عەباس فەتاح: لە هیچ بڕگە و ماددەیەکی یاسایی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان نیە جگە لە عورف

Abbas Fatah

ڕۆژی 6ی یازدەی ئەمساڵ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەمەنی یاسایی ئەم خولەی تەواو دەبێت، بەپێی پڕۆژە یاسایەک کە بە واژۆی پەرلەمانتارانی پارتی،یەکێتی، هەروەها ژمارەیەک پەرلەمانتاری گۆڕان و کەمەنەتەوایەتییەکان، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەمەنی ئەم خولەی خۆی بۆ ساڵێک زیاتر درێژ دەکاتەوە و پڕۆژە یاساکەش دەخرێتە دەنگدانەوە.

عەباس فەتاح جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان(لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان) دەڵێت "ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین ماوه‌ی په‌رله‌مان درێژده‌كه‌ینه‌وه، واتە ئەوە مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاره‌زووی خۆیان ماوه‌ كورت ده‌كه‌نه‌وه‌ و درێژده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌به‌رخۆیان و گوێ له‌ده‌نگی ده‌نگده‌ره‌كانیان ناگرن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ حزبه‌ سیاسیه‌كانن، كه‌ ماوه‌ی په‌رله‌مان درێژده‌كه‌نه‌وه‌، درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان واته‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی حكومه‌ت و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موویان په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌ک بابه‌ته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام مادام ده‌ستور نییه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان په‌رله‌مانی كوردستانه‌ ئیتر په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت ئه‌م ئه‌ركه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی."


" ئه‌مه‌ حه‌وته‌مین جاریه‌تی "

وه‌كو ئه‌ندامێكی لیژنه‌یی یاسایی په‌رله‌مان هه‌تا چه‌ند درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌ كارێكی یاسایی و دروست ده‌بینیت له‌ كاتێكدا هه‌ندێک پێیانوایه‌ كه‌ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ نادروسته‌ چونكه‌ خه‌ڵک بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌نگ ده‌دات به‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی قسه‌ی ئێوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ چیه‌؟

لە وەڵامدا عەباس فەتاح وتی" بێگومان ئه‌مه‌ ڕاسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆشاییه‌كی یاساییمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستورمان نیه‌ بێگومان له‌م حاڵه‌ته‌دا په‌رله‌مان ده‌بێته‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، سه‌باره‌ت به‌ درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، بێگومان دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ به‌رده‌وامی له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌مووی له‌ دۆخی تایبه‌تی تێپه‌ڕیون، هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاری نییه‌ ئه‌م بابه‌تە(درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان) بكات، پێموایه‌ ئه‌مه‌ حه‌وته‌مین جاریه‌تی بۆ درێژكردنه‌وه‌ی خوله‌كانی په‌رله‌مان توشی ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌بێت له‌هه‌موو خوله‌كانی ڕابردووی په‌رله‌مان كراوه‌ و ئه‌نجامدراوه. "


" هیوادارم كۆتاجار بێت "

‌جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی هەرێم ئەوەشی وت" له‌ هیچ بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی یاسایی په‌رله‌مان نییه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ ده‌توانرێت خوله‌كانی په‌رله‌مان درێژبكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ واقیعه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌نها هه‌یه‌ له‌ خوله‌كانی ڕابردوو بووه‌ به‌ عورفێک له‌ حاڵه‌تێک توشی ته‌نگه‌ژه‌ و بارودۆخێكی نائاسایی ده‌بین ناتوانرێت هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت وه‌كو لە خوله‌كانی ڕابردوو چۆن كراوه‌ له‌ په‌رله‌مان پرۆژه‌یه‌ک ئاماده‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت كه‌ ناتوانرێت بكرێت، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ی كه‌ نه‌توانرێت هه‌ڵبژاردن بكرێت له‌كاتی خۆی و په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردێته‌وه‌ و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان هه‌مووی ده‌كه‌وێته‌ بۆشایی یاسایی و حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر ناتوانێت كاره‌كان بكات، هیچ بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی یاسایی نییه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته،‌ به‌ڵێ له‌ ڕابردوو كراوه‌ و بۆته‌ عورفێكی یاسایی هیوادارم كۆتاجار بێت. "


