لە هەولێر یادی پێنج ساڵەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دەکرێتەوە

لە هۆڵی سەعد عەبدوڵای شاری هەولێر بە بۆنەی یادی پێنج ساڵەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق مەڕاسیمێک بەڕێوەدەچێت و تێیدا بە دەیان کەسایەتی و کاربەدەستی باڵای ناوچەکە ئامادە دەبن.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا لەو مەڕاسیمەدا وتاری سەرۆک کۆماری عێراق و وتاری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت و دواتر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وتارێک پێشکەش دەکات، کورتە فلیمێکیش پێشکەش دەکرێت و ڤیدیۆیەکی دەنگی تۆنی بلێریش کە ناردوویەتی نیشان دەدرێت و ئەو کەسانەشی کە کورتە ڤیدیۆیان ناردووە وەکو عەمار حەکیم و کەسایەتی تر لەبەرنامەکەدا بڵاودەکرێتەوە.

دکتۆر محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی مام جەلال بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دامەزراوەی مام جەلال بەم بۆنەیە هەڵساوە کە بۆ یادی پێنج ساڵەی کۆچی دوایی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت و گووتیشی" دامەزراوەی مام دامەزراوەیەکی ناحکومی و قازانج نەویستی کلتوری و ڕۆشنبیری و نیشتیمانیە".

ئاشکراشی دەکات کە هەموو ئـەو شتانەی کە پەیوەندییان بە مام جەلالەوە هەیە وەکو ژیانی هەر لە منداڵیەوە تا کۆچی دوایی دەکرێتە ئەرشیف و تۆماردەکرێت، هەمیش دەکرێتە کتێب و کۆدەکرێتەوە، ئەو کەسانەی کە دۆستی مام جەلال بوون بانگکراون.

محەمەد سابیر ڕاشیدەگەیەنێت کە سەرۆک حزبەکانی بەغدا و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان و هەموو سەرۆک حزبەکانی کوردستانی عێراق بانگهێشتکراون ئەمە جگە لە کونسوڵ و باڵیۆزەکانیش کە بانگهێشتکراون.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژە بۆ دەکەن کە زیاتر لە هەشتا کەسایەتی و کاربەدەستی باڵا و جیاجیا لە عێراقەوە گەیشتوونەتە هەولێر بۆ بەشداری لە مەڕاسیمی یادی پێنج ساڵەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێڕاق و دواتر بە فڕۆکەیەکی تایبەتەوە دەگەڕێنەوە بەغدا.

سەمیر هەورامی گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی فەخامەتی سەرۆک مام جەلال، مەڕاسیمێک لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی حیزبی وحکومی وکەسایەتی ناوداری نێوخۆیی و دەرەکی".

سەبارەت بەوەی کەوا بۆچی ئەمساڵ بەو شێوەیە بەرفراوانە یادی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دەکرێتەوە؟ سەرۆکی دامەزراوەی مام جەلال گوتی " ئـەوە پێنج ساڵە یادێکی ئەوتۆ بۆ مام جەلال نەکراوەتەوە ئەمساڵ کە دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دامەزراوە بە پێویستمان زانی وەکو چالاکیەکی ئـەم دامەزراوەیە یادێکی باشی لە ئاستی مام جەلال بۆ بکەین."

دکتۆر محەمەد سابیر ڕاشیگەیاند " بۆیە هەولێرمان هەڵبژارد چونکە پایتەختی هەرێمی کوردستانە لەلایەکی تریش هەموو بارەگای کۆنسوڵخانەکان و بارەگای بەشێکی زۆری حزبە سیاسیەکانی عێراق لە هەولێرە و ڕەوشی ئەمنیش لە هەموو ڕوویەکەوە ئارامە، بۆیە بە پێویستمان زانی هەولێر باشترین بژاردەیە، هەروەها بۆنەیەکیش بێت بۆ بینین و یەکترناسینی کەسایەتیە سیاسییەکان."

لەبارەی ژمارەی ئامادەبووانی مەڕاسیمەکە، سەرۆکی دامەزراوەی مام جەلال گوتی" کورسی بۆ 613 کەس دانراوە و لە دەرەوەی وڵاتیش بانگهێشت کراون. عەبدوڵا گول و عەلی بابەجان نامەیان ناردووە و هەروەها سەرۆکی ئێرانیش نامەی ناردووە جگە لەوەی کە نوێنەرانی خۆی ناردووە، وەکو بۆنەیەکی نەتەوەیی وایە و هیوادارین بتوانین لە داهاتوودا شتی باشتربکەین."

بەپێی زانیارییەکان لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا وتاری بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری پێشووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لایەن قوباد تاڵەبانیەوە پێشکەش دەکرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری