بیست و یەک ساڵ لەمەوبەر، یان با بڵێن لە سەرەتاکانی ئەم سەدەی 21ەدا هێرشە تێرۆرکارییەکانی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە کرانە سەر ئەمەریکا.
ئەم هێرشانە نەک هەر مێژووی گۆڕی و جیهانی پێش و پاشی یازدەی سێپتێمبەری ساڵی 2001ی هێنایە ئاراوە، بەڵکو جارێکی تریش زۆربەی خەڵکی لەم جیهانەدا خستە بەردەم پێداچوونەوە بە دوو شەڕە جیهانییەکەی سەدەی پێشتر و هەروەهاش ئەو شەڕانەش کە جیهانی پێوە گیرۆدەبوو.
لە یازدەی سێپتێمبەردا جیهان کەوتە بەردەم وێناکردنێکی نوێوە، لە ڕوانگەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی جیهانییەوە و هەروەهاش لە سۆنگەی بەربەرەکانییەکی نوێ و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم لەڕێی بەکارهێنانی تەواوی تواناییەکان بۆ لەناوبردنی تێرۆریزم و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئایدیۆلۆژیای ڕق و کینە.
تواناییەکان، هەر تەنها لە بەکارهێنانی ئامڕاز و میکانیزمی لەشکریدا کورت نەکرانەوە، بەڵکو ڕێگەی تریش بەکارهێنراون بۆ ڕەواندنەوە یان هەر هیچ نەبێت کاڵکردنەوەی ئەو زەمینانەی تێرۆریزم دەبێتە مشەخۆر بەسەریانەوە، وەک برەودان بە پرەنسیپە دیموکراتییەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و باشکردنی ڕەوشی ئابوری و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و بێکاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری گشتی و پەرەپێدانی خوێندن و خوێندەواری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەندان بابەتی تریش .
ئەم هەوڵانە بێ گرفت و ئاڵنگاری نەبوون؛ لەوانەیە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم نەبوونی پێناسەیەکی هاوبەشی جیهانیانە بێت بۆ ئەم دیاردەیە، خۆ ئەگەر لە نێوان دوو یان سێ وڵاتدا پێناسەیەکی هاوبەشیش هەبووبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە چۆنیەتی سەروسەوداکردنیان لەگەڵ دۆسێی لەناوبردنی تێرۆریزمدا جیاواز بووە و ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی وەک شیکەرەوە دەڵێن هەندێک وڵات هەن بەکارهێنانی میتۆدە جیاوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم دەکەنە پێناسەیەکی شاراوەی خۆیان بۆ ئەم دیاردەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵیداوە تا لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا پێناسەیەکی هاوبەش بۆ ئەم دیاردە ترسناکە بدۆزێتەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت نەتوانراوە هاوڕاییەک هەبێت لەسەر ئەو پێناسەیە.
سیستەمە یاساییەکانی وڵاتان و دامەزراوە حکومەتییەکان پێناسەی جیاوازیان هەیە بۆ تێرۆریزم و هەر یەکێکیش لەو پێناسانە وەک لە زۆر سەرچاوەدا ئاماژەی پێکراوە، کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی سیاسییەوە.
دکتۆر عەبدوڵا هنداوی، پسپۆڕی کاروباری تێرۆریزم لە زانکۆی جۆرج مەیسن لە ئەمەریکا دەڵێت لەگەڵ ئەوەدا نییە پێناسەیەکی هاوبەش هەبێت بۆ تێرۆریزم.
دکتۆر هنداوی دەڵێت " تێرۆر دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، هەربۆیە ناکرێت بکەوێتە ژێر باری یەک جۆر تێگەیشتن و وێناکردنەوە. هەر بارێکی تێرۆر جیاوازە لەوی تریان لە ڕووی هۆکارەکانی و پاڵنەرەکانیشییەوە. پێویستە چارەسەرکردنەکان و هەڵسەنگاندنەکان و تەنانەت پێناسەکەیشی لەسەر بنچینەی ئەو بارودۆخە تایبەتە بێت کە تیایدایە، چونکە هەرگیز دوو دیاردەی تێرۆر نابینیت لە شوێنەکانی جیهاندا لێکچوو بن."
ئەم ڕایەی دکتۆر هنداوی لە کاتێکدایە بەشێکی تری لێکۆڵەر لەوبڕوایەدان تێرۆریزم دیاردەیەکی جیهانییە و ناکرێت ئەم دیاردەیە بەپێی هەلومەرجە جیاوازەکان دابەش بکرێت لەو ڕوانگەیەوەی تێرۆر لە هەر شوێنێک بێت ئامانجەکەی یەک ئامانجە و نابێت بە دوو، ئەویش چاندنی ترس و تۆقاندن و بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەیە لە جیهاندا.
شوان حەمە، نوسەر و لێکۆڵەر لەوبڕوایەدایە کاتێک باس لە پێناسەی تێرۆریزم دەکرێت ئەوا پێویست بە جیاکارییەک هەیە لەو ڕوانگەیەوەی لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا دوو پێوەر هەن، وەک دەڵێت " پێوەری یەکەم ناجێگیرە و ئەگەری پێداچوونەوە و گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە. ئەم پێوەرە گرێدراوی بەرژوەندی ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتییە، نموونەی کەسایەتی مێژوویی نێڵسن ماندێلا، کە تا ساڵی 2008یش لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادا بوو، یاسر عەرەفات، سەرکردەی پێشووی فەلەستینییەکان، ڕێکخراوی فارکی کۆلۆمبی و هەروەها لە ئێستادا پارتی کرێکارانی کوردستان، دەکەونە پێوەری یەکەمەوە. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە کەسایەتی و ڕێکخراوانەی ناومهێنان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هاوڕایی زۆری لەسەر نییە."
پێوەری دووهەمیشیان وەک شوان حەمە دەڵێت پەیوەندی بە تێرۆریزمی جیهانییەوە هەیە و دەڵێت " لە بنەوە زیان بە ستراکچەرەکانی سیستمی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت! نموونەی ڕێکخراوی القاعیدە و داعش. "
بەڕێز حەمە یەکێک لە گرفتە گەورەکان لە ئەندازە و لە ڕێبازەکانی وڵاتاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم دەبینێت وەک دەڵێت
" ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری بۆ کراوە، بەڵام هەموو وڵاتانی جیهان پابەندی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە نەبوون. کەم نین ئەو ڕاپۆرتانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە داڵدەدانی سەرکردەکانی ئەلقاعیدە تۆمەتبار کردووە. چەندین ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیو بەڵگەی دۆکیۆمێنتکراو هەن، دەیسەلمێنن کە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی تورکیا هاوکاری ڕێکخراوی تێرۆریستی داعشیان کردووە. ئەمەش هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرزمی جیهانی لاواز دەکات."
21 ساڵ بەسەر هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سێپتێمبەردا تێدەپەڕێت، هێشتاش تارماییەکان و ڕەهەندە کارەساتاویەکانی ئەو هێرشە لە هزری خەڵکدا ئامادەیی هەیە.
ڤانە حەمە، ڕۆژنامەوانە و لەوبڕوایەدایە باسکردن لە ڕووداوەکانی یازدەی سێپتێمبەر نابێت نە توشی شۆکمان بکات، نە بە واقوڕمانیشەوە لێی بڕوانین، جا ڕووداوەکە چەندەش تۆقێنەر بێت.
ڤانە دەڵێت "وەک ڕۆژنامەنوسێک ، وەک نەوەیەکی نوێ، وەک هاووڵاتیەک کە دەبینم هەموو ڕۆژێک ئەکرێ لە کردەیەکی تیرۆرستی وەک 11ی سێپتێمبەر تیرۆربکرێم بەتایبەتیش کە دەبینم هەزاران بنکە و مۆڵگەی تیرۆیستی هەیە، ڕووداوی 11ی سێپتێمبەر تەنها یەکێکە لە دەنکەکانی تەزبیحی تیرۆر کە ڕەنگە تەنها ژمارەی قوربانیەکانی یەکێکیان زیاتربێت لە کردەیەکی دیکەیان."