" بتوانین ده‌ستورێک بۆ هه‌رێمی كوردستان دابڕێژین و هه‌موو ئه‌م بابه‌تانه‌ كۆت و به‌ند بكه‌ین كه‌ پێی ده‌ستور نه‌توانرێت هیچ خولێكی په‌رله‌مان له‌كاتی خۆی دوابكه‌وێت "

عەباس فەتاح ئەوەشی وت"هه‌ر په‌رله‌مانتارێک كه‌ دێته‌ په‌رله‌مان خۆی ده‌زانێت كه‌ خولی په‌رله‌مان چوار ساڵه‌ پێموایه‌ هیچ په‌رله‌مانتارێک و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیش ناتوانن پێشبینی چوار ساڵی پێش خۆی بكات كه‌ چی ڕووده‌دات له‌ هه‌رێمی كوردستان و دۆخه‌كه‌ چی لێدێت؟ ئایا هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆی ده‌كرێت؟ یان ناكرێت؟ بۆیه‌ ناتوانێت پێشوه‌خته‌ پێشبینی ئه‌م بابه‌ته‌ بكات پێموایه‌ هه‌م یاساییه‌كان و په‌رله‌مانتار و هه‌م خه‌ڵكی كوردستان له‌ ڕابردوو هه‌م حیزبه‌ سیاسیه‌كان به‌گشتی واقیعه‌كه‌یان بینیووه‌ به‌چاوی خۆیان ئه‌مه‌ ئه‌زموونی یه‌كه‌م نییه‌ كه‌ ڕووبدات له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مانتاران یان كه‌سێک كه‌ خۆی كاندید ده‌كات هیواردم ئێمه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بتوانین ده‌ستورێک بۆ هه‌رێمی كوردستان دابڕێژین و هه‌موو ئه‌م بابه‌تانه‌ كۆت و به‌ند بكه‌ین كه‌ پێی ده‌ستور نه‌توانرێت هیچ خولێكی په‌رله‌مان له‌كاتی خۆی دوابكه‌وێت، من ناتوانم پاكانه‌یه‌كی یاسایی بكه‌م بۆ ئه‌م دۆخه‌ بۆچی ئاوای لێهاتووه؟‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاریشه‌ له‌ عێراق هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌ كرا كه‌ ده‌ستوریان هه‌یه‌ و له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن و بڕیاریاندا پێشوه‌خته‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت به‌ڵێ كردیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌كاتی خۆیشی دواكه‌وت و هه‌تا ئێستا نه‌توانراوه‌ حكومه‌تی عێراق پێكبهێنرێت هه‌تا ئێستا گومانیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانرێت حكومه‌تێک پێكبهێنرێت و حكومه‌ته‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، ئێمه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌ت نین كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ده‌وڵه‌تان پشتگیریه‌كی ته‌واو و (صریح) مان بكه‌ن، نه‌ته‌وه‌ی كوردیش نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ به‌ به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ره‌ ئه‌مه‌ واقیعێكه‌ ده‌بێت بزانرێت له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م دۆخانه‌ی كه‌ تووشی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت پێموانییه‌ هیچ كه‌س بتوانێت ئه‌م پێشبینیه‌ی بۆ بكات. "

عەباس فەتاح دەشڵێت" خۆزگه‌ له‌كاتی خۆی هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ چوار ساڵ جارێک خۆزگه‌ ده‌ستورێكمان هه‌بووایه‌ ڕێگه‌ و جێگه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌ی دیاری بكردایه‌ كه‌ له‌ چ حاڵه‌تێک ده‌توانرێت په‌رله‌مان درێژبكرێته‌وه‌ و چه‌ند ده‌توانرێت درێژبكرێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ ته‌گه‌ره‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان عێراق ئێستاش نه‌یتوانی حكومه‌ت پێكبهێنێت خۆ ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌شه‌ و نه‌یتوانی و عێراق به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌ڕوات ئێمه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌رێک بدۆزینه‌وه‌ بۆ دۆخه‌كه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌مووی بكه‌وێته‌ بۆشایی یاسایی له‌وانه‌یه‌ هه‌م وڵاتانی ده‌وروبه‌ر هه‌م له‌ عێراقیش زیاتر گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆخه‌دا بۆیه‌ وه‌كو وتراوه‌ له‌ هه‌ندێک حاڵه‌ت خراپ و خراپتر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ماوه‌كه‌ی بۆ درێژبكرێته‌وه‌، به‌ڵكو بتوانین چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌ و گرفتانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غداد و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان خودی حزبه‌كان خۆیان هه‌یه‌ له‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ئه‌م قسانه‌ی من بیانویه‌ک نییه‌ بۆئه‌وه‌ی درێژبكرێته‌وه‌ به‌ڵكو واقیعێكه‌ له‌به‌رچاومانه‌ هه‌یه‌ كه‌ یاسا و مادده‌یەک نییه‌. "

