دەنگی ئەمەریکا ناڕەزایی دەردەبڕێت لەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەو ڕۆژنامەوانانەی ڕووماڵی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان و پێکدادانەکانی هێزە ئاسایشییەکان و خۆپیشاندەرانیان دەکرد لە تاران و شارەکانی تری ئەو وڵاتەدا، پاش کوژرانی مەهسا ئەمینی "ژینا ئەمینی" تەمەن بیست و دوو ساڵ دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن دەسەڵاتدارانی پۆلیسی ڕەوشتەوە.
ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن لەوانە کۆمیتەی پارێزگاری کردن لە ڕۆژنامەوانان دەڵێن، بەلانیکەم 20 ڕۆژنامەوان دەستگیرکراون و "نەڤید جەمشیدی" ئەندامی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەوانان و سەرنوسەری ماڵپەڕی ئاسیا نیوز یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان.
بەڕێز جەمشیدی لەم ماوەیەی ڕابردوودا میوانی بەرنامەکانی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا بووە؛ ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ هێزە ئاسایشییەکانی ئێران لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیریان کردووە بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا بکەن.
کارمەندانی هێزە ئاسایشییەکانی ئێران بە زەبری هێز چوونەتە ناو ماڵەکەی و دەستیان گرتووە بەسەر کۆمپیوتەر و تەلەفۆنە مۆبایلەکەی و هەروەهاش ئەو تێبینیانەی لە تیانوسی تایبەتی خۆیدا نوسیبوونی.
بەپێی نێوەندی ژنانی ڕۆژنامەوان، بەلانیکەم 7 ژنە ڕۆژنامەوانیش لەنێو گیراوەکاندان. ئەم نێوەندە دەڵێت "ئێران مەترسیدارترین شوێنە بۆ ڕۆژنامەوانانی ژن."
یۆڵەندا لۆپیز، بەڕێوبەری کارگێڕی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "ئێران سەرکوتکارترین وڵاتە بۆ ڕۆژنامەوانان و گەلی ئێران شایستەی ئەوەن بەبێ هیچ کۆتوبەندێک دەستیان ڕابگات بە زانیارییەکاندا. دەنگی ئەمەریکا پشتیوانی لە ڕۆژنامەوانانی ئێران دەکات و هیواداریشە بە پارێزراویەوە ئازاد بکرێن چونکە ئازادی ڕاگەیاندن گرنگە."
دەنگی ئەمەریکا بەردەوام وابەستەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵە چەواشەکاری و سانسۆرکردنەکانی ڕژێمی ئێران دەیانکات؛ ئەم بەرەنگاربوونەوەیەش لەڕێی گەیاندنی هەواڵی دروست و بابەتیانە و زانیارییە ڕاستەکانەوە دەکرێت بۆ گەلی ئێران.