توێژینەوەیەکی نوێ کۆنترین بەڵگەی ناسراوی بڕینەوەی پەڵ دەخاتە ڕوو، توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات نزیکەی 31 هەزار ساڵ لەمەوبەر گەنجێکی گەورە پێی چەپی و بەشێک لە قاچی چەپی لە وڵاتی لەئیستادا بە ئەندۆنیسیا ناسراوە بڕاوەتەوە.
زانایان دەڵێن بڕینەوەکەی قاچ کاتێک ئەنجامدراوە کەسەکە منداڵ بووە، ئەو کەسە دواتر ساڵانێک بەو کەمئەندامیەوە بەردەوام بووە و ژیاوە. نەشتەرگەریە کۆنەکە ئەوە دەردەخات کە مرۆڤەکان زۆر زووتر لەوەی زاناکان بیریان لێکردۆتەوە نەشتەرگەری پزیشکیان ئەنجام داوە. دۆزینەوەکان لە توێژینەوەیەکدایە، کە لە گۆڤاری Nature دا بڵاوکراوەتەوە.
تیم مالۆنی لە زانکۆی گریفیت لە ئوسترالیا توێژەری سەرەکی توێژینەوەکەیە، مالۆنی وتی توێژەران خەریکی گەڕان بوون لە ئەشکەوتێکدا لە شاری بۆرنێۆ کە ناوچەیەکی دارستانی باراناوییە و بە هونەری بەردی کۆن ناسراوە، کاتێک تووشی جێناشتنی کەسەکە بوون.
مالۆنی ڕوونیکردەوە، هەرچەندە بەشێکی زۆری ئێسکەپەیکەرەکە مابووەوە، بەڵام پێی چەپی و بەشی خوارەوەی قاچی چەپی نەبوو. دوای پشکنینی پاشماوەکان، توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئێسکی پێیەکان لە ناشتنەکەدا ون نەبوون یان لە ڕووداوێکدا ون بوون. بەڵام ئێسکەکان بە ئاگایییەوە دەرهێنرابوون.
مالۆنی وتی ئێسکی قاچ کە ماوەتەوە بڕینێکی خاوێنی نیشانداوە چاک و سارێژ بوە. هیچ نیشانەیەکی تووشبوون بەهەوکردن و پیسبوونی برینی نیشان نەداوە، کە چاوەڕوان دەکرا ئەگەر منداڵەکە قاچی لەلایەن بوونەوەرێکی وەک تیمساحەوە قرتابێت. هەروەها هیچ نیشانەیەکی شکانی لەتکردن نەبوو، کە چاوەڕوان دەکرا ئەگەر قاچەکە لە ڕووداوێکدا شکابێت.
نووسەر دەڵێت، بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤە کۆنەکان ئەوەندە زانیارییان لەسەر پزیشکی هەبووە کە بتوانن نەشتەرگەری ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی خوێن تائاستی مردن لەدەست بدات و تووشی هەوکردن بێت. توێژەران نازانن چ جۆرە ئامێر و ئامرازێک بەکارهاتووە بۆ بڕینی ئەندامەکە، یان چۆن ڕێگری لە هەوکردن و پیسبونی برینەکە کراوە و پێچراوە. بەڵام، ئەوان پێیان وایە کە ڕەنگە بە ئامێرێکی بەردی تیژ بڕینەکەی پێئەنجامدرابێت، ئەگەریشی هەیە بەشێک لە ڕووەکەکانی ناوچەکە بۆ چارەسەری پزیشکی بەکارهاتبن.
زانایان پێیان وایە کە کۆمەڵگاکە دوای ئەوە ساڵانێک گرنگی بەو منداڵە داوە. توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مانەوە وەک کەسێکی کەمئەندام لە خاکێکدا ناوچەیەکە گردی بەرز و دارستانی چڕي تێدایە ئاسان نەبووبێت.
توێژەران دەڵێن، پێدەچێت منداڵەکە نزیکەی شەش بۆ نۆ ساڵ دوای لەدەستدانی قاچی ژیاوە لە کۆتاییدا وەک گەنجێکی بەتەمەن بە هۆکاری نادیار گیانی لەدەستداوە.
مالۆنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئەم نەشتەرگەریە سەرەتاییە "مێژووی زانیاری و پێشکەوتنە پزیشکییەکانی مرۆڤ دەنووسێتەوە".
پێش ئەم دۆزینەوە، سەرەتاییترین نموونەی بڕینی جەستە لە جووتیارێکی فەرەنسی بووە لە 7 هەزار ساڵ لەمەوبەر. جووتیارەکە بەشێک لە دەستی پێشەوەی لێکرابوەوە. زانایان بیریان لەوە کردبووەوە کە شێوازی پزیشکی نزیکەی 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر پەرەی سەندووە. نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێن مرۆڤ لەو کاتە زووتر لە کۆمەڵگا کشتوکاڵییەکان دەستیان بە ژیان کردووە.
ئەلیسا شرێنک زانای مرۆڤناسە لە زانکۆی نیڤادا لە لاس ڤێگاس پەیوەندی بەو توێژینەوەیەوە نەبووە ووتی ئەم توێژینەوەیە بەڵگەی زیاتر دەکات بۆ ئەو گەشەسەندنە کە مرۆڤەکان زۆر زووتر لەوەی زاناکان بیریان لێدەکردەوە دەستیان بە گرنگیدان بە تەندروستی یەکتر کردووە.
شرێنک وتیشی "لە مێژە گریمانە دەکرا کە چاودێری تەندروستی داهێنانێکی نوێترە." "توێژینەوەکانی وەک ئەم بابەتە دەریدەخەن کە گەلانی پێش مێژوو تەنیا بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن بەجێ نەهێڵدراون".
ناسا بەڵگەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لە بەرگەهەوای هەسارە دەرەکییەکاندا دۆزیەوە
تەلەسکۆپی واڵایی جەیمس وێب کە بەمدوایانە جێگیرکرا، یەکەم بەڵگەی ڕوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لە بەرگەهەوای هەسارەیەک لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری زەوی دۆزیەوە.
ئاژانسی واڵایی ئەمریکا ناسا ئەو بەڵگانەی پشتڕاستکردەوە، کە بە وتەی خۆی لە بەرگەهەوای هەسارەیەکدا دۆزراوەتەوە کە بە دەوری ئەستێرەیەکدا دەسوڕێتەوە و نزیکەی 700 ساڵی تیشک لە زەویەوە دوورە. ئەو هەسارانەی بەدەوری ئەستێرەیەکدا دەسوڕێنەوە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرمان پێیان دەوترێت هەسارەی دەرەوە.
ناسا باسی لەوەشکردوە، ئەو هەسارە دەرەکییەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی تێدا دۆزراوەتەوە، هەسارەیەکی گەرمە و گازییە. لە ساڵی 2011دا دۆزراوەتەوە و ناویWASP-39 b هەسارەیەکی دەرەکیە بارستەی نزیکەی هەمان بارستەی هەسارەی کەیوانە و پلەی گەرما لە دەوروبەری لە 900 پلەی سەدیدا دەمێنێتەوە. بە گەرمی دەمێنێتەوە چونکە زۆر نزیک لە ئەستێرەکەی دەسوڕێتەوە.
دەزگاکەی والای ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو تەلەسکۆپی واڵایی هابل و سپیتزەر پێشتر چاودێری WASP-39 b یان کردووە. ئەو تێبینیانە پێشنیاری بوونی هەڵمی ئاو و سۆدیۆم و پۆتاسیۆمیان لە بەرگەهەوای هەسارە دەرەکییەکەدا کردوە.
بەڵام ئێستا، بوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیش لە بەرگە هەوایدا پشتڕاستکراوەتەوە. ناسا ئاماژەی بەوەشکردووە، تەلەسکۆپی وێب بەهۆی توانا تەکنیکیە نائاساییەکانیەوە توانیویەتی ئەو دۆزینەوە ئەنجام بدات.
