلی ڕەشید دەشڵێت " سیسته‌می پۆینت تو پۆینت پێویسته‌ له‌هه‌موو كوردستان دابنرێت " مه‌سه‌له‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ته‌كان له ‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگادا نییه‌ به‌پێی یاسای ژماره‌ (3) ی ساڵی 2009 ی هه‌موواركراوی پارێزگاكانی هه‌رێم ئێمه‌ ناتوانین بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان ره‌تبكه‌ینه‌وه‌. "

" بڕیاری دانانی كامێرای چاودێری ئامانجه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌لامه‌تی خه‌ڵک بپارێزێت "

لەسەرەتای قسەکانیدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند" بڕیاری دانانی كامێرای چاودێری له‌سه‌ره‌تادا ئامانجه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌لامه‌تی خه‌ڵک بپارێزێت، ئۆتۆمبیله‌كانی ئێستا مۆدێل به‌رزن ئه‌و خێراییه‌ زۆره‌ی هەیانە وایكردووه‌ خه‌ڵكێكی زۆر بۆته‌ قوربانی ئه‌مه‌ش به‌ڕاستی پێویستی به‌كامێرای چاودێری هه‌بووه‌، وه‌ ئه‌و كامێرا چاودێرییه‌ی كه‌ له‌ هه‌ولێر دانراوه‌ له‌مێژه‌ دانراوه‌ و كاریشی پێده‌كرێت نازانم ئه‌وه‌ی سلێمانی چۆنه‌؟ به‌ڵام ئه‌مه‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ناتوانین بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕه‌تبكه‌ینه‌وه‌. "

" سیسته‌می پۆینت تو پۆینت پێویسته‌ له‌هه‌موو كوردستان دابنرێت "

د. عەلی ڕەشید وتیشی" كامێرای چاودێری سیسته‌می پۆینت تو پۆینت له‌هه‌ولێر كاری پێناكرێت لە ئێستادا، به‌ڵام له‌زۆربه‌ی دنیا ئه‌و سیسته‌مه‌ كاری پێده‌كرێت، سیسته‌می پۆینت تو پۆینت پێویسته‌ له‌هه‌موو كوردستان دابنرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی شۆفێره‌كان ته‌نها بۆ كامێرا خێرایی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌دوای كامێرا دیسان خێرایی به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ توشی قوربانی گه‌وره‌ ده‌بین وه‌كو ده‌بینرێت له‌ڕێگاكانی ده‌ره‌وه‌ هه‌فتانه‌ چه‌ندین كه‌س ده‌بنه‌ قوربانی لێخورینی خێرای ئۆتومبێل و بارهه‌ڵگر و سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ی كه‌ به‌تایبه‌تی به‌خێرایی توشی ده‌بین. "

" ئاگادارنین كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ چی ده‌كات "

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەشڵێت" ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌تا ئێستا له‌هه‌ولێر دانه‌نراوه،‌ به‌ڵام ئه‌و گرێبه‌سته‌ به‌ڕاستی گرێبه‌ستی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌، ئێمه‌ وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر ئاگادارنین كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ چی ده‌كات، به‌ڕاستی نازانم دایده‌نێن یان داینانێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كامێرای پۆینت تو پۆینت دانرا ئێمه‌ وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر یاسای ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رشتێكیشمان هه‌بێت ناتوانین ره‌تی بكه‌ینه‌وه‌، ته‌نها ده‌توانین پێشنیار و گله‌ییه‌كانمان به‌رزبكه‌ینه‌وه‌ نه‌وه‌ک وه‌زاره‌ت بڕیاربدات و ئێمه‌ بڕیاری دژ به‌و بده‌ین به‌ڕاستی ئه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگادا نییه‌ كه‌ دژ به‌بڕیاری وه‌زاره‌ته‌كان بڕیار ده‌ربكات. "

" ڕەتکردنەوەی دانانی کامێرای چاودێری لە سلێمانی بەدەرە لە یاسا"

به‌ڵام له‌ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌ ڕایانگه‌یاند هه‌تا سكاڵا له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ تۆمار ده‌كه‌ن ئایا ڕێگه‌پێدراوه‌ به‌پێی یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كه‌ ئه‌مه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ و سكاڵا له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ تۆماربكات؟