ڤانە حەمە، ئاماژەش بەوە دەکات ناکرێت وەها لە ڕووداوەکانی یازدەی سێپتێمبەر بڕوانین کە تێپەڕیون لەکاتێکدا دەشێت هەزاران کردەی دیکەی لەوجۆرە ڕووبدەن چونکە هێشتاش ژینگەی بۆ گونجاوە و دەڵێت "نەوەی نوێ زۆر زیاتر دەبێ بترسێ، چونکە لەگەڵ پێشکەوتن و بەدەستهێنانی دەیان چەکی پێشکەوتوو و ململانێی وڵاتە زلهێزەکانی دنیا و بەکارهێنان و دروستکردنی گروپە تیرۆریستیەکان بۆ سەپاندن و هەژموونی دەسەڵاتی خۆیان، لەبەردەم ئەگەری ئەوەداین کە هەموو ڕۆژێک، نەک بە یەک 11ی سێپتێمبەر، بەڵکو بە چەندان ڕووداوی تری لەوجۆرە ڕابچڵەکێین."
یەکێک لە نیگەرانییەکانی تر لە پاش هێرشەکانی یازدەی سێپتێمبەر، هاتۆتە ئاراوە پەیوەندی هەیە بە ئازادییەکانی تاکە کەسەوە.
زۆربەی وڵاتان وەک بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم، یاسا و ڕێسای تایبەتیان داناوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیکردنی تێرۆریزم؛ بەڵام چالاکوانانی مافە سیڤیلییەکان لەوەتای ئەو یاسایانە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرزەنشتی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان دەکەن و گازەندەشیان هەبووە لەسەر سنوردارکردنی ئازادییەکانی تاکە کەس.
زۆرێک لە ڕژێمەکان ئەو یاسایانەیان بەکارهێناوە بۆ کۆتوبەند کردنی نەیارەکانیان و هەروەهاش بۆ قڕوقەپ پێکردنی دەنگە ڕەخنە ئامێزەکان.
دکتۆر عەبدوڵا هنداوی دەڵێت ئەو هێرشانەی ڕژێمەکان دەیکەن بۆسەر ئازادییەکانی تاکە کەس بەتایبەتیش لە سەروەختی قەیرانەکاندا جا ئەو هێرشانە ڕەواییان هەبێت یان نەبێت، هەمیشە جێی مشتومڕێکی گەورەن و دەشڵێت "دەزگا ئاسایشییەکان زۆربەی جار دۆسێی تێرۆریزم وەک بیانویەک بەکاردەهێنن بۆ پێشێلکردنی ئازادییەکانی هەروەها ئازادییەکانی تاکە کەسیش؛ هەرچۆنێک بێت ئەگەر وانەیەک لە مێژوو و لە ئەزموونەکانیشەوە فێربین، بریتییە لەوەی بەکارهێنانی هەر ڕێوشوێنێک لە دەرەوەی ڕێکارە یاساییەکان کە ببنە مایەی پێشێلکردنی سەروەریی یاسا و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان، نابنە هۆکارێک بۆ تۆکمەکردنی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێشێلکردنی ئازادییەکان لەلایەن ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ ڕەواییدان بە هێرشەکانیان."
لە سەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆرج دەبلیو بوشدا، کاتێک یاسای " پاتریۆت ئاکت" پێشنیاز کرا و دواتریش پەسەند کرا، ناڕەزاییەکی زۆری یاساناسان و چالاکوانانیشی بەدوای خۆیدا هێنا و پاش مشتومڕێکی زۆری نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا، پاش چەندان گۆڕانکاری لە بەندەکانیدا ئەوجا یاساکە پەسەند کرا.
لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵە جیهانیانەی دەدرێن بۆ لەناوبردنی تێرۆریزم، بەڵام بەردەوام ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان فۆرمی خۆیان دەگۆڕن، بەو مانایەی بەپێی هەلومەرجەکان ئەو ڕێکخراوانە لە فۆرمی نوێدا دەردەکەون.
ئایا دەکرێت ئەم دیاردەیە وەک کەموکوڕییەک لێی بڕوانرێت لە هەوڵە جیهانییەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم؟
شوان حەمە دەڵێت "11ی سێپتێمبەر شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆری لە لۆکاڵ و ڕووداوی دابڕاوەوە گۆڕی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی جیهانی دژی تێرۆر. ڕاستە هێرشەکانی11ی سێپتێمبەر ئاڕاستەی کۆمەڵگای سڤیلی جیهانی کرا، بەڵام بە پلەی یەکەم بۆ ئازاردان و لێدانی ئەمەریکاییەکان بوو، هەر لەبەر ئەو هۆیە، دوای هێرشەکان، حکومەتی ئەمەریکا سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی خۆی گۆڕی، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی بەستەوە بە پێكهێنانی هاوپەیمانی لەسەر ئاستی جیهان، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆر بە بڕوای من پرسەکە زیاتر پەیوەندی بە ململانێی دوو بەرەی دژ بەیەکەوە هەیە، بەرەی تیرۆر و بەرەی دژی تیرۆر. هەردوو بەرەکە بە پێی هەلومەرجە نوێکان، بەردەوام لە پێداچوونەوە و خۆڕێکخستنەوەی خۆیاندان. هەندێک جار ئاڕاستەی ڕووداوەکان دەریدەخەن ئایا هەنگاوەکانی پێشتر کەموکوڕیان تێدا بووە، یان هەنگاوی ڕاست و درووست بوون."
لەم 21 ساڵەی ڕابردوودا، دەیان سەرکردەی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی ئەلقاعیدە کوژراون و دواترینیشیان ئەیمەن ئەلزەواهیری بوو.
شوان حەمە لەوبڕوایەدایە "کوژرانی کەسی یەکەم و سەرکردە دیارەکانی تیرۆرستان، کاریگەری خراپ لەسەر ئاستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان دادەنێت، بەڵام کاریگەری بنەڕەتی نابێت. ڕەوتی ڕووداوەکان لە یازدەی سێپتێمبەرەوە تا ئێستا، ڕاستییەکی نوێی سەلماندووە و بریتییە لە دروستبوونی چەندین ڕێکخراوی نوێ و جیاواز، هەمانکات بوونی ناهاوڕایی و دابەشبوون، لە نێوان ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا، ڕەنگە یەکێک بێت لەو هۆکارانەی، هەلومەرج و شێوازی ڕووبەڕوونەوەیان بگۆڕێت، هەربۆیە نازانرێت لە ئایندەدا چ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ترو و بە چ شێوازێکی کارکردن دروست دەبێت."
کوژارنی زۆرێک لە ڕێبەرانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا بووە نەک لە بەرەکانی جەنگ، وەک ئەبو موسعەب ئەلزەرقاوی، ئوسامە بن لادن، ئەیمەن ئەلزەواهیری و ئەبوبەکر ئەلبەغدادی و چەندانی تریش؛ ئایا ئەمە چەندێک کاریگەری دەبێت بەسەر ئەو گەنجانەی کە دەیانەوێت پەیوەندی بکەن بە تێرۆریستانەوە و دەنێردرێن بۆ شەڕ یان بۆ هێرشی خۆکوژی؟
شوان لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت "لەو پرسانەی کە تا ئێستا وەک خۆیان ماونەتەوە، بوونی لەشکرێکە لە گەنجی بێکارو خۆ بە بێبەشکراو زانە، لەو وڵاتانەی زۆرینەی دانیشتوانەکانی موسڵمانن، بە بڕوای من تا دۆخی ئابووری و پەروەردەیی و دادپەروەری لەو وڵاتانە، بەروە باشتر نەگۆڕێت، ئەوا بەکارهێنانی گەنجان وەک سوتەمەنی جەنگی ئایدیۆلۆژیای ئاینیی بەردەوام دەبێت."
