ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، جێهێشتنی هەندێک لە پۆستەکانی کەرکوک لەلایەن لایەنێکی سیاسی دیاریکراو و وەرگرتنەوەی هەندێک لە پۆستەکانی تر لەکورد، وایکردووە دەسەڵاتی کوردی لاواز بێت، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک و بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت"ئامار و داتاکانی هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەرخەری ئەوەن، کورد لە کەرکوک زۆرترین دەنگی هەیە و لە نێو کوردیشدا یەکێتی زۆرینەیە، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، پۆستی پارێزگار ئیستیحقاقی کوردە و ناو کوردیشدا هی یەکێتیە، ئەمە ڕاستییەکە نەک کورد، کە لە نێو خۆیدا ناکۆکی هەیە و لەسەری ڕێکناکەوێ، بەڵکو پێکهاتەکانی تریش پێیانوایە پۆستەکە هی کوردە."
سەرکردەکەی یەکێتی ڕوونیکردەوە، یەکێتی مەبەستیەتی پۆستی پارێزگار بگەرێتەوە بۆ لای کورد، چونکە ئەو پۆستە بۆ تەعریب و دژایەتیکردنی کورد خراپ بەکارهێنراوە، وتی"یەکێتی قسەی خۆی هەیە، چۆن لەسەرەتاوە ڕایگەیاندووە ناچینە ناو حکومەتی تازە، گەر پۆستی پارێزگار یەکلایی نەکرێتەوە، یەکێتی لە سەر ئەم هەڵوێستەی سوورە، جگە لە یەک لایەنی کوردی پێی هەزم ناکرێ، هەموو لایەنە کوردییەکانی تر لەگەڵ یەکێتی هاوڕان، پۆستەکە لە دۆخێکی نائاساییدا دراوەتە پارێزگاری ئێستا بە وەکالەت، ئەم دۆخە کۆتایی هاتووە و دەبێت ئەم پشکە بگەرێنرێتەوە بۆ خاوەنەکەی."
دەربارەی هۆکاری لاوازبوونی کورد لە نێو دیوانی پارێزگای کەرکوک، حەسیبە عەبدوڵا دەڵێت"بەهۆی شکستهێنانی ریفراندۆم، ئەو دۆخەکەی بەسەر کورد هات لە کەرکوک و ناوچەکانی تر کەم نەبوو، زەبرێکی کوشندەبوو، هێندە کورد زەرەرمەند بوو، هیچکات بەعس نەیتوانی ئەم زەربە بدات لە کورد."
جەختیشیکردەوە"پۆستە ئیدارییەکان بە شێکیان لەلایەن لایەنێکی سیاسی کوردییەوە و بەبیانووی داگیرکردنی کەرکوکەوە جێهێڵراون، بەشێکی تریان لەکورد وەرگیراونەتەوە و دراون بە خەڵکی تر، ئەمە وایکردووە دەسەڵاتی کورد لەم شارە لاواز بێت، ئەمە مانای ئەوە نییە کورد ئەم دۆسیەیەی پەراوێزخستووە، جگە لە لایەنێکی دیاریکراو، هەموو حیزبەکان هاوڕان لەگەڵ یەکێتی بۆ گێڕانەوەی دۆخەکە بۆ پێش ڕیفراندۆم."
حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵە کردنی حیزبەکەی لەگەڵ پارێزگاری ئێستای کەرکوک، گوتی"پارێزگاری ئێستا سەپێنراوە، ئێمە سێ پەرلەمانتارمان هەیە، دۆخەکە جیاوازە و ئەنجومەنی پارێزگا هەڵوەشاوەتەوە، چاودێری بەسەر کارەکانی پارێزگارەوە نەماوە، پەرلەمانتارەکانی ئێمە بەردەوام لە هەوڵدان و چاودێرێکی چاو تیژن بەسەر کارەکانی پارێزگارەوە."
گوتیشی"کۆمەڵێک کەیس هەن کەرکوکییەکانی نیگەران کردووە، دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی کە ژمارەیان 380 کەسە، فەرمانی دامەزراندنیان لە بەغداوە بۆ دەرچووە، لەبەر ئەوەی کوردن، ئیشیان بۆ نەکراوە، ناکرێت بێدەنگ بین و لەسەر ئەمانە هەڵوێستمان نەبێت، ناکرێت نەچینە لای پارێزگار و خۆمان بە خاوەنی نەکەین، ئەم پەیوەندیانە لە ڕێگەی پەرلەمانتارەکانمانەوەیە."
Your browser doesn’t support HTML5