لەم دواییانەدا توێژەران لە توێژینەوەیەکدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکراونەتەوە باسیان لە دۆزینەوەکە کردووە. توێژینەوەیەکی ورد سەبارەت بە دۆزینەوەکان بڕیارە لە ژمارەیەکی داهاتووی بڵاوکراوەی سروشتدا بڵاوبکرێتەوە.
ناسا وێبی بە "گەورەترین و بەهێزترین تەلەسکۆپی زانستی واڵایی ناوبرد کە تا ئێستا دروستکراوە". هاوبەشیەکی نێوان ناسا و ئاژانسی واڵایی ئەوروپا (ESA) و ئاژانسی واڵایی کەنەدا.
وێب بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر و گەڕان بەدوای ئەو بەشانەی واڵاییدا دروستکراوە کە پێشتر هەرگیز چاودێری نەکراون. لە مانگی 7دا ناسا یەکەم وێنەی بڵاوکردەوە کە بە تەلەسکۆپی وێب گیراوە. وێنەکان توانای وێبیان نیشان دا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تەنە دوورەکان و چاودێریکردنی توخمە زۆر وردەکانی گەلەئەستێرەکان و هەسارە دەرەکییەکان.
ناسا وتی ئامێرێکی هەستیار و ژێر سوور وایکردووە کە چاودێرەکە لەخولگەدا بتوانێت بوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوای WASP-39 b’s پشتڕاست بکاتەوە. ئامێرەکە پێی دەوترێت نیەر ئینفرارێد سپێکترۆگراف.
NIRSpec بۆ گرتنی تیشکدانەوە بە درێژی شەپۆلی ژێر سووری نزیک دروستکراوە. بە بەکارهێنانی ئەم ئامێرە، زانایانی گەردوونناس دەتوانن نەخشەیەکی وردی هەندێک لەو پێکهاتە کیمیاییانە بەرهەمبهێنن کە لە بەرگەهەوای هەسارەیەکدا دەبینرێن، ئەگەر بارودۆخەکان ڕاست بن. ئەمەش ڕێگە بە زانایان دەدات بەدوای بوونی گاز و کانزای تردا بگەڕێن.
زەفەر ڕوستامکولۆڤ خوێندکاری زانکۆی جۆنز هۆپکینزە و ئەندامی تیمی زانستی ئازادکردنی پێشوەختی وێبە. ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەر کە داتای دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بینی، زانیویەتی کە دۆزینەوەیەکی گەورەیە.
لەمبارەیەوە ووتی "ئەوە ساتێکی تایبەت بوو، بەزاندنی ئاستێکی گرنگ بوو لە زانستی هەسارە دەرەکییەکان".
ناتالی باتاڵیا لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانتا کروز یارمەتی سەرپەرشتی تیمەکەی دا. وتی، "دیاریکردنی سیگناڵێکی وەها ڕوونی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەسەر WASP-39 b مژدەی باشە بۆ دیاریکردنی بەرگەهەوا لەسەر هەسارە بچووکەکان و قەبارەی زەوی".
ناسا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە دۆزینەوانە گرنگن، چونکە یارمەتی زانایان دەدەن باشتر لە پێکهاتەی بەرگەهەوای هەسارەیەک تێبگەن. ئەمەش دەتوانێت زانیاری بەنرخ بدات سەبارەت بە چۆنیەتی دروستبوون و گەشەکردنی هەسارەکان بە تێپەڕبوونی کات.
مایک لاین لە زانکۆی ویلایەتی ئەریزۆنا و یەکێکی ترە لە ئەندامانی تیمی توێژینەوەکە دەڵێت "وردیلەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن شوێنپێهەڵگری هەستیارن بۆ چیرۆکی دروستبوونی هەسارەکان، بە پێوانی ئەم دووەم ئۆکسیدە کاربۆنە دەتوانین دیاری بکەین چەندە پتەوە لە بەرامبەر بڕی ماددە گازیەی بەکارهێنراوە بۆ پێکهێنانی ئەم هەسارە زەبەلاحە گازییە.
