جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار و بارودۆخی سلێمانی کردووەتە یەک پاکێج، دەبێت لەسەر کۆی کێشەکان گفتووگۆ لەگەڵ پارتی بکرێت، نەک تەنها پۆستی سەرۆک کۆمار.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی دۆخی عێراق، دەڵێت"هێشتا ڕوون نییە، بارودۆخی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت کێشەکان بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن."
بەرپرسەکەی یەکێتی ڕوونیکردەوە، پێشبینیکردن بۆ دۆخی عێراق ئاسان نییە، چونکە هێشتا ڕەوتی سەدر گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە شیعەکان ڕەتدەکاتەوە.
بە بڕوای کەریم شکور، گەر حکومەت لە عێراق پێکنەهێندرێت، دۆخەکە بەرەو پشێوی دەڕوات، گوتی"حکومەت کەی پێکدەهێنرێت و چۆن پێکدەهێنرێت، لەسەر کات وەستاوە، ئەگینا هەر دەبێت حکومەت پێکبێت."
دەربارەی دوایین زانیاری لە بارەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کەریم شکور دەڵێت"ئێمە پرۆژەیەکی کاملمان هەیە، نەک تەنها لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار، شتی تر هەیە، دەبێت لەگەڵ پارتی بە یەک پاکێج لەسەری ڕێکبکەوین، مەسەلەکە تەنها سەرۆک کۆمار نییە."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق، لە بارەی ئەو بابەتانەی حیزبەکەی گرێیداوە بە پرسی سەرۆک کۆمارەوە تا لەگەڵ پارتی گفتووگۆی لەسەر بکەن، گوتی"ئێمە و پارتی شەریکین لە دەسەڵات دا، ئەوە وەزعی سلێمانیە هەموومان دەیبینین، ئەمە یەکێکە لە مەسەلەکان، پێمانوایە دەبێت بە یەک پاکێج لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و کێشەکان گفتووگۆ بکرێ."
Your browser doesn’t support HTML5