د.ئیسماعیل نامیق: یەک ڕێگای تر هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق

IRAQ-POLITICS-PARLIAMENT-DEMO

دادگای فیدراڵی عێراق ڕۆژی چوارشەممە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراقی ڕەتکردەوە، د. ئیسماعیل نامیق پسپۆڕی بواری یاسا، مامۆستا لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی دەڵێت" به‌ڕای من دادگای فیدراڵی ده‌یتوانی وه‌ک چۆن بۆ دوباره‌ کردنەوەی دەرگا بۆخۆكاندید كردنی سه‌رۆكی كۆمار وتی "یه‌كجاری تر ده‌توانرێت بكرێته‌وه،‌ ده‌یتوانی له‌م حاڵه‌ته‌شدا چاره‌سه‌رێكی وای بخستایه‌ته‌ ڕوو، بۆ په‌رله‌مان سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دابنێت بیوتایه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر هه‌تا ئه‌و ماوه‌یه‌ نه‌توانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت و نه‌توانێت سه‌رۆكی كۆمار هه‌ڵبژێرێت ئه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌بێت په‌نا ببرێته‌به‌ر هه‌ڵبژاردنێكی تر و په‌رله‌مان ده‌بێت خۆی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه. " دەربارەی تانەدانیش لە قبوڵکردنی دەسلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر کە وا بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە دادگا دانیشتنی تایبەت ئەنجامبدات، د. ئیسماعیل نامیق دەڵێت‌" ئه‌گه‌ر دادگا (صرف قانونی) بڕیار بدات و نه‌كه‌وێته ‌ژێر فشاری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ‌ پێشبینی دەکەم، پێموایه‌ ده‌بێت بڕیاره‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه‌ بێت كه‌ په‌رله‌مانتارانی ڕه‌وتی سه‌در بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان، چونكه‌ ڕێوشوێنه‌كانی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ته‌واو نییه،‌ به‌ڵكو پێویسته‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مان. "

" دوو ده‌سه‌ڵاتیان به‌نزیكه‌یی ئیفلیج بوون.... "

لە سەرەتای قسەکانیدا، د. ئیسماعیل نامیق سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" دۆخی عێراق هه‌تا بوترێت ئاڵۆزه،‌ چونكه‌ ئه‌و سێ ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی داده‌وه‌ری له‌ عێراقدا دوو ده‌سه‌ڵاتیان به‌نزیكه‌یی ئیفلیج بوون ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ره‌، حكومه‌ته‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ له‌ناوخۆدا یه‌كگرتوو نییه‌ و له‌پێكهاته‌ و شتی جیاواز دروستبووه‌ واته‌ هه‌ر به‌شێوه‌ وه‌كو حكومه‌ت ماوه‌ته‌وه‌ و ناتوانرێت به‌ڕاستگۆیی پێی بوترێت حكومه‌ت، په‌رله‌مانیش ناتوانێت كۆبێته‌وه‌ و كاره‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات ئه‌وه‌ی مابوویه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بوو كه‌ به‌ڕای من ده‌كرا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وردتر بیری له‌م بابه‌ته‌ بكردایه‌ته‌وه‌ و جوانتر بابه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵبسه‌نگاندایه‌ به‌ڕاستی خۆی به‌دوور گرتووه‌ دیاره‌ قورسایی به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆخه‌ نه‌یتوانیووه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی، ڕه‌نگه‌ له‌وه‌ ترسابێت. "


" دەیتوانی بڕیارەکەی بەشێوازێکی تر بڕیارەکە بدات "

بە بڕوای ئەو پسپۆڕە یاساییە دادگای فیدراڵی عێراق دەیتوانی سەبارەت بە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بڕیارەکەی بەشێوازێکی تر بدات، لەو ڕووەوە د. ئیسماعیل نامیق دەڵێت" دادگای باڵای فیدڕاڵی ده‌یتوانی وردتر له‌دۆخه‌كه‌ بڕوانێت و بڕیاره‌كه‌ی به‌شێوازێكی تر بێت چونكه‌ بمانه‌وێت یان نه‌مانه‌وێت ئێستا عێراق له‌دۆخێكی زۆر ئاڵۆزدایه‌، وه‌ ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان، وه‌كو وتم توشی ئیفلیجی بوون، تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتێک كه‌ بتوانرێت په‌نای بۆ ببرێت دادگای باڵای فیدڕاڵیه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بدۆزێته‌وه‌ كێشه‌كه‌ی له‌خۆی دوورخستۆته‌وه،‌ من بڕیاره‌كه‌م خوێنده‌وه‌ 25-30 لاپه‌ڕه‌یه‌ بڕیاره‌كه‌ زیاتر له‌ 10 لاپه‌ڕه‌ی ته‌نها ناوی داواكاره‌ ئه‌م هه‌موو داواكاریه‌ی پێشكه‌شكراوه‌ كه‌ كێشه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ عێراقدا ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان بۆماوه‌ی 11 مانگه‌ ناتوانێت حكومه‌ت دروست بكات و ناتوانێت سه‌رۆكی كۆمار هه‌ڵبژێرێت. "


