ڕۆژی چوارشەممە بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانەكانە و موشەکەکانی ئێران.
بەپێی هەواڵە خۆجێییەکان كۆماری ئیسلامی ئێران بە موشەک و درۆنی خۆكوژی هێرشی بۆسەر بارەگاکانی حزبە كوردییەكانی كوردستانی ئێران لە هەرێمی كوردستان دەستپێكرد.
كۆیە
لە كەمپی ڕۆژهەڵات لە نزیك كۆیە ئێران بە موشەك و درۆن هێرشی كردە سەر حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بەهۆی هێرشەكەوە چوار کەس کوژراون و هەژدەی کەسی دیکەش بریندار بوون.
زڕگوێز - سلێمانی
زیاتر لە بیست هێرش لە ڕێگەی درۆنی خۆتەقێنەوە كرایە سەر بارەگاكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان بەهۆیەوە سێ كەس برینداربوون.
شۆراو - پردێ
بەهۆی هێرشی موشەكی و درۆنەوە بۆسەر بارەگاكانی پارتی ئازادی كوردستان پێنچ کەس کوژراون و چواردە کەسی دیکە بریندار بوو.
بەڵام بهگوێرهی دواههمین ئاماری وهزارهتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له ئهنجامی بۆردومانەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 كهسی دیکەش برینداربوون.
بەریتانیا لە زاری کونسوڵەکەی لە هەولێر لە تویتێکدا دەستبەجێ ئەو هێرشانەی ئێرانی شەرمەزار کرد، دەڵێت "بەریتانیا ئیدانەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق کە پێشێلکارییەکی نابەجێی سەروەری عێراقە. نیگەرانین لە بوونی قوربایانی مەدەنی. بەریتانیا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە سەروەری و ئاسایشی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق (یونامی) لە تویتێکدا ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەن دەڵێت " عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ئەو تێڕوانینە ڕەتدەکاتەوە وەک "حەوشەی پشتەوە"ی ناوچەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە دراوسێکان بە ڕۆتینی و دوور لە سزا پێشێلی دەکەن. دیپلۆماسیەتی موشەكبارانکردن کارێکی بێباکانەیە و دەرئەنجامی وێرانکەرەی هەیە. ئەم هێرشانە پێویستە دەستبەجێ بوەستێندرێن."