ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی و پارتی ڕووئیایەکی یەکگرتووی ڕوونیان بۆ ئێستا و داهاتووی هێزەکانی پێشمەرگە نییە، بۆیە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە خاوی بەڕێوە دەڕوات.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت"هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، هانمان دەدەن بۆ کاراکردنەوە و پڕچەککردن و مەشق پێکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش، هانمان دەدەن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش."
جەختیشیکردەوە"هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتیمان دەدەن بۆ ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، گروپێک راوێژکاریشمان هەیە لە ئەمەریکی و بەریتانی و هۆڵەندی و ئەڵمانی پێکهاتوون، هاوکارمانن بۆ چاکسازی و نوێکردنەوەی پێشمەرگە و ڕاوێژمان پێدەدەن، هاوکارمان دەبن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و رێکخستنەوەی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ئێستا و داهاتوو."
دەربارەی ڕێگرییەکانی بەردەم یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد گوتی"بەرەو پێشچوون هەیە بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بەڵام ئەم بەرەو پێشچوون و چاکسازییە خاو دەڕوات، جێی تموحی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نییە."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشیکردەوە، هەندێک لە ڕێگرییەکانی بەردەم یەکخستنەوەی پێشمەرگە سیاسیین، بۆ نموونە ڕێککەوتنی ستراتیژی هەیە لە نێوان یەکێتی و پارتی وەکو دوو پایەی سەرەکی حوکمڕانی هەرێم، ڕێگری دەبێت، تا ئەوکاتەی ڕوئیایەکی ڕوونیان بۆ هێزی پێشمەرگە و مەترسییەکانی داهاتووی سەر هەرێم دەبێت، گوتی"ڕوئیای یەکێتی و پارتی ڕۆڵی گرنگی هەیە، متمانە ڕۆڵی گرنگی هەیە، بەشێکی تری گرفتەکان پەیوەندیان بە بودجەوە هەیە، یاخود پەیوەندیان بە هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە هەیە، خاڵی سەرەکی گرفتەکان پەیوەندیان بەروئیای ستراتیژی یەکگرتووی نێوان یەکێتی و پارتی هەیە بۆ ئێستا و داهاتووی پێشمەرگە، بۆ ئەو مەترسیانەی ڕووبەرووی هەرێم دەبنەوە، تا ئێستا ئەم ڕوئیایە 100% ڕوون و یەکگرتوو نییە."
بەپێی ڕاپۆرتێکی بەریتانییەکان کە ئاراستەی بەرپرسانی هەرێمیان کردووە و وێنەیەکی لای دەنگی ئەمەریکایە، ڕەخنەیان لە خانەنیشین نەکردنی ئەفسەرانی پێشمەرگە و مانەوەیان لە پۆستەکانیان تا کاتی مردنیان گرتووە، لەو بارەیەوە لیوا ڕوکن بەختیار وتی"پرۆژەمان هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوی بەرنامەی پێشمەرگە بۆ ئایندەیە، ئەم پرۆژەیە هەموو مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە پێشمەرگەیان تێدایە، هەر لە خانەنیشین بوونەوە تا دەگاتە ماف و تەجنید و مەشق،ئەم پرۆژە خاو دەچێتە ڕێوە، بۆ نموونە دوای ڕاگرتنی خانەنیشینی بۆ ماوەیەکی زۆر، توانیمان خانەنیشینی بکەینەوە بە پێی یاسا، چونکە خانەنیشین بوون وادەکات خەڵکی تازە وەربگیرێ، مەشقی پێبکرێ."
سەبارەت بەوەی نەبوونی متمانە لە نێوان یەکێتی و پارتی تا چەند گرفتی بۆ دروستکردوون، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت"ئەو هێزەی ئێستا لە وەزارەت هەیە، پێکهاتەکەی هی پارتی و یەکێتی بووە، پێشتر پێکەوە شەڕی بەعس و داعشیان کردووە، بەڵام گەر نەڵێم متمانە، دەبێت هەردوولا ڕووئیایەکی ستراتیژی یەکگرتوویان بۆ مەترسییەکانی ئێستا و داهاتووی سەرهەرێم هەبێت، گەر ڕووئیاکەیان یەکگرتوو بوو، ئەوکات لەسەر ئەم بنامەیە هێز یەکدەخرێتەوە، ئەم ڕوئیایە ئێستا 100% ڕوون نییە."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە هەبوونی بندیوار و پاسەوانێتی گرتنی پێشمەرگە بۆ باخی بەرپرسان، وتی"وەزارەتی پێشمەرگە لەم بوارەدا کەمترین بندیواری هەیە، وا خەریکە موچە دەکرێتە دەفتەر چەک و لەوێشەوە بۆ ئەلیکترۆنی،ئەم پرۆسەیە ئەم مەسەلانە زۆر کەمدەکاتەوە، لە هەر شوێنێکیش بندیوار و خەڵکی بێ ئیش هەبێت، لێپێچینەوە دەکرێ."
Your browser doesn’t support HTML5