سیاسەتمەدارێكی دێرینی كورد دەڵێت سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی و خەڵكی تر هەر هەموویشیان پەرلەمان و پەرلەمانتاران تاوانبار دەكەن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، هەموویشیان باسی ئەوە دەكەن كەوا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی تر بكرێت بەڵام هەڵبژاردنی تریش بكرێت هەمان شتە هیچ جیاوازیەكی نییە چونكە هەمان سیستەم و خەڵك و كۆتلەن.
دكتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد سەبارەت بە ڕەوشی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " حكومەت، كوتلەكان و خەڵكی تر و حزبەكانیش لە هەموو كەس زیاتر بەرپرسیارن بەڵام هەموویان باسی پەرلەمان دەكەن و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش زۆر لاوازە هیچ قسە ناكەن هەتا بەرگری لە ئەنجومەنی خۆیشیان ناكەن بۆ نموونە وەكو فایەق زێدان كە بەرگری لە دادوەری كرد و كازمیش بەرگری لە حكومەت دەكات بەڵام ئەوان بەرگری ناكەن لەبەر ئەوە ڕەوشەكە زۆر خراپە."
گووتیشی" هەموویشیان باسی ئەوە دەكەن كەوا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی تر بكرێت بەڵام هەڵبژاردنی تریش بكرێت هەمان شتە هیچ جیاوازیەكی نییە چونكە هەمان سیستەم و خەڵك و كۆتلەن بۆیە جیاوازیەكی وەهای نابێت ئەمە چارەسەر نییە بەڵكو چارەسەر ئەوەیە كەوا هێزە سیاسیەكان دابنیشن و ڕێككەوتن بكەن و بتوانن چارەسەرێك بدوزنەوە."
مەحمود عوسمان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە كوردەكان یەكگرتوونین و پێی وایە گەر یەكگرتووبن و بەیەكەوە بن لە بەغدا و یەك ڕایان هەبێت نە لەگەڵ ڕەوت و نە لەگەڵ چوارچێوە بن بەڵكو بەرگری لە مافەكانی كوردستان بكەن و بتوانن هەرچی ڕووبدات سودیان هەبێت بۆ میلەتی كورد و بۆ مافەكانی كورد.
ئەو سیاسەتمەدارە كوردە چارەسەركردنی ڕەوشی عێراق بە ئەستەمی دەزانێت و پێی وایە مەعلومیش نییە كةوا چارەسەركردنەكەی چۆن دەبێت و دەشڵێت" سەدر كە ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە و ئێستا گرنگە لەگەڵ جەماعەتی تر دانانیشێت و جەماعەتی تریش فشار دەكەن بەڵام ناتوانن حكومەت دروست بكەن، بۆیە مەعلوم نییە كە چی لێ دێت و زۆر ڕوونيش نییە لەوانەیە كێشەی زیاتر لە نێوانیاندا دروست بێت."
دكتۆر مەحمود سەبارەت بە دروستبوونەوەی خوپێشاندانەكان و ڕووبەڕووبوونەوە و گرژییەكان دەڵێت" دوورنییە و خوپێشاندانیش زۆر دەبێت و لە ئەنجامدا زۆر ڕوون نییە كەوا چۆن چارەسەری دەكەن بەڵام بیانەوێ یاخود نا هەر دەبێت خۆیان چارەسەری بكەن چونكە هیچ وڵاتیك ئامادەنییە بۆیان چارەسەر بكات لە كۆندا كە كێشە لە عێراقدا هەبوو ئەمەریكا دەهات بەڵام ئێستا كەس ناهێت و ئێرانیش زۆر نایەوێ تەداخول بكات لەبەر ئەوە نایەوێ ببێتە لایەنگر لە نێوان سەدر و چوارچێوە دەیەوێ لەگەڵ هەموویان پەیوەندی هەبێت ئەوانیش زۆر جدی نین، ئەمەریكا و ئێران لە نێوان خۆیاندا خەریكی گفتووگۆی ڤیەننان ئەوە لە لای ئەوان گرنگە مەسەلەی عێراق لە جیهاندا بەگشتی ڕوڵی كەمبووەتەوە خەڵك زۆر گرنگی پێ نادات."
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا دكتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد سەبارەت بە لاوازبوونی پێگەی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گوتی" زۆر ڕوونە ئەوە بۆچی؟ چونكە هەمان ئەو خەڵكەی كە بیست ساڵە لە سەر حوكمن نەیانتوانیوە شتێكی باش بۆ میلەتی خۆیان بكەن و سەركەوتوو نەبوون، گەندەڵی و كێشە زۆرن چەكی بەرەڵا و میلیشیات و هەموو شتێك بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر بووە جیهانیش بێزاردەبێت، كەس تاقەتی نییە بیست ساڵ زیاتر چاوەڕوانی شتێك بكات لەبەر ئەوە خەڵكەكە بێئومێد بووە لە ڕەوشی عێراق و لەو سەركردانەی عێراقی كە بیست ساڵە خەریكن و نەیانتوانیوە سەركەوتووبن و گرنگی خەڵكی دەرەوەیش زۆر كەمبووەتەوە."
Your browser doesn’t support HTML5