لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان: سەربازانی ڕووسیا تاوانی جەنگیان لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە

لێکۆڵەرەوان دەڵێن بەڵگە هەیە هێزەکانی ڕووسیا کە لە مانگی 2ی ئەمساڵ هێرشە داگیرکارییەکانیان بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی پشکنینەکانی خۆی پێشکەش بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

کۆمیسیۆنەکە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ڕووداوەکانی کۆتایی مانگی 2 و مانگی 3 لە ناوچەکانی کیێڤ، چێرنیهیڤ، خارکیڤ و سومی کردووە. دەڵێت زۆرێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان بە بەڵگە دەستکەوتوو، لەوانە بەکارهێنانی چەکی نایاسایی، هێرشی بێ جیاوازی لە ناوچە مەدەنییەکان، ئەشکەنجەدان، توندوتیژی سێکسی و ڕەگەزی.

سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە، ئێریک میسێ ئاماژەی بەوەشکردووە؛ بەکارهێنانی چەکی نایاسایی لەلایەن ڕووسیاوە ئازارێکی بێ ئەندازەی لای دانیشتوانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە، هەروەها هۆکاری زۆربەی ئەو مەرگ و قوربانیانەیە کە لەلایەن چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراون.

گوتیشی لێکۆڵەرەوان بەهۆی ژمارەی زۆری لەسێدارەدراوان لە 16 شار و شارۆچکەی ئۆکرانی کە سەردانیان کردوون، تووشی شۆک بوون.

مێسێ دەڵێت "توخمە باوەکانی ئەم جۆرە تاوانانە بریتین لە دەستبەسەرکردنی پێشوەختەی قوربانییەکان و هەروەها نیشانە دیارەکانی لەسێدارەدان لەسەر تەرمی مردووەکان دیارە، وەک دەست بەستنەوە لە پشتەوە، برینداربوونیان شوێنی فیشەک بە کەلەی سەریانەوە دیارە و شوێنەواری بڕینی قوڕقوڕاگەیان دیارە."

کۆمسیۆنەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیاتر لە 150 قوربانی و شایەتحاڵ ئەنجامداوە. مێسێ گوتی شایەتحاڵەکان چیرۆکی بەردەوامیان لەبارەی خراپ مامەڵەکردن و ئەشکەنجەدان پێشکەش کردووە. هەندێکیان ڕایانگەیاندووە کە گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا، لەوێ لێدان و تەزووی کارەبا و پێشێلکاری دیکەیان بەرامبەر کراوە.

مێسێ گوتیشی لێکۆڵینەوەکان لە کەیسەکانی توندوتیژی سێکسی و ڕەگەزی دەرکەوتووە کە قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن سەربازانی ڕووسیاوە تەمەنیان لە نێوان چوار بۆ 82 ساڵدا بووە.

مێسێ گوتیشی "کۆمسیۆنەکە ئەو حاڵەتانەی بەڵگەدار کردووە کە تێیدا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر منداڵان و ئەشکەنجە دراون و بە شێوەیەکی نایاسایی زیندانی کراون." هەروەها لە هێرشی هەڕەمەکیدا بەو چەکانەی کە دەتەقینەوە منداڵان کوژراون و بریندار بوون.

ئەنتۆن کۆرینێڤیچ، باڵیۆزی گشتی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند؛ نابێت ئەم تاوانانە بێ سزا بمێننەوە. داوای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت دەکات کە دەسەڵاتی تایبەتی هەبێت لەسەر تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر ئۆکرانیا.

فیدراسیۆنی ڕووسیا بۆ دانیشتنەکە ئامادە نەبووە، ئەمەش ڕاستییەکە کە سەرۆکی ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندووە کە بەداخەوە ئەوان ئامادە نەبوون.

مێسێ دەشڵێت "هەوڵەکانی کۆمیسیۆنەکە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فیدراسیۆنی ڕووسیا، بەداخەوە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانماندا."

ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگری لە شەڕی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا کردووە.

ناوبراو کیێڤی تۆمەتبار کرد بە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ڕووسیا و "بە بێڕێزی" و پشتگوێخستن و پێشێلکردنی مافی ڕووسەکان و خەڵکانی ڕووسیزمان لە ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە سادەیی پشتڕاستی دەکاتەوە کە بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە بڕیارێکی حەتمی بووە."