ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بەداخەوە نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ئۆتۆمبێلێکی ئەفسەری ئەنجومەنی ئاسایش کە لە دژە تیرۆر کار دەکات بۆمبێکی چێنراو لەژێر ئۆمبێلەکەیدا تەقیوەتەوە شوفێرەکە کە ئەفسەرێکی ئەنجومەنی ئاسایشە گیانی لەدەستداوە و خوشکێکیشی بە ناوی عەیشان کە تەمەنی 39 ساڵە برینداربووە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت و تا ڕادەیەک دۆخی تەندروستی جێگیرە."
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە زانیاری زیاتر لەسەر ئەو ئەفسەرەی ئەنجومەنی ئاسایش و ڕووداوەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " ناوی هاوکار عەبدوڵا ڕەسوڵە تەمەنی 41 ساڵە و ڕووداوەکە لە گەڕەکی 32ی پارکی نزیک شەقامی 100مەتری و فەرمانگەی پاسەپۆرت ئەنجامدراوە، لێکوڵینەوە دەستی پێکردووە و هەر لەگەڵ ڕوودانی ڕووداوەکە لە ماوەی چەند خولەکێکدا تیمەکانی بەرگری شارستانی، تەندروستی، ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە بۆمبێک بە ژێر ئۆتۆمبێلەکەوە چێنراوە و ئەنجامدەرەکەش تا ئێستا دیارنییە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان وردەکاری تەواوی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە."
سەبارەت بە زانیاری زیاتر لەسەر ڕووداوەکە، سەرکەوت کاڕەش وتەبێژی پۆلیسی بەرگری شارستانی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " تەرمی کەسێک سووتابوو و دوو ئافرەت و دوو منداڵیش برینداربوون کە لە ئۆتۆمبێلەکە دەرهێنراون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون بەڵام ڕەوشی ئەو بریندارانە جێگیرە."
سەبارەت بەوەی کە دەگوترێت ئەو کەسەی کە گیانی لەدەستداوە عەقیدە و سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، ئومێد خوشناو پارێزگاری هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت" بەڵێ ڕاستە و دەوامی لە هەولێر نەبووە بەڵام ماڵی کەسوکاری لە هەولێر و نزیک ئەوێ بووە و ئەفسەر بووە لە ئەنجومەنی ئاسایش لە دژە تێرۆر و لە سلێمانی دەوامی کردووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هۆکارەکەی و ئەنجامدەری ئەو کارە بەردەوامن و لە زووترین کاتدا دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکە بێگومان بۆ ڕای گشتی تەواوی زانیاری ڕووداوەکە ڕادەگەیەنرێت."
لەبارەی بریندارانی ڕووداوەکە، پارێزگاری هەولێر گوتی" ڕەوشی بریندارەکە تا ڕادەیەک باشە بەڵام پێیەکانی سووتاوە و تەنها یەک کەس گەیشتووەتە نەخۆشخانە، وەک باس دەکرێت خەڵکی تریشیان لەگەڵ بووە بەڵام دیارە ڕەوشی ئەوان چۆنە و پێویستیان بە نەخۆشخانە نەبووە، خوشکی ئەفسەرەکە تەمەنی 39 ساڵە ئێستا لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری وەردەگرێت و پشکنینی زیاتری بۆ دەکرێت بەڵام ڕەوشی تەندروستی جێگیرە."
دژە تیرۆری کوردستان ئاشکرا دەکات بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و شۆفێرەکەی گیانی لە دەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیجی دژەتیرۆری کوردستان، لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لە دەست دا و دوو ژن و دوو منداڵیش کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون بریندار بوون.
سەبارەت بە چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، وتەبێژی پۆلیسی بەرگری شارستانی هەولێر گوتی " بەڵێ ئەو کاتەی کە ئاگادارکراینەوە بە زووترین کات بنکەی نەورۆزی ئێمە کە نزیکە لەو شوێنە گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە بەڵام بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی کە دژە تیرۆر دایناوە ئاگری بۆمبی چێندراو بەخێرایی تەشەنە دەکات."
کاڕەش دەشڵێت " تەرمی ئەو کەسەش دەرهێنرا و ڕەوانەی پزیشکی دادی کرا."
Your browser doesn’t support HTML5