سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان: هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان لە سلێمانی ڕانەگیراوە

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش و كێشەکانی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی، چەندین پڕۆژە پەکیان کەوت، سلێمانی وەک بەشێک لە هەرێمی کوردستان لەم پرسەدا پشکی شێری بەرکەوت و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لەم شارەدا پەکی کەوت.

هەرچەندە لە ئێستادا قەیرانی دارایی و شەڕی داعش کۆتایی هاتووە و ئابووری هەرێمی کوردستانیش لە قۆناغێکی باشی گەشەکردندایە، بەڵام ئەمە هیچی لە دۆخی سلێمانی نەگۆڕی و دۆخەکە بەم قەیرانانەوە بە چەقبەستوویی ماوەتەوە، یەکێتی بەڵێندەرانیش لە ئامارێکدا ڕاگەیاند لە سنوری سلێمانی نزیکەی 1000 پڕۆژە پەکیان کەوتووە و کارکردن تیایاندا وەستاوە، لە بەرامبەریشدا سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان ڕانەگیراوە لە سلێمانی، بەڵکو لە قۆناغی مۆڵەتداندان.

دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گوت: هیچ پڕۆژەیەک ڕانەگیراوە لە سلێمانی و کێشەکان پەیوەستن بە نەبوونی هەماهەنگی پێویست و کەمتەرخەمی دەسەڵاتی خۆجێی پارێزگای سلێمانیەوە.

"ئەو پڕۆژانە لە پڕۆسەی مۆڵەت داندان، ڕەنگە هاوکاری و هەماهەنگی لایەنە پەیواندیدارەکان و فەرمانگەکانی وەبەرهێنان لەو ئاستەدا نەبووە، لە شاری سلێمانی دەبینین جەنابی کاک قوباد جێگری سەرۆک وەزیران تەدەخول دەکات بە شەخسی، بۆ ئەوەی ئەو هەماهەنگیە دروستبکات، بۆ زیندووکردنەوەی ئەو پڕۆژانەی کە پێشتر پەسەندیان هەبووە، جارێکی تر بکەونە بواری جێبەجێکردن و ئێمە مۆڵەتیان پێدەدەین."

دکتۆر محەمەد ئاماژە بەوە دەکات سلێمانی لەگەڵ پارێزگاکانی تر جیاوازی نیە و بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکان شۆڕبۆتەوە بۆ پارێزگاکان خۆیان و خۆیان لێی بەرپرسیارن نەک حکومەت و دەستەی وەبەرهێنان.

" ئێمە هەست بە هیچ جیاوازیەک ناکەین لە نێوان شارەکاندا، چونکە ئەسڵەن جیاوزی نیە، سەرجەم دەسەڵاتەکانی پێدانی مۆڵەت، پەسەندکردنی پڕۆژە، ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە حدودی پارێزگا دەکرێت، کەواتە پارێزگا ئازادە لەوەی چۆن پڕۆژە پەسەند دەکات، سەرجەم دەسەڵاتەکان لە دەسەڵاتی خۆجێیدایە، دەسەڵات لای ئێمەو دەستەی وەبەرهێناندا نیە، ئێمە تەنیا چاودێری دەکەین و زەختیان لێدەکەین، تەبعەن پڕۆژەکە دەبێت لە زمنی پلاندابێت، وە پڕۆژەیەکی ئابوری سەرکەوتووبێت، و پەسەندبکرێت و ئینجا مۆڵەتی پێبدرێت، وە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هاوکار بن، چەندی ئام بابەتە ئاسانبێت، ئەوەندە مۆڵەتی زیاتر دەدرێت، هەولێر ئەگەر هەماهەنگی لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهێزتر بێت، مۆڵەتی زیاتر دەدرێت، وە بۆ دهۆک، سلێمانی ، گەرمیان، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ، کە 8 فەرمانگەی گشتیمان لە وەبەرهێنان لەو شارانە هەیە، کامەیان زیاتر ئاسانکاری زیاتر بکەن، با مۆڵەتی زیاتر بدەن ئێمە دەستخۆشیان لێدەکەین."

لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار قسە لەسەر پێدانی زەوی کرا بەناوی وەبەرهێنان بە نرخێکی زۆر کەم و بە نمونە لە شاری هەولێر دەوترێت نرخی مەترێک زەوی کەمتر بوە لە نرخی کیلۆیەک تەماتە و لە شاری سلێمانیش پێدانی پارچەیەک زەوی گران بەها بە کوڕی بەرپرسێک بە نرخێکی ڕەمزی، لەو بارەیەوە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت ئەگەر حکومەت زەوی بۆ وەبەرهێنان تەرخان بکات ئێمە بە شێوەی نایاسایی سەیری ناکەین و ئەمە داگیر کردن نیە، ئەگەر گرانترین زەوی هەرێمی کوردستانیش بێت.

" هەر جۆرە تەرخانکردنێکی زەوی کە لە سنوری نوسراوی فەرمی بۆ ئێمە تەرخان دەکرێت ئێمە بە شکڵێکی نا یاسایی سەیری ناکەین، ئەو پرسیارە زۆر جار ئاڕاستەی ئێمە کراوە، من بە تێڕوانینی خۆم وەک دەستەی وەبەرهێنان، ئەگەر پڕۆژەیەک پڕۆپۆزەلێکی باشی وەبەرهێنانی هەبێت، کامە زەوی باش و بە قیمەتی هەرێمی کوردستانە بدرێتە ئێمە من مەمنونیان دەبم، لەبەر ئەوەی من چاوەڕێی ئەوە دەکەم زەویەکی باشم پێبدرێت تا پڕۆژەیەکی باشی تێدا دروستبکەم، لایەنە پەیوەندیدارەکان کە زەویان هەیە، ئەگەر خۆیان زەوی بە شێوەیەکی ڕەسمی بدەنە وەبەرهێنان ئەمە داگیر کردن نیە."

سەبارەت بە پرسی داگیرکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستاندا کە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە و لە سنوری سلێمانیش چەندین بەرپرس لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکراون دکتۆر محەمەد شوکری دەڵیت ئەو بابەتە لە دەرەوەی دەسەڵاتی فەرمانگە فەرمیەکانی حکومەتەوە بووە.

" ئەو بابەتەی کە باس لە تەجاوزات لەسەر زەوی و زار دەکرێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و موئەسەساتی ڕەسمی بووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە کە دابەشکردنی زەوی لەدەرەوەی دەسەڵاتەکانەوە بووە، بۆیە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت، کە ئەو زەویانە بگەڕێنەوە و ئیجرائات لەگەڵ ئەو خەڵکانە بکرێت هەتا بە لانی کەمەوە ئەگەرزەویەکیش درا بە وەبەرهێنان لە حدودی فەرمی خۆی بێت، ئیجرائاتە قانونیەکانی خۆی جێبەجێ کردبێت تا زەویەکەی پێبدرێت".

پرسی پێدان و داگیرکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستاندا زۆرترین کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا و تەنانەت سەرۆکی شارەوانی سلێمانیش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند کە لە سنوری سلێمانی کۆمەڵیک خەڵک بوونەتە مافیا لە داگیرکردنی زەویدا، دوا بادوای ئەوە هەڵمەتێک بە ناوی گەڕاندنەوەی موڵک و زەوی گشتی دەستی پێکردووە و لە ئێستاشدا چەندین بەرپرس لە سلێمانی دەستگیرکراون بە هۆی تێوە گلانیان لەم بابەتەدا.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرت سنور کەریم