لەتیف ڕەشید بووە سەرۆک کۆماری عێراق و پارتی و یەکێتیش قسە لە بارەی هەڵبژاردنەکەوە دەکەن

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و چەقبەستوویی دۆخی سیاسی عێراق، دواجار پەرلەمانی عێراق، لەتیف ڕەشیدی وەکو سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵبژارد، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئێستاش، ماڵئاوایی لە پۆستەکەی دەکات.

لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، 277 پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکەیان کرد، لەتیف رەشید(157) دەنگ و بەرهەم ساڵەح ( 99) دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا، بەڵام لە گەڕی دووەمدا، (269) پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکەیان کرد و لەتیف رەشید بە زۆرینەی دەنگ بووە سەرۆک کۆماری عێراق.

پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کێشمەکێشێکی زۆری لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بوو، ڕێبەر ئەحمەد کاندیدی پارتی بوو بۆ پۆستەکە و بەرهەم ساڵەحیش کاندیدی یەکێتی بوو، بەڵام لایەنە شیعەکان چارەنوسی پۆستەکەیان بەلای بەرژەوەندی لەتیف ڕەشید دا یەکلایی کردەوە.

هەرچەندە یەکێتی هاوپەیمانی هێزە شیعەکانی ڕکابەری ڕەوتی سەدربوو، بەڵام زۆربەی پەرلەمانتارە شیعەکان دەنگیان بە لەتیف ڕەشید دا، ئەمەش لە پێناو قایلکردنی پارتی و خێرا کردنی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کلیلی پێکهێنەریەتی.

مەلا کەریم شکور جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئێمە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵیان هەبوو، بەشێکی کەمیان دەنگیان بە دکتۆر بەرهەم دا، ئەمە جێی نیگەرانییە."

هۆکاری دەرنەچوونەوەی بەرهەم ساڵەح بۆ ڕێککەوتنی نێوان مالیکی لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە دەگێڕدرێتەوە، بەوەی لەنێوان بەرهەم ساڵح و ڕێبەر ئەحمەدا، دەنگ بە لەتیف رەشید بدرێت وەکو چارەسەرێکی ناوەندی.

شوان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"پارتی بۆیە بە بەرهەم ساڵەح ڕازی نەبوو، چونکە بێدەنگ بوو بەرامبەر پێشێلکاریە دەستورییەکان، پاشان یەکێتی دەیویست پۆستەکە بە شەخسەنە و بە حزبی بکات، ئەمە دەبووە بنەمایەکی خراپ بۆ داهاتوو."

هەرچەندە لەتیف ڕەشید هاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی و هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە، بەڵام یەکێتی بە فەرمی پشتگیری نەکرد، بەڵکو تا دوا ساتەکان شەڕی دەرچوواندنی بەرهەم ساڵەحی کرد.

سەبارەت بەوەی دکتۆر لەتیف ڕەشیدیش سەر بە یەکێتی نیشتیمانییە، مەلا کەریم شکور وتی"کاندیدی فەرمی یەکێتی دکتۆر بەرهەم بوو."

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بە فەرمی پشتگیری خۆی بۆ لەتیف ڕەشید ڕاگەیاندووە، پێشتر هەموو هەوڵێکی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار خستبووە گەڕ، کاتێک دڵنیابوو لەوەی هاوکێشە سیاسیەکان لەبەرژەوەندی کاندیدەکەی نییە، کێشایەوە.

دەربارەی هۆکاری کێشانەوەی کاندیدەکەیان، شوان محەمەد گوتی"هاوپەیمانێتی نوێی ئیدارەدانی دەوڵەت باش هاتنە پێشەوە، پارتیش دەیویست دۆخی عێراق لە چەقبەستوویی دەربازی ببێت، نەیدەویست کورد ببێتە مایەی شەلەل بوونی پرۆسەی حوکمڕانی، بۆیە کاندیدەکەی کێشایەوە."