پارێزەران لە تاران بە دوای دۆسێی مەرگی ژینا ئەمینی کەوتوون

سەرەڕای زیادبوونی توندوتیژیی هێزەکانی ئاسایش لە دژی خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی شارە جیاجیاکانی ئێران و پچڕان و خاوکردنەوەی ئینتەرنێت بە مەبەستی پێشگرتن لە گواستنەوەی وێنە و هەواڵ سەبارەت بە سەرکوتکردن و گردبوونەوەکان، بەڵام هێشتا خۆپیشاندەران بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و لە زۆرینەی خۆپیشاندانەکانیشدا بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی" خەڵک پێداگری لە دەستبەرکردنی مافەکانیان دەکەن.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری خێزانی ژینا ئەمینی ڕۆژی چوارشەممە بە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی گوت "من لەگەڵ هاوکارێکی دیکە بە ناوی عەلی ڕەزایی، دۆسیەی ژینا ئەمینیمان لە ئەستۆ گرتووە."

دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ بەڕێز نیکبەخت، لێدوانەکانی ناوبراوی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیسنا پشتڕاستکردەوە کە گوتبووی "عەلی ڕەزایی، پارێزەری دیکەی ژینا ڕۆژی دووشەممە لە دادگای تاوانەکان ئامادەبووە و کۆمەڵێک ڕوونکردنەوەی پێشکەش بە شەهریاری، داواکاری گشتیی تاوانەکان کردوە و پاشانیش لێکۆڵەری تایبەتی دۆسیەکە لەگەڵ پارێزەری دۆسیەکە و باوک و برا و کچی خاڵۆی ژینا ئەمینی بەدواداچوونی سەبارەت بە دۆسیەکە کردوە."

نیکبەخت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد و گوتی داوامان له‌ به‌رپرسی دادگای تاوان و لێكۆڵه‌ری دۆسیه‌كه‌ كردوە لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی پێویست و ورد له‌ شێوازی دەستبەسەرکردنەکەی ژینا تا گواستنه‌وه‌ی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی کەسرا ئه‌نجام بدرێت و ڤیدیۆ و وێنەی هەموو ساتەکان لەو کاتەی دەستبەسەرکراوە تا ئەو کاتەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بدرێتە دەستی پارێزەرەکانی و هەروەها دوایان کردوە بە شێوەیەکی بەردەوام مافی دەستڕاگەیشتنیان بۆ دۆسیەکە هەبێت.

جێی ئاماژەیە گرووپی عەدالەتی عەلی کە گروپێکی هاککردنی ئەلیکترۆنییە و بە گوتەی خۆیان دژی کۆماری ئیسلامی کار بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی ئێران دەکەن، ئەمڕۆ چوارشەممە نامەیەکی عەلی ئەمرایی یاریدەدەرێکی داواکاری گشتی بڵاوکردۆتەوە کە بۆ بەرپرسی دادگای گشتی تاوانەکانی نووسیوە و لە نامەکەدا بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان سەری ژینا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا کوتراوە بە قەراغی کۆنکریتی ئاوەڕۆی شەقامەکەدا.

بەپێی ئەو نامەیەی کە گرووپی عەدالەتی عەلی بڵاویان کردوەتەوە، پولیس و لێکۆڵەران لە شۆفێرانی تاکسی و پاسەوانانی پارکێکی نزیک لە شوێنی دەستبەسەرکردنەکەی ژینا و هەروەها لە دوکاندارنی ئەو ناوچەیە پرسیاریان کردوە و ئەوانیش ڕایانگەیاندووە کە ژینا ئەمینی لە کاتی گواستنەوەی بۆ ناو ڤەنی پولیس بەرگری کردووە و لە ئەنجامی ئەو ململانێیەشدا سەری ژینا بەربە کۆنکریتی ئاوەڕۆی شەقامەکە کەوتووە.

لە نامەکەدا هەروەها ئاماژە بە گوتەی کچێک کراوە کە لەگەڵ ژینا دەستبەسەر بووە و گوتویەتی ژینا لەناو ئۆتۆمبیلەکەی پولیسدا بە هۆی ئەو زەرپەیەی بەر سەری کەوتوە و خوێنی لێهاتوە، بەردەوام گریاوە و داوای موبایلەکەی کردوە، بەڵام پۆلیسەکان گرنگییان پێ نەداوە.

كوشتنی ژینا ماوەی 12 ڕۆژە شەپۆلێكی ناڕەزایی جەماوەریی لە ئێران دروست کردوە و هێزەکانی ئاسایش لە ئێران بەشێوەیەكی بەربڵاو و توندوتیژانە لەگەڵ خۆپیشاندەران مامەڵە دەکەن.

لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئەم ساتەوەختە سەدان هاووڵاتی، چالاکی مەدەنی، ڕۆژنامەنووس، خوێندکار، چالاکی سیاسی و ژنانی چالاک لە شارە جیاجیاکانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

کەشوهەوای شارە کوردنشینەکان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شوێنی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران بووە، تاکو ئێستاش لە ژێر بارێکی ئاسایشی قورسدایە و هێزە ئەمنییەکان لانیکەم لە چەند شارێک، لەوانە کامیاران، سنە، مەریوان، شنۆ و مەهاباد هێرشیان کردوەتە سەر ماڵەکان و خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان و چالاکانی مەدەنییان دەستبەسەر کردوە.

بە پێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە شارە کوردییەکاندا، ئەو ڕێکخراوەیە دەڵێت "بەهۆی پچڕان و خاوبوونی هێڵەکانی ئینتەرنێت و کەشی زۆر ئەمنی ئەو شارانەی کە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی جەماوەرین، زۆر زەحمەتە ئامارێکی تەواو و دروست لە دەستبەسەرکراوەکان دەست کەوێت"، هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەشڵێت ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان بە پێی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە تاکو ئیستا گەیشتوەتە 675 کەس و لەنێو ئەو کەسانەش دەستبەسەرکراون، لانیکەم 18 منداڵی تێدایە.

هەروەها بە پێی هەواڵێکی ڕێکخراوی هەنگاو، لە نێوان ڕۆژانی دووشەممە تا هەینی، زیاتر لە 70 ژنی کورد لە شارە کوردنشینەکاندا دەستبەسەر کراون کە هەنگاو تاکو ئیستاش ناسنامەی 52 کەسیانی پشتڕاستکردوەتەوە.

ژینا ئەمینی، ئەو کچە لاوە تەمەن 22 ساڵەی شاری سەقز بوو کە دوو هەفتە پێش ئێستا لە لایەن پولیسی ئاکاری ئێرانەوە کە بە گەشتی ئیرشاد بەناوبانگە، دەستبەسەر کرا و دوای سێ ڕۆژ بە هۆی مردنی مێشکەوە گیانی لەدەستدا و شایەتحاڵانیش دەڵێن لێدان و توندوتیژی پولیسەکان هۆکاری گیان لەدەستدانی ژینا بووە.