لە وەڵامدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر( د.عەلی ڕەشید) وتی" نه‌خێر ئه‌مه‌ به‌ده‌ره‌ له‌یاسا، هیچ مادده‌یه‌كی یاسایی نییه‌ كه‌ ئێمه‌ وەک ئەنجومەنی پارێزگا سكاڵا له‌سه‌ر وه‌زاره‌تێک بكه‌ین، ئێمه‌ هه‌ركاتێک له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌ک ڕازی نه‌بین ئه‌وا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌وینه‌ گفتوگۆ ده‌بێت قه‌ناعه‌تیان پێبهێنین كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ڕیزبه‌ندیه‌كه‌ی دوابخرێت یان ستراتیژیه‌كه‌ی بگۆڕدرێت یان شێوازه‌كه‌ی بگۆڕدرێت، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ته‌كان له ‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگادا نییه‌ به‌پێی یاسای ژماره‌ (3) ی ساڵی 2009 ی هه‌موواركراوی پارێزگاكانی هه‌رێم ئێمه‌ ناتوانین بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان ره‌تبكه‌ینه‌وه‌. "

" له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ و سكاڵا كردن یاسایی نییه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌و ئاراسته‌ ناڕۆین "

ئه‌گه‌ر بڕیاردرا له‌هه‌ولێریش ئه‌و سیسته‌می پۆینت تو پۆینت دابنرێت ئێوه‌ وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر هه‌ڵوێستان چی ده‌بێت؟ ئایا هه‌مان هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی-تان ده‌بێت یاخود ناتوانن؟

لە وەڵامدا د. عەلی ڕەشید وتی" من دڵنیا نیم له‌وه‌ی هه‌ڵوێستمان چی ده‌بێت؟ چونكه‌ هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نه‌، به‌ڵام له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ و سكاڵا كردن یاسایی نییه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌و ئاراسته‌ ناڕۆین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن پرۆژه‌یه‌كیان پێشنیاز كرد به‌دیلی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی تر بێت ئه‌وا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆئه‌وه‌ی ستراتیژیه‌تی كاره‌كه‌یان بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بگۆڕدرێت، واته‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و له‌دیوانی وه‌زاره‌ته‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگادا نییه‌ ته‌نها گۆڕینی ڕیزبه‌ندی به‌ده‌نگ ئه‌ویش دوای ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار ئینجا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ چ پرۆژه‌ی كامێرا بێت یان پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی ئاوه‌ڕۆ بێت یان پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی به‌نداو بێت یان هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ته‌ندروستی بێت به‌پێی یاسای ئێمه‌، ئێمه‌ ده‌توانین له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ڕیزبه‌ندیه‌كه‌ی بگۆڕین ناتوانین ره‌تی بكه‌ینه‌وه‌ و دژ به‌بڕیاری وه‌زاره‌ته‌كان بڕیار بده‌ین. "

" سیستمی کامێرا لە سلێمانی بۆ سەلامەتی هاوڵاتییانە، سكاڵاش له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌ڕاستی مه‌نتق نییه‌"

سەرۆکی ئەنجومەنی پاڕێزگای هەولێر دەشڵێت" ئه‌وه‌ی له‌سلێمانی هه‌یه‌ كامێرای پۆینت تو پۆینت بۆ سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر هاوڵاتی نه‌بێته‌ قوربانی له‌وانه‌یه‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ش دانه‌نرێت، واتە به‌پله‌ی یه‌كه‌م بۆ سه‌لامه‌تی هاوڵاتیانه‌، چۆن ئێمه‌ بتوانین ئه‌و سیسته‌مه‌ ره‌تبكه‌ینه‌وه!‌ سكاڵاش له‌سه‌ر حكومه‌ت به‌ڕاستی مه‌نتق نییه‌. "

" دیاره‌ كۆمپانیایه‌كه‌ی ئه‌وێ له‌ئاماده‌باشی زیاتر بووه "

پێشتربەرزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو" له‌هه‌ر وڵاتێک ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كرابێت سه‌ره‌تا شه‌قامێكیان به‌ تێست وه‌رگرتووه‌ نه‌ک شارێک و به‌و به‌رفراوانییه‌ ئێمه‌ یه‌كێک له‌گله‌یه‌كانمان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ بۆچی سلێمانی؟ چونكه‌ سلێمانی له‌ هیچ ڕوویه‌كه‌وه‌ ئاماده‌یی تێدا نییه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ی تێدا دابنرێت. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی له‌هه‌ولێر دانه‌نرا سەرەتا؟ چونکە بە وتەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای شارەکە، ئامادەیی تێدا نیە بۆ ئەو سیستمە بەهۆی ئەو قەیرانانەی تێیدا هەیە ئێستا. "

