حزبە کوردییەکانی ئێران و تورکیا: پلانێکی هاوبەش لە دژمان لە ئارادایە

هەرێمی کوردستان مانگێکی پڕ لە ئاڵۆزی و هێرشی تێپەڕاند، بەهۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر پەکەکە و چالاکوانە سیاسیەکانی نزیک لەو پارتە لە ناو خاکی هەرێم و هێرشی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکانی ئێران، ئەمەش وایکردووە هێزە کوردییەکانی تورکیا و ئێران چاوەڕوانی هەنگاوی تری هاوبەش لەو دوو وڵاتە بکەن.

حزبە کوردیەکانی ئێران و تورکیا ئاماژە بە پلانێکی هاوبەشی ئەو دوو وڵاتە دەکەن، پێیانوایە پێکەوە هەنگاوی جدی تر دەنێن لە دژی هێزە کوریدیەکان، بە تایبەت لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم و مەترسی هاتنە ناوەوەی زیاتری ئەو دوو وڵاتەش بۆ ناو خاکی هەرێم بە دوور نازانن.

مەترسی هێزە کوردیەکان لە پلانی هاوبەشی ئێران و تورکیا، دوای ناردنی پەیامی ئێران دێت بە بەرپرسانی عێراق دا بۆ هەرێم، سەبارەت بە بوونی حیزبە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان، هەروەها پاش سەردانەکەی هاکان فیدان ی سەرۆکی دەزگای میت دێت بۆ هەرێم.

عەتا سەقزی بەرپرسی پەیوەندیەکانی کۆمەڵە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ڕۆژانە هەواڵی هێنانی هێزمان لەلایەن ئێرانەوە بۆ سنورەکان پێدەگات، بە تایبەت لە ناوچەکانی هەڵگورد و شارباژێر، بۆیە چاوەڕوانی هەموو شت دەکرێ."

جەختیشیکردەوە"ئاسمانی هەرێم پارێزراو نییە، وڵاتانی هەرێمی بە ئاسانی کاری خۆیان دەکەن."

هەرێمی کوردستان گیرۆدەی دەست ناکۆکی نێوان ئێران تورکیایە لەگەڵ هێزە کوردیەکان، بەو پێیەی نەیتوانیووە رێوشوێنی پێویست بەرامبەر هێزە کوردیەکان بۆ دوورخستنەوەیان لە ناوچە سنوریەکان بگرێتە بەر و هەڕەشەی ئەو دوو وڵاتەش بۆ لەشکرکێشی کردنە سەر سنورەکان بە بیانووی هەبوونی ئەو هێزانەوە بەردەوامە.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندووە"چیتر دەستدرێژی ئەو گروپانەی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە پەناگە قەبوڵ ناکەین، دەسەڵاتدارانی هەرێمیش سەرباری بەڵێنەکانیان، کەچی جموجۆڵی گروپەکان لە ناو خاکی هەرێمەوە بەردەوامن دژ بە ئاسایشی ئێران."

خراپی دۆخی هەرێم و مەترسییە دەرەکیەکانی سەری لەکاتێکدایە، ناکۆکی لە نێوان حزبە کوردیەکانی ناوخۆی هەرێم لەسەر دەسەڵات و پێگەی سیاسی بەردەوامی هەیە، ئەمەش وایکردووە هۆشداریەکانی جنین پلاسخارتی سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مەترسیەکانی سەر هەرێم بەهەند وەرنەگیرێت.

سالار مەحمود چاودێری سیاسی ئاماژەبەوەدەکات، ئێران و تورکیا گرفتاری دەست کێشە ناوخۆییەکانیانن، ناڕەزایەتی ناوخۆی ئێرانی گرتووەتەوە و تورکیاش لەبەردەم هەڵبژاردندایە و دۆخی پارتەکەی ئەردۆگان باش نیە، بۆیە بە بیانووی بوونی مەترسی لەسەر وڵاتەکانیان، ئێران و تورکیا دەیانەوێت کێشەکانیان فڕێ بدەنە دەرەوە، وتی"هەرێمیش ناوچەیەکی لەبارە بۆ ئێران و تورکیا، بۆیە ئێستا هەرێم لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدایە، ناوخۆی هەرێم لەیەک ترازاوە، حکومەتی عێراق پێکنەهێنراوە، سەرباری مەترسیەکانی سەریشی، ئیرادەی سیاسی کوردستان هێشتا توشی ڕاچڵەکین نەبووە."

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، ئێران پلانی لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە سنوریەکانی هەرێم بەبیانووی بوونی هێزە کوردیەکان هەیە، بەڵام دەیەوێت پلانەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق ئەنجام بدات، ئەمەش جێبەجێکردنی پلانەکەی دواخستووە.

لای خۆشیەوە، زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"زیادبوونی هێرشەکانی مانگی ڕابردووی ئێران و تورکیا دژی هێزە کوردیەکان، دەرخەری ئەوەیە گەر ڕێککەوتنێکی تۆکمەش لە نێوان تورکیا و ئێران نەبێت، ئەوان لێکتێگەیشتن هەیە دژی هێزە کوردیەکان."

گوتیشی"عێراقیش لە ژێر کاریگەری ئێران و تورکیادایە، بۆیە ناچارە هەماهەنگیان لەگەڵ بکات."

بەهۆی لەشکرکێشی تورکیا لە ناوچە سنوریەکانی هەرێم، ژمارەیەکی زۆر گوند چۆڵبوون و زیانێکی زۆری مادی و گیانی بە دانیشتووانی ناوچە سنوریەکان گەیشتووە، لە حاڵەتی ئەنجامدانی هێرشیش لەلایەن ئێرانەوە، ژمارەیەکی زۆر ناوچەی هەرێم دووچاری زیان دەبن.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر