بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران و دوایین کاردانەوە نێونەتەوەییەکان لەمەڕ سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران

ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران هێشتا بەردەوامن، ئەمڕۆ سێ شەممە، 18ی مانگی دە، لە هەندێ لە زانکۆکانی ئێران، خوێندکاران دووبارە بە دروشمەکانی دژی حیجابی زۆرەملێ و دروشمی دژ بە دەسەڵاتداران هاتنەوە ناو شەقامەکان.

لەم گرتە ڤیدیویەدا کە ڕۆژنامەوانێکی ئێرانی لە تویتەری خۆی بڵاوی کردوەتەوە، خوێندکارانی زانکۆی شاری ڕەشت دەبینرێن کە لە ژێر باراندا داوای ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان دەکەن.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هاووڵاتییان، ڕۆژی سێشەممە، کڕیکار و کارمەندانی بەشی ناوەندیی گازی پارسی باشوور لە عەسەلویە و هەروەها کرێکارانی پیشەسازی نەیشەکری حەفت تەپە پەیوەست بوون بە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانەوە و ڕاپۆرته‌كان ئاماژه‌ به‌وەش‌ ده‌كه‌ن كه‌ كرێكارانی پیشەی بەرهەمێنانی بۆری لە شاری ماهشەر لە دوو هه‌فته‌ پێش ئێستاوە دەستیان داوەتە مانگرتن.

شەوی دووشەممەش لە شاری ئابدانانی پارێزگای ئیلام لاوانی ئەو شارە ڕژانە شەقامەکان و ئاگریان بەردایە پەیکەری بەسیجێک کە مەیدانی شارەکەدا.

بە پێی هەواڵێکی ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە میانی خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوو لە شاری ئابدانانی سەر بە پارێزگای ئیلام لانیکەم ٢٠ خۆپیشاندەر بە فیشەک و گازی فرمێسکڕێژی هێزەکانی ئاسایشی ئێرام بریندار بوون و لانیکەمیش ٨ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

هەروەها لە هەندێ لە گەڕەکانی شاری سنەش، سەڕەڕای سەرکوتی توندی هێزەکانی ئاسایش، بەڵام خۆپیشاندەران هێشتا دێنە دەرێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان.

هاوکاتی بەردەوامبوونی خوپیشاندانەکان، ڕۆژی سێشەممەش گوتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، جارێکی دیکە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا کاردانەوەی خۆی بەرامبەر بە دۆخی خراپی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران نیشان دا.

لە بەیاننامەکەدا داوا لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کراوە کە بەکارهێنانی ناپێویست و توندوتیژانەی هێزەکان لە دژی خۆپیشاندەران ڕابگرن.

گوتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە لێکۆڵینەوەی خێرا و بێلایەن و سەربەخۆ لە هەموو پێشێلکارییە گوماناوییەکان، لەوانەش کوشتنی منداڵان ئەنجام بدەن و دڵنیابن لە دادگایی کردنی تاوانباران.

جێی ئاماژەیە کە پێشتر زیاتر لە ٤٠ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ داوایان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو کە هەموو تواناکانی بەردەستی بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران لە ئێران.

ئەو ڕێکخراوانە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشەدا داوایان کردوە میکانیزمێکی تۆکمەی لێکۆڵینەوە بۆ لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و هەروەها داوایان لە نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە کە هەنگاوەکانیان بۆ ڕاگرتنی توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی تەنها لە چوارچێوەی دەرکردنی بەیاننامەکاندا نەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی مانگی ١٠بڵاویکردوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایانەدا کوژراون، لانیکەم ٢١٥ کەسن کە ٢٧ کەسیان منداڵن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کوژراوەکان خەڵکی ١٩ پارێزگای جیاوازن، بەڵام زۆرترین کوژراوەکان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان و شارە کوردنشینەکاندا بوون.

لە دوایین کاردانەوەکانیشدا سەبارەت بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران لە ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە حكومەتی سویسرا ڕایگەیاند کە خەریکی پێداچوونەوەیە بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەورووپاوە بۆ سزا خستنەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران بە هۆی پێشێلکاریییە مرۆییەکانیەوە لەو وڵاتەدا.

سویسرا کە وڵاتێکی بێلایەنە، لە ئێستاشدا بەشێک لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران کە بەهۆی چالاکییە ئەتۆمییەکانی و پێشێلکردنی مافە مرۆڤەوە بە سەریدا سەپێندراون، جێبەجێی دەکات و هەناردەی چەک و کەلوپەلی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی و کەرەستەی سیخوڕی بۆ ئێران قەدەغە کردووە و سەروەت و سامانی بەشێک لەو ئێرانیانەی کە پەیوەست بە حکوومەت و سوپای پاسداران، سڕ کردوە.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌ورووپا 11 که‌س و چوار دامه‌زراوی ئێرانی، له‌وانەش سه‌رۆکی پولیسی ئاکاری ئێرانی به‌هۆی رۆڵیانەوە له‌ سه‌رکوتکردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی ئێستای ئێراندا سزا دا کە سزاکەش‌ بریتییه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆی ئەو کەسانە بۆ ناو وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و هەروەها سڕ کردنی سامان و سەرمایەکانیان لە دەرەوە.