د. عەلی ڕەشید دەڵێت" له‌وانه‌یه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ پرۆژه‌یه‌كی گشتگیر بێت كه‌ له‌سلێمانی ده‌ستپێكرا بێت دیاره‌ كۆمپانیایه‌كه‌ی ئه‌وێ له‌ئاماده‌باشی زیاتر بووه،‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر سیسته‌مێک له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ت جێبه‌جێ بكرێت بۆ هه‌موو كوردستانه‌، خۆ ئه‌وه‌ی له‌سلێمانی جێبه‌جێ كراوه‌ ئۆتۆمبیله‌كانی هه‌ولێر و دهۆكیش بێن هه‌ر هه‌مان شته‌ واته‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵک به‌ ژماره‌ی هه‌ولێر بێت له‌و سیسته‌می پۆینت تو پۆینت هه‌ر زیانمه‌ند ده‌بێت، واته‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌نها شۆفێره‌كانی سلێمانی له‌و سیسته‌می پۆینت تو پۆینته‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی زیاتر شۆفێره‌كانی سلێمانی زیاتر ده‌بن كه‌واته‌ هه‌ولێر و دهۆک و كه‌ركوك و هه‌ڵه‌بجه‌ش هه‌مان كێشه‌یان ده‌بێت. "

"با هه‌موومان پابه‌ند بین پێوه‌ی ئەوکات غه‌رامه‌ سفر ده‌بێت،‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی ئه‌وه‌ی دامه‌زراندووه‌ زه‌ره‌ر ده‌كات "

به‌رزان شێخ محمد جێگری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند ئێمه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵكین ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ڕووتانه‌وه‌ی گیرفانی خه‌ڵكه‌ و بارگرانیه‌كه‌ بۆسه‌ر خه‌ڵک ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دانانی كامێراین به‌ڵام نه‌درێت به‌كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به‌ڵكو حكومه‌ت خۆی ئه‌مه‌ بكاتقسه‌ی به‌ڕێزتان چیه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌؟

بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت" ئه‌وه‌ بۆچوونی خۆیانه‌ (لكل حادث حدیث) ئه‌گه‌ر له‌هه‌ولێر دانرا، ئێمه‌ ده‌ڵێین له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌ته‌كان ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ مادده‌كانی ڕوون و ئاشكرایه‌ ئێمه‌ به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كانی ئاستی وه‌زاره‌ته‌كان هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین و توانای ره‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی وه‌زاره‌تمان نییه،‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ڕیزبه‌ندی پرۆژه‌كه‌ بگۆڕدرێت ئه‌وا ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌بێت كۆببێته‌وه‌ و پێشنیاری ڕیزبه‌ندی نوێ بكات و داوا له‌وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار بكات كه‌ ڕیزبه‌ندی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بگۆڕێت بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی كه‌ پێشنیار كراوه‌ ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ڕاسته‌ ئێمه‌ نوێنه‌ی خه‌ڵكین، به‌ڵام هه‌ندێک شت هه‌یه‌ له‌ده‌رئه‌نجامدا به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌ واته‌ گیانی خه‌ڵک ده‌پارێزێت با به‌دوور ته‌ماشا بكه‌ین، ته‌نها بیر له‌وه‌نه‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و كامێرانه‌ بۆئه‌وه‌ دانراوه‌ غه‌رامه‌ی خه‌ڵک بكات، با هه‌موومان پابه‌ند بین پێوه‌ی غه‌رامه‌ سفر ده‌بێت واته‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ی ئه‌وه‌ی دامه‌زراندووه‌ زه‌ره‌ر ده‌كات بۆیه‌ وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن ئه‌وه‌ بۆچوونی خۆمه،‌ به‌ڵام كه‌ پرۆژه‌كه‌ هات به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌یخه‌ینه‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ تاوتوێی ده‌كه‌ین و له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌شێوازێكی دیموكراسیانه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌ده‌ین، وه‌ جارێ له‌هه‌ولێریش ئه‌و پرۆژه‌یه‌ دانه‌نراوه‌. "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکە لەگەڵ د. عەلی ڕەشید