ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵیداوە سنورەکانی هەرێمی کوردستان ببەزێنێت، بەڵام لەگەڵ حیزبە کوردیەکانی رۆژهەڵاتدا ڕووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا و لە ناوچە کوردیەکانی ئێران، 26 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1200 کەسیش برینداربوون.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەرسەلان یار ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەڵێت "ئێران هێزێکی زۆری بەچەکی قورسەوە لە تاران و ئەسفەهان و هەمەدان و ناوچەکانی ترەوە هێناوەتە ناوچە کوردییەکان و جێگیری کردوون، ئەو هێزانە تۆپ و ساروخ و کاتیۆشاو ئۆتۆمبێلی موشەک هاوێژیان پێیە."
جەختیشیکردەوە "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەهۆی چڕبوونەوەی خۆپیشاندان لە ناوچەکانی تر، ئێران بەشێک لەو هێزانەی لە سنە و سەقز گەڕاندووەتەوە بۆ شارەکانی خۆیان."
ئەرسەلان یار ئەحمەدی، بە پشت بەست بە زانیاری حیزبە کوردیەکانی ئێران ڕوونیکردەوە، لە ناوچە سەر سنوریەکانی نێوان هەرێم و ئێرانیش، چەندین جار پێکدادان لە نێوان حیزبە کوردیەکانی ئێران و سوپای پاسداران ڕوویداوە و زانیاریەکان نەگەیشتوونەتە میدیاکان، وتی"ئێران نیازی بەزاندنی سنوری هەرێمی هەیە، بەڵام تا ئێستا نەیبەزاندووە."
سەبارەت بەو زانیاریانەی هەن گوایە حیزبە کوردیەکانی ئێران لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ چۆڵکردنی ناوچە سنوریەکان ئاگادارکراونەتەوە، تا ناوچەکانی هەرێم پارێزراو بن لە هێرشی زەمینی ئێران، ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەنگاو وتی"حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات ڕەتیدەکەنەوە لەلایەن هەرێمەوە داوای لەو شێوەیان لێکرابێت، بەڵام چالاکوانانی ڕۆژهەڵات کە ئەندامی حیزبەکانیشن، دەڵێن ئەو داوایە لە حیزبەکان کراوە."
ئەرسەلان یار ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکراشیکرد، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە و لە ناوچە کوردیەکانی ئێران، 26 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، کە سیانیان لە تاران و ورمێ و قەزوین "شەهیدبوون"، هەروەها 1200 کەسیش برینداربوون، 2000 کەسیش دەستگیرکراون و ناسنامەی 500 کەسیان لای ڕێکخراوەکەمانە، کە 70 ژن و 30 مێرد منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵیان تێدایە، وتی"تازە تەرمی مێردمنداڵێکی 16 ساڵی خەڵکی ورمێ ڕادەستی کەس و کارەکەی کراوەتەوە."
Your browser doesn’t support HTML5