لاین ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا تەلەسکۆپی وێب بەردەوام بێت لە دۆزینەوە هاوشێوەکان. بەم کارە زانایان دەتوانن "تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی چۆنیەتی دروستبوونی هەسارەکان و تایبەتمەندی کۆمەڵەی خۆری خۆمان" بەدەستبهێنن.
دوای 45 ساڵ، کەشتی ئاسمانی ڤۆیەجەر هێشتا لە گەڕاندایە
ئاژانسی واڵایی ئەمریکا ناسا ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ درێژترین ئەرک لە مێژووی خۆیدا. ئەم ئەرکە دوو کەشتی ئاسمانی لەخۆدەگرێت کە ڤۆیەجەر1 و ڤۆیەجەر2ـە. لە ساڵی 1977 بەرەوە واڵایی هەڵدران.
کاربەدەستانی ناسا ڕایانگەیاندووە، کاتێک بۆ یەکەمجار ئەرکی ڤۆیەجەر هەڵدرا، پێشبینی دەکرا 5 ساڵ بخایەنێت. بەڵام هەردوو فڕۆکەی ڤۆیەجەر1 و ڤۆیەجەر2 هێشتا لە گەشتکردندان و داتای زانستی بەنرخ لە دوورترین شوێنەکانی واڵاییدا کۆدەکەنەوە و دەنێرن.
ئەو دوو کەشتییە ئاسمانییە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە هاوینی ساڵی 1977 هەڵدران، هەفتەی ڕابردوو 45 ساڵەی هەڵدانی کەشتی ڤۆیەجەر1 بوو، لە 5ی مانگی9ی ئەو ساڵەدا.
ڤۆیەجەر1 و ڤۆیەجەر2 بۆ گەڕان بۆ ناهی و کەیوان دروستکرابوون. هەردوو کەشتی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی توێژینەوەیان لەسەر ئەو هەسارانە ئەنجامدا.
دواتر فڕۆکەی ڤۆیەجەر2 یەکەم چاودێری وردی ئۆرانۆسی تەواو کرد، لە ساڵی 1986دا و نەپتون لە ساڵی 1989دا. گەشتە فڕینەکان کە چوار دەگرێتەوە، بە ڤۆیەجەر "گەشتی گەورە" ناسران.
پاشان هەردوو کەشتی ئاسمانی دەستیان بە ئەرکێکی نوێ کرد بۆ گەڕان بەدوای ناوچە دوورەکانی واڵاییدا. لە ساڵی 2013دا ناسا ڕایگەیاند کە فڕۆکەی ڤۆیەجەر1 بەسەر ئەو سنوورەدا تێپەڕیوە کە کۆمەڵەی خۆرمان لە بۆشایی نێوان ئەستێرەکان دابەش دەکات.
ناسا ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەی ڤۆیەجەر2 بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018دا چووەتە واڵایی نێوان ئەستێرەکان، ئەو کاتە کەشتییە ئاسمانییەکە زیاتر لە 17.7 ملیار کیلۆمەتر لە خۆرەوە دوور بووە. هەردوو ڤۆیەجەر تاکە کەشتی ئاسمانین تا ئێستا زانیاری لەسەر بۆشایی نێوان ئەستێرەکاندا کۆدەکاتەوە.
ئەو دوو پشکنەرە لێکۆڵینەوەیان کردووە چۆن ناوەندی نێوان ئەستێرەکان لەگەڵ بای خۆردا کارلێک دەکات واتە دەرچوونی بەردەوامی تەنۆلکە بارگاویکراوەکان کە لەلایەن خۆرەوە ئازاد دەکرێن. هەروەها زانیارییان لەسەر هێلیۆسفێر دابین کردووە، کە جۆرێکە لە بڵقی پارێزەر لە دەوری کۆمەڵەی خۆرەکەمان.
هێلیۆسفێر بەهۆی بای خۆرەوە دروست دەبێت و بەهۆی بارودۆخی نێوان ئەستێرەکانەوە شێوە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت. سنووری ڕاستەقینەی کۆمەڵەی خۆر ئەو شوێنەی کە بای خۆر تێیدا کۆتایی دێت و بۆشایی نێوان ئەستێرەکان دەست پێدەکات، پێی دەوترێت هێلیۆپاز.
ناسا دەڵێت کەشتیەکانی ڤۆیەجەر زانیاری نوێیان پێشکەش بە توێژەران کردووە سەبارەت بە واڵایی نێوان ئەستێرەکان. بۆ نموونە بۆیان دەرکەوت کە تیشکی گەردوونی لە دەرەوەی هێلیۆپاز نزیکەی سێ هێندە توندترە لە قووڵایی ناو هێلیۆسفێر.
ناسا دەڵێت زانایان چاودێریەکانی ڤۆیەجەریان لەگەڵ زانیارییەکانی ئەرکە نوێیەکان تێکەڵ کردووە "بۆ ئەوەی وێنەیەکی تەواوتر لە سەر خۆرمان بەدەستبهێنن و چۆنێتی کارلێکی هێلیۆسفێر لەگەڵ بۆشایی نێوان ئەستێرەکان".
ساڵی رابردوو زانایان رایانگەیاند فڕۆکەی ڤۆیەجەر1 دەنگێکی "زەق"ی تۆمارکردووە پەیوەندی بە شەپۆلەکانەوە هەیە لە بڕێکی کەمی گازیدا دۆزراونەتەوە لەشێوە بۆشایی نێوان ئەستێرەکاندا هەیە.
نیکۆلا فۆکس بەڕێوەبەری بەشی فیزیای هێلیۆ لە بارەگای سەرەکی ناسا لە واشنتۆن دی سی، لە بەیاننامەیەکدا وتی کارەکانی ڤۆیەجەر زانیاری بەنرخیان لەبارەی خۆرەوە داوە، هەروەها کاریگەریی خۆر لە سەرانسەری کۆمەڵەی خۆردا. فۆکس زیادتر ووتی "لە ماوەی 45 ساڵی ڕابردوودا، ئەرکەکانی ڤۆیەجەر بەشێکی دانەبڕاو بوون لە پێشکەشکردنی ئەم زانیارییە و یارمەتیدەر بوون لە گۆڕینی تێگەیشتنمان لە خۆر و کاریگەرییەکانی بە شێوەیەک کە هیچ کەشتییەکی ئاسمانی دیکە نایتوانیوە".
هەر ڤۆیەجەرێک بە سیستەمێکی وزەی گەرمی کاردەکات پلۆتۆنیۆمی تێدایە. لەگەڵ شیبوونەوەی پلۆتۆنیۆم، دەردانی گەرمی دادەبەزێت و ڤۆیەجەرەکان کارەبا لەدەست دەدەن. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمە، ناسا رایگەیاندووە، تیمەکە هەموو سیستەمەکانی پێویست نین کوژێنراونەتەوە و هەندێکیان بۆ جارێک وەستێنراون. لەوانە گەرمکەرەوەکان کە ئەو ئامێرانەن کە هێشتا کاردەکەن و لە سەرمای زۆری واڵایی دەیپارێزن.
بەڵام ئاژانسی واڵایی بڵاویکردەوە، هەر پێنج ئامێرەکە کە لە ساڵی 2019ـەوە گەرمکەرەوەکانیان کوژاوەتەوە، هێشتا کاردەکەن. زانایانی ناسا بەردەوامن لە پرسیارکردن کە چۆن فڕۆکەی ڤۆیەجەر بەردەوامە لە کارکردن لە پلەیەکدا زۆر کەمترە لەوەی کە بۆی دروستکراوە.
لیندا سپیلکەر زانای جێگری پڕۆژەی ئەرکی ڤۆیەجەرە لە تاقیگەی ناسا بۆ مووشەکی هەڵدانی فڕۆکە لە کالیفۆرنیا، ووتی" تەنانەت دوای 45 ساڵ بەردەوام لە گەڕان بە واڵاییدا، ڤۆیەجەر1 و ڤۆیەجەر2 هێشتا "زانیاری لەسەر ناوچەکان بۆ مرۆڤایەتی دابین دەکەن نەزانراون".
Your browser doesn’t support HTML5