سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک: من تێبینییەکم هەیە لەسەر دانانی کامێرای هاتوچۆی جێگیر

فه‌هیم عه‌بدوڵا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆک

فەهیم عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت" تێبینیەکم هەیە لەسەر دانانی کامێرای جێگیر ( پۆینت تو پۆینت)، من پێم باشە حکومەت لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سەرپەرشتی دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت بگرێتە ئەستۆی خۆی لە هەرێمی کوردستان، ڕەنگە ئەوکات لەسەر هاوڵاتی ئەهوەنتر بێت وە هاوڵاتیش باشتر پێشوازی لەم سیستمە بکات، چونکە خەڵکی ئێمە هەر ئیشێک بە کۆمپانیا بدرێت و بکرێت پێی ئیستفزاز دەبێت، دەشڵێت" ئێستا لە دهۆک لە سەنتەری بازاڕی شارەکە تێستی ئەوە دەکرێت کارەبای نیشتمانی بکرێتە کارت تا کارەبا ببێتە بیست و چوار کاتژمێر هەروەها مۆلیدە نەمێنێت، لەبەرئەوەی ئەوکارە حکومەت خۆی ئەنجامی دەدا ئەو کارە خەڵک زۆر بەباشی پێشوازی لێدەکەن. "


" لەگەڵ ئەوەشدا من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم ئیستغلالی هاوڵاتی بکرێت "

لەسەرەتای قسەکانیدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک سەبارەت بەدانانی کامێرای چاودێری جێگیر لە شەقامەکاندا(پۆینت تو پۆینت) وتی" تا ئێستا ئەو سیستمە لە دهۆک کاری پێنەکراوە، بۆیە نازانم باشی و خراپییەکانی چین، بەڵام ئەوەی من لێی دڵنیام ئەوەیە کە قوربانییەکانی هاتوچۆ لەسەرتاسەری کوردستان تا دێت لە زیاد بووندان، من لەگەڵ دانانی سنورێکم بۆ ئەو تیژڕەوییەی کە بۆتە هۆی کەوتنەوەی چەندەها قوربانی لەسەرتاسەری کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەشدا من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم ئیستغلالی هاوڵاتی بکرێت یاخود ئەم مەسەلەیە بکرێتە بابەتێکی فشار لەسەر حسابی گیرفانی خەڵک، بەڵام دەبێت هەمووان پابەندی یاساکانی هاتوچۆ بین. "


" تێبینییەکم لەسەر کامێرای پۆینت تو پۆینت هەیە"

فەهیم عەبدوڵا (سەرۆکی ئەنجومەنی پاڕێزگای دهۆک) وتیشی" ئێمە جارێ هیچ هەڵوێستێک وەرناگرین، وە بە باشیشی نازانم جارێ هەڵوێست وەربگرین و قسە بکەین لەسەر ئەو کامێرایانە، بەڵام ئەگەر لە خزمەت پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە ئێمە بەهەموو شێوەیەک پشتگیری دەکەین، بەڵام تێبینییەکم هەیە لەسەر ئەو بابەتە، خەڵکی ئێمە هەر ئیشێک بە کۆمپانیا بدرێت پێی ئیستفزاز دەبێت، لەبەر ئەوە پێمباشە حکومەت بۆخۆی هەستێت بەدانانی ئەو سیستمە، من نازانم بەڵام هەموو دنیاش سیستمی هاتوچۆی خۆی هەیە و لە ژێر چاودێری حکومەتدایە، من پێم باشە حکومەت لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سەرپەرشتی ئەو کارە( دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت) بگرێتە ئەستۆی خۆی، ڕەنگە ئەوکات لەسەر هاوڵاتی ئەهوەنتر بێت وە هاوڵاتیش باشتر پێشوازی لەم سیستمە بکات، هەرچەندە ناڵێم هەموو کۆمپانیاکان کۆمپانیا هەیە کارەکانی بەباشی ناکات، بەڵام کۆمپانیای زۆرباش هەیە و توانای زۆرباشییان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک بۆیە بە کۆمپانیای تایبەت ئیستفزاز دەبێت چونکە وادەزاێت قازانجەکە دەچێتە حسابی ئەو کۆمپانیایەوە. "

" لە سەنتەری بازاڕی دهۆکەوە تێست دەکرێت بۆ ئەوەی کارەبای نیشتمانی ببێتە بیست و چوار کاتژمێر، مۆلیدە نەمێنێت "

فەهیم عەبدوڵا ئەوەشی وت" بۆ نمونە ئێستا لە پارێزگای دهۆک پڕۆسەیەک هەیە کە لێرەوە دەست پێدەکرێت، ئەویش ئەوەیە کارەبای نیشتمانی بکرێتە کارت، بە بۆچونی من ئەگەر حکومەت بۆ خۆی لە ڕێگای وەزارەتی کارەباوە ئەوە بکات و ڕاستەوخۆ دەستی کۆمپانیاکانی تێدا نەبێت خەڵک زۆر بە باشی پێشوازی لێدەکات و بۆ حکومەتیش زۆر زۆر باشترە، ئەم سیستمە لە سەنتەری بازاڕی دهۆکەوە تێست دەکرێت بۆ ئەوەی کارەبای نیشتمانی ببێتە بیست و چوار کاتژمێر، بۆیە ئەو دوکەڵ و دەنگە دەنگەی مۆلیدەکان ڕەنگە نەمێنێت، دووەم حکومەتیش پارەی کارەبا وەردەگرێت، هاوڵاتیش خۆی خەون بەو ڕۆژەوە دەبینێت کە کارەباکەی ببێتە بیست و چوار کاتژمێر، ئامانجەکەش هەر بۆ کارەبای بیست و چوار کاتژمێرییە تا مۆلیدەش نەمێنێت، ئێستا ئەم پڕۆژەیە حکومەت خۆی جێبەجێی دەکات. "

جێی باسە هەفتەی ڕابردوتر دانانی کامێرای هاتوچۆی جێگیر ناسراو بە سیستمی پۆینت تو پۆینت لە سلێمانی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا، بە جۆرێک جگە لە چەند پەرلەمانتارێک، لە هەمانکاتدائەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە بڕیار ڕەتیکردەوە ئەو جۆرە کامێرایە لە سنوری پارێزگاکە دابنرێت، ئەگەرچی بەوتەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تا ئێستاش دانانی ئەو کامێرایانە نەوەستاون، دوێنێ-ش د. عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو " سیسته‌می پۆینت تو پۆینت پێویسته‌ له‌هه‌موو كوردستان دابنرێت ."

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی فەهیم عەبدوڵا