ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، یەکێک لەو کارتانەی ڕەنگە سەدر دوای چلەی ئیمام حسێن بەکاری بهێنێت، ئەنجامدانی خۆپیشاندانە لە ڕێگەی تشرینیەکانەوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە عێراق لەم قەیرانە دەربازی نابێت، گەر لایەنەکان تەنازول بۆ یەکتری نەکەن.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەمین بەکر ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق، دەڵێت"تەنها چارەسەر بۆ دۆخی عێراق، دانوستان و ڕێککەوتنە، دەبێت لایەنە شیعەکان تەنازول بۆ یەکتری بکەن، نەک ئیرادەی خۆیان بەسەر یەکتریدا فەرز بکەن."
ئەمین بەکر پێیوایە، ئەگەری شەڕ و پێکدادان لە عێراق لاواز بووە، دەڵێت"ڕەنگە سەدرییەکان بەناوی تشرینیەکانەوە خۆپیشاندان بکەن و خەڵک بهێننە سەر جادە، تا بەرپرسیارێتی نەکەوێتە سەریان."
سەبارەت بە هۆکاری کێشانەوەی لایەنگرانی لە ناوچەی سەوز لەلایەن سەدرەوە، ئەمین بەکری ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق دەڵێت"سەدر تێگەیشت لەوەی خەریکە دۆخەکە دەگاتە شەڕ و بەریەککەوتن، هەردوولا هێزیان ئامادە کردبوو، ئەمە هۆکارێکی کشانەوەی بوو، هەروەها پشت تێکردنی لەلایەن کازم حائیری مەرجەعی سەدری یەکانەوە کاریگەری هەبوو لەسەر هەڵوێستەکانی سەدر، لە ڕێگەی ئاگادار کردنەوەیەوە، فشاری تریش هەبوو لەسەری."
ئەمین بەکر، گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر بۆ نێو پەرلەمانی عێراق بە دوور دەزانێت، بەو پێ یەی پەرلەمانتاری تر سوێندنی یاساییان خواردووە لە جێگەیان، گوتی"سەدر خۆی قسەی لەسەر کێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی کردووە، کاتی دەوێت، تا پێچەوانەوەی قسەکانی جوڵە بکات."
هەرچەندە بەهۆی چلەی ئیمام حسێنەوە، دۆخی عێراق تا ڕادەیەک هێور بووەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی مەراسیمی شیعەکان، گەڕێکی تری ململانێ لە نێوان ڕەوتی سەدر و لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەرهەڵبداتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5