" بۆچوونی دەستوری عێراقی "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا له‌ پسپۆڕی دادگای فیدڕاڵیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ بدات كه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌؟
مامۆستاکەی کۆلێژی یاسای زانکۆی سلێمانی ڕونیکردەوە" له‌ده‌ستوردا ته‌نها ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ په‌رله‌مان خۆی ده‌توانێت خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌ویش بێگومان له‌سه‌ر داوای سه‌رۆک كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كه‌ ئێستا ئه‌وانیش ناتوانن ئه‌م داوایه‌ بكه‌ن چونكه‌ ئه‌م سه‌رۆک كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ هه‌ڵینه‌بژاردوون له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مانیش ناتوانن ئه‌م داوایه‌ بكه‌ن بۆیه‌ عێراق كه‌وتۆته‌ (حلقه‌یه‌كی موفره‌غه‌) وه‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه،‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی ده‌بینێت كه‌ عێراق له‌دۆخێكی زۆر زۆر ئاڵۆزدایه‌ كه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نه‌دا پێویست بوو چاره‌سه‌رێک پێشكه‌ش بكات به‌ په‌رله‌مان كه‌ چی بكات، به‌ڕای من ده‌یتوانی وه‌كو چۆن بۆ دوباره‌ خۆكاندید كردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی كۆمار وتی ده‌رگای خۆپاڵاوتن وتی یه‌كجاری تر ده‌توانرێت بكرێته‌وه‌ ده‌یتوانی له‌م حاڵه‌ته‌شدا چاره‌سه‌رێكی وای بخستایه‌ته‌ ڕوو بۆ په‌رله‌مان سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دابنێت بیوتایه‌ بۆنموونه‌ ئه‌گه‌ر هه‌تا ئه‌و ماوه‌یه‌ نه‌توانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت و نه‌توانێت سه‌رۆكی كۆمار هه‌ڵبژێرێت ئه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌بێت په‌نا ببرێته‌به‌ر هه‌ڵبژاردنێكی تر و په‌رله‌مان ده‌بێت خۆی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ واته‌ به‌بڕیارێک ده‌یتوانی وابكات ماوه‌یه‌كی دیاریبكردایه‌ ئه‌گه‌ر له‌وماوه‌یه‌ نه‌یتوانی پێویسته‌ په‌رله‌مان خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌رێک بوو، به‌ڵام ئێستا دادگای باڵای فیدڕاڵی خۆی دزیوه‌ته‌وه‌ له‌چاره‌سه‌ر هاتووه‌ كۆمه‌ڵێک وه‌سفی شتی كردووه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی من خوێندمه‌وه‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ بڕیاری دادگا نییه‌ به‌ڵكو وه‌كو كه‌سێكی یاسایی و چاودێرێک هاتووه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی دۆخه‌كه‌ی كردووه‌ و كۆمه‌ڵێک نموونه‌ و ئه‌وانه‌ی هێناوه‌ته‌وه‌ له‌باسی ئه‌وه‌ی چۆن په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وشێنێته‌وه‌ له‌سیسته‌مه‌ جیاوازه‌كاندا له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ ئیشی دادگا نییه‌ ئه‌مه‌ بكات دادگا ده‌بێت ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه،‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌م دادگایه‌ خۆی دزیوه‌ته‌وه‌ له‌بابه‌ته‌كه‌. "

" یەک ڕێگای تر ماوە....."

