جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە/حەمرینی هێزی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ئاڵۆزییەکانی بەغدا کاریگەریان هەبووە لەسەر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دژی چەکدارانی داعش، بۆیە جم و جۆڵی چەکدارانی سەربەو ڕێکخراوە لە هەندێک ناوچە زیادیکردووە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا محەمەد ڕۆستەم جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە/حەمرین ی هێزی پێشمەرگە، دەڵێت"ئەو ئاڵۆزییانەی لە بەغدا ڕوودەدەن، نەک تەنها لەسەر سلکی سەربازی، بەڵکو لەسەر تەواوی کایەکانی ژیان کاریگەریان هەبووە، بەڵام کاریگەریەکەی زیاتر لەسەر سلکی سەربازی هەبووە."
جەختیشیکردەوە"ئاڵۆزیەکان وایانکردووە، حکومەت و هێزە عێراقییەکان پێویستیان بە هێز هەبێت لە لەبەغدا، بۆیە هێزەکان زیاتر لەوێ بەکار دەهێنن، کەمتر بیر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دەکەنەوە لەو ناوچانەی جم و جۆڵی داعشیان تێدایە."
بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەکان، جم و جۆڵی چەکدارانی داعش لە هەندێک ناوچە زیادیکردووە، بۆیە سەرباری ئەنجام نەدانی ئۆپەراسیۆن، بەڵام چاودێری جم و جۆڵەکانیان دەکرێت.
لیوا محەمەد رۆستەم، وتی"لە دوای ئاڵۆزییەکانی چەند مانگی ڕابردووی شاری بەغداوە، تەنها یەکجار لەگەڵ سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان ئەنجامداوە، چاوەڕێی کاتی گونجاوین بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان."
بەپێی وتەی لیوا محەمەدی فەرماندەی پێشمەرگە، لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەشەوە ڕێگەیان پێدراوە، بێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆیان و لەکاتی پێویستدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، وتی"ئێمە وەزعی عێراق دەزانین، دەزانین ئاڵۆزیەکانی بەغدا کاریگەریان هەیە، بۆیە زۆر قورسایمان لەسەر سوپا دروست نەکردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن."
هێشتا ڕووبەرێکی فراوانی گوند و ناوچە، دەکەونە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، بە بۆشایی ئەمنی ناسراون و هیچ هێزێکیان تێدا نییە، بۆیە جم و جۆڵی فراوانی داعش زیاتر لەو ناوچانەیە و ناوبەناو پێشمەرگە و سوپا پێکەوە ئۆپەراسیۆنیان تێدا ئەنجام دەدەن.
Your browser doesn’t support HTML5