ڤانە حەمە، ڕۆژنامەوان، گەشبین نییە و جەختیش دەکاتەوە لەوەی پێویست بە چەندان توێژینەوە دەکات کاتێک باس دێتە سەر دۆسێی گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک دەڵێت "ئاخر پرسەکە پەیوەندیدارە بەچەندین لایەنی جیاوازەوە، ئێمە باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین کە ناوەندی ململانێی وڵاتە پێشکەوتوو هەژموندارەکانە؛ ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵگەکانی ئەم وڵاتانە لەم سەردەمەشدا لەگەڵ ئەو کرانەوە و پێشکەوتنە زانستیانەی هەن، هێشتا کەسایەتیە ئاینییەکان دەتوانن بەرزترین پێگەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیش داگیر بکەن. نەوەی نوێش لەگەڵ ئەو هەموو ئامێر و کەرەستە و ئامڕازە پێشکەوتوانەی بەردەستی هێشتا ئامادەیی تیادایە لە بەرامبەر کێشانی کاریکاتێرێک، یان نوسینی دێڕیک لەسەر کەسایەتیە ئاینییەکان شەقام بهەژێنێت وداوای خوێن ڕشتنیش بکات."
ڤانە لەوبڕوایەدایە تا ئێستاش گەنجان لە کۆمەڵگە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک دەڵێت "نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی چاوەڕوانیان لێبکەین کە بتوانن ببنە خاوەنی ئایدۆلۆژیایەک تاوەکو ڕوبەڕووی تیرۆر ببنەوە."
ڤانە بەڵگەی خۆی دەخاتە ڕوو لەسەر ئەو ڕوانینەی "درک کردن بەمە کارێکی زۆر سانایە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامڕازیکی زۆر باشن بۆ وردبونەوە و خوێندنەوەی بیرکردنەوەی تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نمونەیەکی وەک هەوڵی تیرۆرکردنی سەلمان ڕوشدی کە هەزاران فکر تیرۆری نوستویی هێنایە دەنگ بەڵگەی بەهێزە بۆ ئەوەی بڵێین ئەم نەوەیە زۆرینەی پاڵپشتی فکری تیرۆرە نەک دژی بێت، ئەو هەموو دەستخۆشی و پاڵپشتیەی کە بۆ تیرۆر هەیە بە جۆرێک ترسناکە، نەک هەر ئێمەی تاکی ڕۆژهەڵاتی دەبێت لێی بترسین بەڵکو دەبێت هەموو جیهانیش هەست بەو مەترسییە بکات."
ڤانە حەمە، ڕۆژنامەوان ئاماژەش بەوە دەکات، دەشێت هزری ئازاد وەک بەشێک لە چارەسەرکردن لێی بڕوانرێت و دەڵێت " لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێمە بە نەوەی نوێشەوە کێشەمان نەبوونی فکری ئازاد و تاکی سەربەخۆیە، لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست زۆر ئاسان دەتوانیت کۆمەڵ بدۆزیتەوە، بەڵام زۆر سەختە تا چەند تاکێکی سەربەخۆ و ئازاد بدۆزیتەوە، نەبوونی هزری کراوە و هەروەها چەقبەستویی و شوێنکەوتنی بەکۆمەڵ، ئەوا تاکێکی بێ ڕەخنە وبێ پرسیار دەخوڵقینێت، ئەمەش بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم نەوەی نوێ بۆ بوون بە خاوەنی ئایدۆلۆژیایەک کە دژی تیرۆر بوەستێتەوە."
تۆڕە تێرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعیدە، داعش، شەباب، بۆکۆ حەرام، جەماعە ئیسلامییە، نەهزە، حەماس و چەندانی تریش، بەردەوام سود لە بۆشاییەکانی نێوان دەسەڵات و خەڵک دەبینن بە گەنج و پیر و ژن و پیاو و منداڵیشەوە و تا ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە، لێرەدا وەک شارەزا دەڵێن پێویستە حکومەتەکان بەرنامە و پڕۆژەی هاوچەرخانەیان هەبێت تا ڕێگە لە چەواشەکردنی خەڵک بگیرێت و دەرفەتەکانی بوژاندنەوە و گەشەکردنی ئابوری فەراهەم بکرێت و ڕێز لە مافەکان بگرێت و سەروەری یاسا بپارێزرێت و هەست و گیانی بەرپرسیارێتی بە هاووڵاتیان ببەخشێت، تا ڕێگە لە ڕوودانەوەی یازدەی سێپتێمبەرێکی تر و هێرشە تێرۆریستییەکانی تریش بگیرێت.