دروستبوونی هاوپەیمانێتی نوێ لە عێراق و هەڵوێستی ڕەوتی سەدر

گفتووگۆ لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و عەرەبی سونە و دوو حیزبە کوردییەکە بەردەوامە، بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی نوێ لە ژێر ناوی ( بەڕێوەبردنی دەوڵەت)، کە ئامانج لێی پێکهێنانی حکومەت و دەربازکردنی عێراقە لە چەقبەستوویی سیاسی، بەڵام هێشتا سەرگرتن یاخود شکستهێنانی ئەم هاوپەیمانێتیە دیار نییە.

هەرچەندە لایەنە شیعەکانی ڕکابەری ڕەوتی سەدر بەردەوامن لە هەنگاوەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام هەنگاوەکانی داهاتووی ڕەوتی سەدر ڕوون نییە، هەرچەندە ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن سەدر لە دۆخەکە نیگەرانە و پێناچێت دەستەوەستان بێت.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بێ ئاگایی خۆی نیشاندا لەوەی ڕێککەوتن لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و پارتی و عەرەبی سونە واژوو کرابێت، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"گفتووگۆ هەیە، گەر ئەو خاڵانەی پارتی داوایدەکات و بەشێکن لە خواستە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکرێت و پاشگەز بوونەوە ڕوونەدات، هەر ڕێککەوتنێک هەبێت پارتی بەشدار دەبێت تێیدا."

پارتی و عەرەبی سونە کە لە گفتووگۆدان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێشتر ڕێککەوتنیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر هەبوو، بەڵام دوای کشانەوەی ڕەوتەکە لە پەرلەمانی عێراق، ڕێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە.

لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت حکومەتی داهاتووی عێراق پێکبهێنن و پەرلەمانی عێراقیش کۆبوونەوەکانی دەست پێبکاتەوە، لە کاتێکدا ڕەوتی سەدر دژی ئەم هەنگاوەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە ڕووداوەکانی بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پارتی و عەرەبی سونە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتوون بۆ بەشداری کردن لە حکومەت، بەڵام ڕوون نییە، گەر لە میانی گفتووگۆکانیان بچنە نێو وردەکاری کێشەکانەوە، ئاڕاستەی ڕێککەوتنەکە چۆن دەبێت."

لای خۆشیەوە ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی عەرەبی سونە و ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆمار، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"هەنگاوە نوێیەکەی پارتی و عەرەبی سونە بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامەکەی دیار نییە، ئەمە دەوەستێتەوە سەر گفتووگۆکانیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر."

سەبارەت بە داواکاریەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، شوان محەمەد وتی"دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز، چارەسەرکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، کێشەی کەرکوک و مادەی 140، ئیستیحقاقی دارایی هەرێم، ئەمانە مەرجەکانی پارتین."

جەختیشیکردەوە"پارتی و عەرەبی سونە پێیانخۆشە سەدریش بەشداری لە حکومەت بکات، چونکە گەر بەشداری نەکات، حکومەتی داهاتوو لاواز دەبێت."

بەپێی زانیارییەکان، سەدر ڕەزامەندی دەربڕیووە بە مەرج ڕێگە بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بدات، بەڵام لایەنە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی پێیانوایە، ڕەنگە سەدر پاشگەز ببێتەوە و لە پڕ هەڵوێستی جیاوازتر دەرببڕێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد نەنوەر