كه‌واته‌ په‌رله‌مان پشت به‌چی ده‌به‌ستێت وه‌كو ده‌وترێت (مایبنی علی باگل فهو باگل) كه‌واته‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ بابه‌تێكی بووچه‌ڵ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما یاساییه‌ بڕیار ده‌ده‌ن؟

لە وەڵامدا جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی"ئه‌م بابه‌ته‌ پوچه‌ڵ نابێت له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی به‌م په‌رله‌مانه‌ داوه‌ له‌ناو خه‌ڵكی كوردستان زۆرترین ده‌نگه‌كانی ئه‌م حزبانه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌نگی هێناوه‌ ئه‌مه‌واقیعه‌ و به‌ده‌ست من نییه‌ واته‌ ئه‌مه‌ نوێنه‌ره‌كانیانه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌حاڵه‌كاتێكدا كه‌ ده‌ستور نییه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵات ، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ پشتی پێده‌به‌سترێت و دوباره‌ بۆته‌وه‌ له‌ڕابردوو عورفیش وه‌كو به‌شێک له‌ یاسا ئیشی پێده‌كرێت بۆته‌ به‌ عورفێک له‌ حاڵه‌تی ته‌نگه‌ژه‌دا ئه‌مه‌ به‌شێک بووه‌ له‌ چاره‌سه‌ر. "

" مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاره‌زووی خۆیان ماوه‌ كورت ده‌كه‌نه‌وه‌ یا درێژ دەکەنەوە... "

ئایا ته‌نگه‌ژه‌كه‌ چییه‌ ئێستا دۆخی هه‌رێمی كوردستان هه‌تا ڕاده‌یه‌ک ئاساییه‌ له‌ چاو عێراقدا و شه‌ڕی داعشیش نییه‌؟

وەڵامەکەی عەباس فەتاح بەمجۆرە بوو"ئه‌گه‌ر به‌ڕاشكاوانه‌ قسه‌بكه‌م ئه‌گه‌ر ئێستا بمانه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكه‌ین كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ڵێت شه‌ش مانگمان پێویسته،‌ به‌ڵام ئێمه‌ یه‌ک مانگمان ماوه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌حاڵه‌ته‌كان كه‌ ناتوانرێت له‌كاتی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكرێت، حاڵه‌تی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كۆمیسۆنه‌كه‌ كارا نییه‌ و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژاردنی نییه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی پێبدرێته‌وه‌، حزبه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌كۆی گشتی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كۆمیسیۆن و چۆنیه‌تی كاراكردنه‌وه‌ی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی قسه‌یان هه‌یه‌ و هه‌تا ئێستا ڕێكنه‌كه‌وتوون، سێیه‌م كۆی گشتی حزبه‌كان پرۆژه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و به‌شێک پێیانوایه‌ ده‌بێت یاساكه‌ بگۆڕدرێت به‌مشێوه‌یه‌ و به‌شه‌كه‌ی تریش ده‌یانه‌وێت بمێنێته‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت ده‌بێت دوو بابه‌ت زۆر ئاماده‌بن بۆی یه‌كه‌م ده‌بێت یاسایه‌ ئاماده‌ بێت بۆئه‌وه‌ی كه‌ بزانرێت به‌ چ یاسایه‌ک هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی كۆمسیۆن كار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بكات، كۆمیسیۆنێک بێت ئاماده‌ بێت كه‌ به‌ڕاستی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی پێدرابێت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و كۆمیسۆنه‌ ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌ نزیكه‌ی سێ ساڵه‌ به‌سه‌رچووه‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی پێبدرێته‌وه‌ یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت هه‌موو ئه‌م بابه‌تانه‌ پێویستیان به‌ ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌ و تاوانه‌كەی هیچ له‌ئه‌ستۆی په‌رله‌مانی كوردستان نییه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان سبه‌ینێ ڕێكبكه‌ون دووسبه‌ی بڕیار ده‌درێت ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دۆخی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ ڕێكنه‌كه‌وتوون ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاره‌زووی خۆیان ماوه‌ كورت ده‌كه‌نه‌وه‌ و درێژده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌به‌رخۆیان و گوێ له‌ده‌نگی ده‌نگده‌ره‌كانیان ناگرن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ حزبه‌ سیاسیه‌كانن له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردن و كاتی هه‌ڵبژاردن نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر له‌پێناو دروستنه‌بوونی كێشه‌ و بۆشایی یاسایی گیروگرفتی زیاتر و گه‌وره‌ بوونی ئاڵۆزییه‌كان له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان په‌رله‌مان ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ بۆ ماوه‌دان به‌ لایه‌نه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردن. "

