پەرلەمانتارێکی عێراق: پێناچێت دەست لە کارکێشانەوەکەی سەرۆکی پەرلەمان پەسەند بکرێت

دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە دکتۆر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمان کردووە، ئەم ڕاگەیەندراوەی سەرۆکی پەرلەمان بە پێشهاتێکی سیاسی نوێ لە عێراقدا لێکدەدرێتەوە و پێدەچێت کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەجێبهێڵێت، بە تایبەت دوای ئەوەی هەوڵەکان جدی بوون لە ئاست پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و خاوبوونەوەی بەشێک لە گرژییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان.

لەو بارەیەوە بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، ئەگەر ئەمە بڕیاری کوتلەی سوننە بێت کە حەلبوسی نوێنەرایەتی دەکات، بەدڵنیایەوە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ئەگەر ئەمە بڕیاری شەخسی سەرۆکی پەرلەمان بێت و سونەکان کاندیدی جێگرەوەیان هەبێت پێناچێت ئەو کاریگەریەی هەبێت، وە لە هەردوو ئەگەرەکەشدا پێی وایە لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەدا نامەی دەست لەکارکێشانەوەکە لەلایەن پەرلەمانەوە قبوڵ ناکرێت.

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێیوایە بەدەر لەوەی نامەی دەست لەکارکێشانەوەکە پێناچێت پەسەند بکرێت خودی حەلبوسی ئامانجیەتی متمانەیەکی زیاتر بۆخۆی مسۆگەر بکات.

" ئەم پۆستە پۆستی سوننەیە ئایە سوننەکان بەدیلی بەڕێز حەلبوسی تەقدیم دەکەن، یاخود هەڵوێستی سیاسیان چۆن دەبێت، ئەم پرسانە پێم وایە وردە وردە ڕۆژی چوارشەممە ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر ئەم هەڵوێستەی حەلبوسی هەڵوێستی کەسی بێت، خۆی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی نەوێت ئەمە شتێکە، بەڵام ئەگەر هەڵوێستی تەحالفی سیادەبێت کە نوێنەرایەتی بەشێکی زۆری پێکهاتەی سوننە دەکەن، وە ژمارەیەک کورسیان هەیە بە تاکید عەرقەلە دروست دەکات، بەڵام ئەگەر هەڵوێستی شەخسی خۆی بێت پێم وانیە کێشە دروست بکات، لە کاتێکدا ئەگەر پەرلەمان دەست لەکار کێشانەوەکەی پەسەند بکات، کە من پێم وایە پەسەندی ناکات، دەنگی پێویست ناهێنێت بۆ پەسەند کردنی، بەڵام ئەگەر پەسەندی بکەن دەبێت سوننەکان بەدیلەکەی حەلبوسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان تەقدیم بکەن."

سەبارەت بەوەی بۆچی لەم کاتەدا حەلبوسی بڕیارێکی لەم شێوەیە دەدات، کە دۆخی سیاسی عێراق لە چاو چەند مانگی ڕابردوو دامەزراوترە و هەنگاوەکانی پێكهێنانی حکومەت نزیکن، ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە، بڕیارەکەی حەلبوسی دەرهاویشتەی ئەو ڕووداوە سیاسیانەی پێشترە، لە هەمانکاتدا حەلبوسی بە ڕەتکردنەوەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی دەیەوێت پێگەیەکی بەهێزتر بۆخۆی بونیاد بنێت.

" لایەنەکانی سوننە و لایەنە کوردیەکان، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و بەشێک لە پێکهاتەکان، بابلیەکان و مەسیحیەکان، ئیمزایان لەسەر پێكهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی کردووە، واتە ئیمزاکەیان هەیە لەسەر ڕێکەوتنەکە، تەسەوڕدەکەم ئەم دەست لەکارکێشانەوەی بەڕێز حەلبوسی بەرەو ئەو ئاقارە بچێت، کە ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمان ڕەت بکاتەوە، وە بەڕێز حەلبوسیش ئەمە بۆی ببێتە ئیعتیبارێک، بەوەی متمانەیەکی زیاتر بەدەست بهێنێت، دوای ئەو ڕووداوانەی کە لە عێراقدا ڕوویانداوە، دوای خۆپیشاندانەکان و ڕووداوەکانی ناو پەرلەمانی عێراق، ڕەنگە بۆ ئەوەی بێت پێگەی بەهێز بکات، ڕەنگە پاشگەز ببێتەوە و دواتر بەردەوام بێت لەسەر ئەرکەکەی، ئەگەر سوننەکان بیانەوێت عەرقەلە دروست بکەن لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی عێراقدا ئیمزایان لەسەر پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی ناو پەرلەمان ناکەن."

لە پرسیاری یەکلابوونەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو پۆستە کاروان یاروەیس ڕایگەیاند لە نێوان سەرکردایەتی باڵای سیاسی نێوان ئەو دوو لایەنە بڕیارێکی پێشوەختە دراوە و مەبدەئی هاوبەش هەیە لە نێوانیاندا.

" پرسی سەرۆک کۆمار تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لێنەدراوە لە نێوان یەکێتی و پارتی، بەڵام لە نێوان یەکێتی و پارتی بڕیاری پێشوەختە لە نێوان کاک بافڵ و کاک مەسعود دراوە، وەک تەفاهوم و مەبدەئ کە کورد لەم قۆناغە بە یەکگرتویی لە بەغداد مامەڵە بکات، ئەوەی مایەی خۆشحاڵی بوو، کورد بە یەکگرتووی لەگەڵ ئیتاڕی تەنسیقی ئیمزای ڕێکەوتنامەی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی کردووە، ئەمە ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە چونکە سەرەڕای هەموو جیاوازیەکان دەبێت کورد لە بەغداد یەکڕیز و یەکگرتوو بێت، ئەگینا کورد زیان دەکات لەوەی یەکگرتوو نەبێت، پێم وایە تەفاهوم و زەمینەی باش هەیە بۆ ئەوەی ئەم پرسە بە گفتووگۆ یەکلایی بکرێتەوە."

لە ئێستادا دۆخی عێراق لە ڕووی سیاسیەوە جۆرێک لە ئارامی پێوە دیارەو ڕێکەوتنی هاوبەشی نێوان لایەنەکانیش لە ئارادایە و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوش نزیکە بەڵام بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان دۆخێکی نوێی سیاسیە لە عێراقدا و پێدەچێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرهاویشتەکانی بڕیارەکە بەڕوونی دەربکەون.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی سنور کەریم