شیکارییەکان بۆ دوایین وتاری ڕێبەری ئێران سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ١٢ ڕۆژ لە بێ دەنگی و دیارنەبوونی، ڕۆژی دووشەممە لە رێگای بڵاوکردنەوەی وتارێکەوە بێدەنگی خۆی شکاند و هەڕەشەی لە هەموو خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری ئێران کرد.

خامنەیی لە ١٦هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی٢٢ ساڵ تەمەن لە ئێران هەڵگیرساون، بێدەنگیی خۆی لەو بارەیەوە شکاند و گوتی "ڕاشکاوانە دەڵێم کە ئەم ڕووداوانە لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیل و شوێنکەوتووانیان ئاراستە دەکرێت."

میدیا ناوخۆیی و حکومەتییەکانی ئێران دەڵێن لێدوانەکەی خامنەیی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەفسەری هێزە چەکدارەکان لە زانکۆی ئیمام حەسەن بووە. ئەو لە وتارەکەیدا بانگەشەی ئەوە دەکات و دەڵێت "ئەگەر ئەم کچە لاوەش نەبوایە، دۆژمنان هەر بیانوویەکی دیکەیان بۆ دروستکردنی نائەمنی و ئاژاوە لە وڵاتەکەماندا لە یەکەم ڕۆژی وەرزی دەستپێکی خوێندنی خوێندکاراندا دەدۆزییەوە."

خامنەیی لە وتارەکەیدا دەشڵێت کە "دەربڕینی خەمباریی ئەمەریکاییەکان سەبارەت بە گیان لەدەستدانی کچێک درۆیە" و گوتی "بەپێچەوانەی ئەو شتانەی کە دەریدەبڕن، ئەوان دڵخۆشن بەم ڕووداوە بۆ دروستکردنی ئاژاوە."

کاوە قوڕەیشی، ڕۆژنامەوان و چالاکێکی دیاری تۆڕی تویتەر لەبارەی وتارەکەی ڕێبەری ئێرانەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "قسەکانی خامنەیی دووپاتکردنەوەی هەمان قسەکانی ڕابردوو بوو، ئەو هەمیشە ناڕەزایەتییەکانی ئێران گرێ دەداتە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە و ئەوان تۆمەتبار دەکات."

قوڕەیشی گوتیشی جیاوازی وتارەکەی ئەمجارەی خامنەیی سەبارەت بە وتارەکانی ڕابردووی لە دۆخی هاوشێوەدا، لەوەدایە کە وتارەکەی خامنەیی هەرچەندە لە ڕێگای نووسینەوە بڵاو بووەتەوە، بەڵام هەواڵەکانی سەبارەت بە مردن و ناساغ بوونی ڕەتکردوەتەوە و ئەو گوتیشی جاران خامنەیی لە دۆخێکی هاوشێوەدا لە شوێنێکی گشتی وەک نوێژی هەینی دەردەکەوت و بە توندی خۆپیشاندانەکانی سەرکۆنە دەکرد و فەرمانی سەرکووتی دەدا.

جێی ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش ئێستا میدیاکانی دەرەوە و هەندێ لە چالاکوانان هەواڵی ناساغ بوونی ڕێبەری ئێرانیان بڵاوکردەوە، لەوانەش ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بوو کە ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە ڕەوشی تەندروستی عەلی خامنەیی جێگیر نییە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

کاوە قوڕەیشی دەڵێت هەرچەندە ئەگەری ئەوەش هەیە کە وتارەکەی خامنەیی قسەی ئەو نەبێت و دۆخی تەندروستی لەبار نەبێت بۆ لێدوان، بەڵام گەر وتاری خوودی خامنەیش بێت، وتارەکەی وەک جاران کاریگەریی نییە و تەنها خۆپیشاندەران تووڕەتر دەکات.

خامنەیی هەروەها لە وتارەکەیدا کوژرانی ژینا ئەمینی بە ڕووداوێک ناوبردوە و خۆپیشاندەرانی بە سوتاندنی قورئان و لابردنی سەرپۆشی ژنانی باڵاپۆش و سووتاندنی مزگەوت تۆمەتبار کردوە و گوتوێتی "لەم ڕووداوەدا کچە لاوێک گیانی لەدەستداوە و ئێمەش پێی خەمباربووین، بەڵام کاردانەوەکان بەرامبەر ئەم ڕووداوە،بەبێ لێکۆڵینەوە و بەبێ بڕیارێکی کۆتایی لە سەر ڕووداوەکە، بەو شێوە بێت کە هەندێک کەس بێن و شەقامەکان نائەمن بکەن، قورئان بسووتێنن، حیجاب لە سەری ژنێکی باڵاپۆش لاببەن ، ئاگر لە مزگەوت و حوسێنییە و ئۆتۆمبێلی خەڵک بەردن، ئەمانە کاردانەوەی ئاسایی و سروشتی نییەن."

ئیدیعا و بانگەشەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە هەندێک کەس لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە پلانی لەو شێوەی هێزەکانی ئاسایشیان بۆ بە لاریدابردنی خۆپیشاندانەکان ڕاگەیاندبوو، تەنانەت ڤیدیۆی لەناوبردنی موڵکی گشتی و ئۆتۆمبێلی خەڵک کە دەوترێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراوە، لە تۆڕەکاندا بڵاوکرایەوە.

ئەفسانە بەهشتیزادە، چالاکوانی مەدەنی و ژنان لەبارەی دوایین لێدوانەکەی ڕێبەری ئێرانەوە بە دەنگی ئەمەریکای بەشی کوردی گوت " کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بڵێت هۆکاری ناڕەزایەتییەکان کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە نییە، وەک هەمیشە هۆکارەکانی گرێ دەداتە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە.

بەهشتیزادە لەبارەی تۆمەتەکانی خامنەییەوە سەبارەت بە سووتاندنی مزگەوت و شوینە گشتییەکان گوتی هێزە ئەمنییەکان وەک پاساو هێنانوە بۆ سەرکوتی زیاتر هەوڵ دەدن خۆیان کاری لەو شێوەیە بکەن و بیخەنە ئەستۆی خۆپیشاندەران.

ئەو گوتیشی نموونەکەی کوشتنی فەرماندەیەکی هێزەکانی پولیس بووە لە مەریوان بە دەستی هێزەکانی خۆیان، بەڵام حکوومەت هەوڵیداوە کوشتنەکەی بخاتە ئەستۆی خۆپیشاندەران.

ئەفسانە بەهەشتیزادە گوتیشی نموونەی دیکە کارە تێکدەرانەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان، بوردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان بوو لە کوردستانی باشوور و ئێران ویستی بەو شێوەیە پاڵ بە حیزبە کوردییەکانەوە بنیات بۆ ئەوەی کاردانەوەی چەکدارانەیان هەبێت و گوتیشی بەڵام جێگای خۆشحاڵییە کە ئەوان بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پرسەدا کردوە و نەکەوتوونەتە ناو یاریی کۆماری ئیسلامییەوە.

ڕیبەری ئێران گوتیشی "بەرپرسانی هەر سێ دەزگای ئێران خەمباری خۆیان لە ڕووداوەکە دەربڕیوە و دەزگای دادوەریش بەڵێنی داوە تا کۆتایی دۆسییەکە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات بۆ ئەوەی بزانرێت تاوانبارێک لە ئارادا هەیە یان نا و تاوانبار کێیە و لێکۆڵینەوەش واتە ئەمە."

گوتەکانی ڕیبەڕی ئێران سەبارەت بە بەدواداچۆن بۆ چۆنییەتی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە کاتێکدایە کە پارێزەری خێزانی ژینا ڕایگەیاندوە کە پزیشکی دادوەری ئێران هەوڵدەدات گیان لەدەستدانی ژینا ببەستێتەوە بە نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکی پانزدە ساڵ پێش ئێستا کە بۆ ناوبراو کراوە.

ساڵح نیکبەخت وەک پارێزەری خێزانی ژینا لە دوایین گفتوگۆیدا لە بارەی دۆسییەکەی ژیناوە گوتی "من و هاوکارێکم داوای هەموو وردەکارییەکانمان کردوە سەبارەت بە دۆسییەکە، لەوانەش ڤیدیۆی ساتی دەستبەسەرکردنی ژینا تا ئەو کاتەی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و هەروەها لێدوانی ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، بەڵام تاکو ئیستا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکراوە."

هەروەها یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی ڕێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران‌‌ به‌رامبه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ سه‌رتاسه‌رییەکانی ئێران هیچ ئاماژەیەکی سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ تێدا نەبوو کە یەکێک لە پرسە بنەڕەتییەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی خەڵکی ئێرانە و ئەو لەو بارەیەوە ته‌نها گوتی که‌ مه‌سه‌له‌که‌ حیجاب نییه‌ و که‌سانی بێ حیجابیش لایه‌نگری کۆماری ئیسلامین.

دکتور فاتمە کەریمی، پسپۆڕ لە بواری کۆمەڵناسی جێندردا لەبارەی قسەکانی خامنەییەوە سەبارەت بە پەرواێز خستنی داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران کە لابردنی حیجابی زۆرەملێیە، بە دەنگی ئەمەریکای گوت "هۆکاری پەرواێز خستنەکە و ئاماژەنەدانی ڕێبەڕی ئێران بە پرسی حیجابی زۆرەملێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران زیاتر لە چوار دەیەیە کار بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ دەکەن و پێشکەشکردنی نموونەی ژنێکی باڵاپۆش لە نێۆخۆ و دەرەوەی ئێران یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بیروباوەڕی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە و هەر بۆیەش ئەگەر خامنەیی ڕەخنە لەو کردارە بگرێت واتە ڕەخنەی لە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی گرتوە."

دکتور کەریمی گوتیشی "پرسی لابردنی حیجابی زۆرەملێ کە داواکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی ئێرانە، تەنها لابردنی سەرپۆش و لەچک نییە، بەڵکو داواکارییە بۆ نەمانی زیاتر لە چوار دەیە ستەمی جێندەری و نەمانی سنووردارکردنی مافەکانی ژنانە لە هەموو بوارەکاندا."

خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی وڵاتەکەی کرد کە بە شێوەیەکی جددی مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن و ئەو خۆپیشاندەرانی بە ژمارەیەکی کەم ناوبرد کە بە گوتەی ئەو "پاشماوەی ئەو توخمانەن کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لێیان دراوە، وەک مونافیقەکان، جودایخوازان، پاشاخوازەکان و خێزانی ساواکییەکان."

ئەفسانە بەهەشتیزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە داهاتووی خۆپیشاندانەکانی ئێران گوتی ڕەنگە سەرکوتەکان دوای قسەکانی خامنەیی زۆتر بێت، بەڵام وتارەکەی خامنەیی کەمترین کاریگەری دەبێت لەسەر خۆپیشاندەران و نابێتە هۆی ئەوەی خەڵک شەقامەکان چۆڵ بکەن.

ژینا ئەمینی سێ هەفتە لەمەوبەر لەدوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پولیسی ئاکاری ئێرانەوە گیانی لەدەستدا و لەو کاتەوە تاکو ئێستا لە شارەکانی ئێراندا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان دروستبووە و خۆپیشاندەران دروشمی دژی خامنەیی دەڵێنەوە و خوازیاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.