له‌ دوای 6 ی یازدە وه‌ک په‌رله‌مانتارێک په‌رله‌مان ناوده‌به‌یت به‌ په‌رله‌مانێكی ماوه‌ درێژكراوه‌ وه‌كو چۆن له‌ ڕابردوودا به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمتان ده‌تانوت سه‌رۆكایه‌تی ماوه‌ به‌سه‌رچوو ئایا ئه‌م ناوانه‌ له‌ خۆشتان ده‌نێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ خۆشتان هه‌مان كارتان ئه‌نجامداوه‌؟

لە وەڵامدا عەباس فەتاح وتی"ئه‌وكاته‌ی كه‌ ماوه‌كه‌ی درێژكرایه‌وه‌ و ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رچوو ئه‌وكاته‌ قسه‌ ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌. "

" لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانن كه‌ ماوه‌ی په‌رله‌مان درێژده‌كه‌نه‌وه "

ئێوه‌ وه‌كو یه‌كێتی له‌ڕابردوودا دژی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كان بوون، به‌ڵام له‌ئێستادا خۆتان یه‌كێكن له‌و لایه‌نانه‌ ئه‌م گۆڕانكاریه‌ له‌ چیدا ڕوویداوه‌؟

لە وەڵامدا عەباس فەتاح(جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەڕێم) وتی"ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین ماوه‌ی په‌رله‌مان درێژده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانن كه‌ ماوه‌ی په‌رله‌مان درێژده‌كه‌نه‌وه‌، درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان واته‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی حكومه‌ت و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موویان په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌ک بابه‌ته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی مادام ده‌ستور نییه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان په‌رله‌مانی كوردستانه‌ ئیتر په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت ئه‌م ئه‌ركه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی پێی بێت یان باوه‌ڕی پێی نه‌بێت و پێی خۆش بێت یان پێی خۆش نه‌بێت ئه‌گه‌ر لادان بێت له‌ هه‌ندێک بڕگه‌ و مادده‌ی یاساییش، به‌ڵام له‌پێناو ئاڵۆز نه‌بوونی دۆخه‌كه‌ و له‌پێناو زیاتر گرژنه‌بوونی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت چاره‌سه‌رێک بدۆزرێته‌وه،‌ به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم زۆر جیاواز بووه‌ هیچ گرفتێک نه‌بووه‌ چونكه‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژاردنی كردووه‌ ئه‌وكات ده‌بوو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش هه‌ڵبژاردن بكات، به‌ڵام نه‌كراوه‌ ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌م دۆخه‌وه‌ نییه‌ ئێستا كۆی داموده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كان ماوه‌كه‌ی بۆ درێژده‌كرێته‌وه‌ واته‌ ته‌نها په‌رله‌مانی كوردستان نییه‌ چونكه‌ كه‌ 6-11 ماوه‌ی په‌رله‌مان كۆتایی هات حكومه‌تیش ده‌بێته‌ حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش ده‌سه‌ڵاتی نامێنێت واته‌ په‌یوه‌ندی یه‌ک لایه‌نه‌ نییه،‌ به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌كۆی پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و دۆخه‌كه‌ی ئێستاوه‌ هه‌یه‌ . "

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی عەباس فەتاح