ئەردۆغان و پوتن باس لە باشترکردنی پەیوەندییەکان و کۆتایی هێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا دەکەن

ڕۆژی هەینی نوسینگەی سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن هاوتا ڕووسیەکەی سەبارەت بە باشتركردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان قسەی كرد، هەروەها ئامادەیی ئەنقەرەی دووپاتکردەوە لە بەشداری هەوڵی چارەسەركردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بە شێوەیەكی ئاشتیانە.

بە گوێرەی بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەکانی تورکیا، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ لە ئۆکرانیا کە سەرەتای ئەمساڵ ڕووسیا هێرشی کردە سەر تاوتوێ کران.

تورکیای ئەندامی ناتۆ پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەردوو ئۆکرانیا و ڕووسیا هەیە و هەوڵی داوە هاوسەنگی لە نێوان پەیوەندییەکانی لە کاتی جەنگدا دروست بکات، سزاکانی ڕۆژئاوای بۆ سەر مۆسکۆ ڕەتکردووەتەوە لە هەمان کاتدا ڕەخنەی لە لەشکرکێشی ڕووسیا گرتووە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکداری بۆ کیێڤ دابین کردووە.

هاوکات لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، تورکیا نێوەندگیری ڕێککەوتنێکی کرد لە مانگی حەوتدا بۆ ڕێگەدان بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە، ئەمەش تاکە پێشکەوتنی دیپلۆماسی بەرچاوە لە جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

ئه‌نقه‌ره‌ و ڕووسیا له‌ نزیكه‌وه‌ هاوكارن له‌باره‌ی دابینكردنی وزه‌، له‌ كاتێكدا له‌سه‌ر سوریا و لیبیا و ئازه‌ربایجان ناكۆكییان هه‌یه‌.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز