ئەمەریکا سزای پۆلیسی ئەخلاقی ئێران دەدات

ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە سزای خستە سەر پۆلیسی ئەخلاقی ئێران و تۆمەتباری کرد بە دەستدرێژی و توندوتیژی بۆ سەر ژنانی ئێران و ئەو ڕێکخراوە بە بەرپرس دەزانێت لە مردنی ژنێکی کوردی تەمەن 22 ساڵ بەناوی مەهسا ئەمینی (ژینا).

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا پۆلیسی ئەخلاقی بە پێشێلکردنی مافی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە گەمارۆیان خستۆتە سەر حەوت بەرپرسی باڵای سەربازی و ئەمنی ئێران، لەنێویاندا سەرۆکی هێزە زەمینییەکانی سوپای ئێران.

جانێت یێڵن، سکرتێری خەزێنەداری ئێران لە بەیاننامەیەکدا گوتی "مەهسا ئەمینی ژنێکی بوێر بوو کە مردنی لە ژێردەستی پۆلیسی ئەخلاقدا کردەوەیەکی دیکەی دڕندەیی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران بوو لە دژی گەلەکەی خۆی."

ئەو گوتیشی "ئێمه‌ به‌ توندترین شێوە ئه‌م کرده‌ بێ ویژدانییه‌ سەرکۆنە ده‌که‌ین و داوا له‌ حکومه‌تی ئێران ده‌که‌ین کۆتایی به‌ توندوتیژییه‌کانی به‌رامبه‌ر ژنان بهێنێت و سه‌رکوتکردنی توندوتیژانه‌ی به‌رده‌وامی ئازادی ڕاده‌ربڕین و کۆبوونه‌وه‌ی خەڵکی ڕابگرێت."

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆسیەتد پرێس، خۆپیشاندەران لە تاران و شارەکانی دیکەی وڵاتەکە بنکەکانی پۆلیس و ئۆتۆمبیلەکانیان سووتاند. لە ڕۆژی پێنجشەممە توڕەیی جەماوەر لەسەر کوژرانی ژینا لە لانیکەم 13 شاری ئێران بەردەوام بوو،

ئەو حەوت بەرپرسەی کە خراونەتە ژێر سزا نوێکانی ئەمەریکاوە بریتی بوون لە سەرۆکی پۆلیسی ئەخلاقی ئێران، محەمەد ڕۆستەمی چشمە گاچی، فەرماندەی هێزی زەمینی ئەرتەشی ئێران، کیومارس هەیدەری، و ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران.

خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو کارەی ئەمڕۆدا، هەموو موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی کە دیاری کراون دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکاوە و بلۆک دەکرێن و دەبێت ڕاپۆرت بدرێن بە فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی گەنجینەی ئەمەریکا (OFAC).