كه‌واته‌ چاره‌سه‌ر چیه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌؟

لە وەڵامدا د. ئیسماعیل نامیق دەڵێت" ڕێگایه‌كی تر ماوه‌ ئه‌وه‌یه‌ 1/3 ی په‌رله‌مانتاران خۆیان داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن له‌وحاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌م داواكاریه‌ كرا ئه‌وكاته‌ په‌رله‌مان ده‌توانێت خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها ده‌كرێت ئه‌وكاته‌ په‌رله‌مان خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ ته‌نها ئه‌مه‌ ماوه،‌ به‌ڵام ئایا 1/3 ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌توانرێت قه‌ناعه‌تیان پێبكرێت كه‌ ئه‌م داوایه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن؟ ئێستا په‌رله‌مانتاره‌كانی ڕه‌وتی سه‌در له‌په‌رله‌ماندا نه‌ماون ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌په‌رله‌ماندا بمانایه‌وه‌ له‌وانه‌بوو بیانتوانیایه‌ كوتله‌یه‌كی وادروست بكه‌ن 1/3 قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن و ئه‌م داوایه‌ بكه‌ن، بۆیه‌ قه‌ناعه‌تم وایه‌ له‌ 28 -9 جارێكی تر دادگا داده‌نیشێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئایا په‌رله‌مانتاره‌كانی ڕه‌وتی سه‌در بگه‌ڕێنه‌وه‌ یاخود نه‌گه‌ڕێنه‌وه؟ ‌بێگومان ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارانی ڕه‌وتی سه‌در بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ یه‌كێک له‌كاره‌ له‌پێشینه‌كانیان ئه‌وه‌ بێت كه‌ 1/3 ی په‌رله‌مانتاران كۆبكه‌نه‌وه‌ و داوای هه‌ڵوه‌شندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن. "

" پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بڕیاری دادگای فیدراڵی به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی سه‌در بگه‌ڕێنه‌وه‌ "

بە بڕوای د. ئیسماعیل نامیق دادگای فیدراڵی ناتوانێت بە تەواوی بەیاسایی بڕیار بدات، لەو ڕووەوە د. ئیسماعیل دەڵێت" ئه‌وه‌ی من تێبینیم كردووه‌ دادگا ناتوانێت یان نایه‌وێت به‌ (صرف قانونی) بڕیاربدات بۆیه‌ ته‌سه‌ور ده‌كه‌م ڕه‌چاوی دۆخی سیاسی عێراق و ئه‌و ئاڵۆزیه‌ بكات به‌ڕای من له‌ 28 ی مانگه‌وه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بڕیاری دادگای فیدراڵی به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی سه‌در بگه‌ڕێنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در پێویستبوو به‌ده‌نگی په‌رله‌مانتاره‌كانی تر بێت، واته‌ ده‌بووایه‌ بخرایه‌ته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ نه‌ک یه‌كسه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مان قبوڵی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان بكات. "

به‌ڵام وترا ئه‌وكاته‌ په‌رله‌مان له‌پشوودا بووه‌؟

لە وەڵامدا پسپۆڕە یاساییەکە(د. ئیسماعیل نامیق) وتی " په‌رله‌مان له‌پشووشدا بێت، ده‌بێت بهێڵدرێته‌وه‌ دوای پشوه‌كه‌ی كه‌ ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌دانیشتنه‌كان ئه‌وكاته‌ داواكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران ڕازی بوون له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌ستله‌كار بكێشنه‌وه،‌ چونكه‌ په‌رله‌مانتار ده‌نگه‌كه‌ی له‌هێزی خه‌ڵكه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ نه‌ک له‌سه‌ر ڕازی بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه،‌ چونكه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكی په‌رله‌مانتار نییه‌ ته‌نها دانیشتنه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات، واته‌ په‌رله‌مانتار به‌رپرس نییه‌ له‌به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا هه‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان قبوڵی ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی بكات یاخود نا بۆیه‌ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ قه‌ناعه‌تم وایه‌ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌كانی ڕه‌وتی سه‌در بدات. "


" ئه‌گه‌ر دادگا (صرف قانونی) بڕیار بدات...... "

ئه‌گه‌ر دادگا (صرف قانونی) بڕیاربدات، چ بڕیارێک دەدات سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی سه‌در؟

وەڵامەکەی د. ئیسماعیل نامیق بەمجۆرەبوو " من قه‌ناعه‌تم وایه‌ ئه‌گه‌ر دادگا (صرف) بڕیار بدات و نه‌كه‌وێته ‌ژێر فشاری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ پێشبینیم كرد پێموایه‌ ده‌بێت بڕیاره‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه‌ بێت كه‌ په‌رله‌مانتارانی ڕه‌وتی سه‌در بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان چونكه‌ ڕێوشوێنه‌كانی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یان له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ته‌واو نییه،‌ به‌ڵكو پێویسته‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ ڕازیبوون له‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ یاساییه‌، ئه‌گه‌ر ڕازینه‌بوون یاسایی نییه‌ واته‌ به‌ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ دانانرێن هه‌تائێستا. "

"پێشبینی دوای مەراسیمەکانی چلە... "

له‌ئێستادا بەهۆی مەراسیمەکانی چلەی ئیمام حوسینەوە، جۆرێک له‌ هێمنی هه‌یه‌ له ‌شه‌قامی عێراقی به‌وپێیه‌ی موقته‌دا سه‌در داوای له‌هه‌موو چه‌كداره‌كانی خۆی كرد كه‌ بكشێننه‌وه‌ ئه‌ركی پاراستنی ئه‌و مه‌راسیمه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی هێزه‌ ئه‌منیه‌ عێراقراقیه‌كان، به‌ڵام هه‌ندێک پێشبینی ده‌كه‌ن له‌دوای مه‌راسیمانه‌ دۆخی عێراق خراپ بێت پێشبینی تۆ چیه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌؟

بە بڕوای ئەو مامۆستایەی زانکۆ و چاودێرە ئەگەری هەیە دۆخەکە تێکبچێتەوە، لەو ڕووەوە د. ئیسماعیل نامیق دەڵێت " منیش قه‌ناعه‌تم وایه‌ پارته‌ شیعیه‌كان به‌ عه‌لمانی و دینیه‌كانیشیانه‌وه‌ هه‌ر پابه‌ندی ئه‌و ڕێوشوێنه‌ ئاینیانه‌ن و ڕێزیش له‌و ڕێوشوێنه‌ ئاینیانه‌ ده‌گرن، وه‌ ئه‌و بۆنه‌ ئاینیانه‌ بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی جۆرێک له ‌هێوربوونه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ شه‌قامی عێراقیدا منیش قه‌ناعه‌تم وایه‌ له ‌دوای ته‌واوبوونی ئه‌م ڕێوشوێنه‌ ئاینیانه‌ ئه‌گه‌ر دادگا كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی ره‌وتی سه‌در ره‌تبكاته‌وه‌ و بۆئه‌وه‌ی كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق ته‌سه‌ور ده‌كه‌م ئه‌وكاته‌ دۆخی عێراق به‌ته‌واوی ده‌شڵه‌ژێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دادگا له ‌به‌رژه‌وه‌ندی په‌رله‌مانتارانی ره‌وتی سه‌در بڕیاربدات و بگه‌ڕێننه‌وه‌ ناو په‌رله‌مان ئه‌وكاته‌ ته‌سه‌ور ده‌كه‌م جۆرێک له ‌هێوربوونه‌وه‌ یاخود ئه‌م هێوربوونه‌وه‌ی ئێستا هه‌یە زیاتر به‌رده‌وام ده‌بێت ڕه‌نگه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و یاشتر بڕوات وه‌كو وتم بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیاری دادگا له‌ 28-9 ئایا بڕیارده‌دات به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در یان بڕیار نادات ئه‌گه‌ر بڕیاربدات ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت دۆخی هێوربوونه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ له‌به‌رده‌م سه‌دردا یان ده‌بێت ڕێبكه‌وێت له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تردا بۆ دروستكردنی حكومه‌ت یان ئه‌و بژارده‌یه‌ی كه‌ پێشتر باسمكرد له‌م دوو بژارده‌یه‌ی زیاتر له‌به‌رده‌م حكومه‌تدا نامێنێت كاتێک كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو په‌رله‌مان چونكه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو په‌رله‌مان ئه‌وكاته‌ ناتوانێت له‌شه‌قامدا فشار بكات بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ش له‌ شه‌قامدا فشاریكرد له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌ماندا نه‌مابوو، به‌ڵام كاتێک كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان پێشبینی ئه‌وه‌ده‌كه‌م فشاری سه‌ر شه‌قام كه‌م ببێته‌وه‌ . "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی د. ئیسماعیل نامیق