ڕێڤینگ هروری: خەڵکی ئێمە لەو خۆپیشاندانانەی ئێران بەرپرس نیە تا ئێران تۆپبارانی ناوچەکانمان بکات و بیەوێت تۆڵە بکاتەوە

ڕێڤینگ هروری

بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە لە سنوری ناحیەی سیدەکان دانیشتوانی 124 گوند ماڵ و حاڵییان جێهێشووە، چڕبونەوەی بۆردومانەکانی ئێران لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەناوخۆی ئەو وڵاتە دێت.

وەفدێکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوو سەردانی ئەو ناوچە و گوندانەی کرد، ڕێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت"هیچ هێزێکی چەکدارمان لەو ناوچانە نەبینی هەتا ئێران بیکەنە بەهانەی ئەو بۆردومانانە، ئەو خۆپیشاندانانەی ئێران خەڵک لێی بەرپرس نییە تا ئێران تۆڵە لە خەڵکی ئێمە بکاتەوە، هروری دەشڵێت" پێده‌چێت هاورده‌كردنی كێشه‌كان بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنور ئه‌گه‌رنا به‌ به‌هانه‌ی باره‌گایه‌كی كۆمه‌ڵه‌ یان حزبی دیموكرات ده‌ پێشمه‌رگه‌ری تیا بێت له‌ شاخێكدا بێت دوور له‌و ناوچانه‌ نازانم هه‌بوون یان نه‌بوون گوندنشینه‌كانی ئێمه‌ تۆپباران بكه‌ن، به‌ڕاستی ئه‌وه‌ شتێكی زۆر زۆر خراپه‌ و تاوانێكی جه‌نگیه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێ گوناحه‌. "

" ئێستا پایزه‌ كاتی به‌رهه‌مه‌ به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ ئاواره‌ بوون "

لە سەرەتای قسەکانیدا سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێم سەبارەت بە سەردانی لیژنەکەیان ڕایگەیاند" ئێمه‌ چووینه‌ ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی قه‌زای چۆمان له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سمیلان دانیشتین له‌ باڵه‌كایه‌تی له‌ گوندی وه‌ردێ كه‌ بوردومانی لێبوو، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ش قسه‌مان كرد دواتر له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی سیده‌كان دانیشتین و پاشان چووینه‌ ئه‌و ناوچانه‌ش كه‌ بۆمبارانی لێبوو له‌وێش گه‌ڕاین به‌ڕاستی له‌ ناوچه‌ی سیده‌كان و برادۆست كاریگه‌ری زۆر خراپی هه‌بوو بوو، چونكه‌ زۆر پارچه‌ی ئه‌و موشه‌كانه‌ له‌وێ بوون ئه‌وانه‌ی به‌ تۆپ و به‌ فڕۆكه‌ و به‌ درۆنیش له‌و ناوچانه‌ بۆمباران كرابوون كاریگه‌ریه‌كی زۆر خراپی كردبووه‌ سه‌ر مه‌عنه‌ویات و ده‌روونی خه‌ڵک، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌تا ئێستا له‌ سیده‌كان له‌به‌ر شه‌ڕی توركیا و په‌كه‌كه‌ 118 گوند له‌و ناوچه‌یه‌ چۆڵن، به‌ڵام ئه‌م ڕۆژانه‌ له‌به‌ر بۆردومانی ئێران شه‌ش گوندی تریش خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌بوون و مناڵان نه‌یاتوانی بچنه‌وه‌ قوتابخانه‌، ئێستا پایزه‌ كاتی به‌رهه‌مه‌ به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ ئاواره‌ بوون. "

" هیچ هێزێکی چەکدارمان لەو ناوچانە نەبینی هەتا بیکەنە بەهانەی ئەو بۆردومانانە "

هه‌میشه‌ توركیا و ئێران بیانوی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌وان ئه‌و شوێنانه‌ بۆردومان ده‌كه‌ن كه‌ چه‌كداری لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ئێران و توركیای لێیه‌ ئایا ئێوه‌ چه‌كدار و باره‌گای حزبیتان به‌دیكردووه‌؟

ڕێڤینگ هروری لە وەڵامدا وتی" نه‌خێر ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ ئێمه‌ چووین هیچ كه‌سێكی لێنه‌بوو و هیچ كه‌سێكمان نه‌بینی ته‌نها خه‌ڵكی گوندنشینی ئێمه‌ بوون، خه‌ڵكی برادۆست و سیده‌كان بوون له‌پاش ئه‌وانه‌ش باره‌گای پێشمه‌رگه‌ و پاسه‌وانی سنوری لێبوو، ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ بۆردومانیان لێكردبوو له‌وانه‌یه‌ دوو كیلۆمه‌تر زیاتر هێزی پاسه‌وانی سنور نزیكی ئێرانیه‌كان بوون له‌ گونده‌كان، به‌ڵام ئه‌و ناوچانه‌یان هه‌مووی بۆردومانكردوون ئێمه‌ هیچ هێزێكی بیانیمان نه‌بینی هیچ شوێنه‌وارێک نه‌بوو هیچ زیانێكی ئه‌وان نه‌بوو هه‌تا بیكه‌نه‌ به‌هانه. "

" ئەو خۆپیشاندانانەی ئێران خەڵک لێی بەرپرس نییە تا ئێران تۆڵە لە خەڵکی ئێمە بکاتەوە "

هروری زیاتر وتی"به‌داخه‌وه‌ ئێران ده‌مێكه‌ نیازیان وایه‌، ئه‌و كێشانه‌ی له‌ ئێران ده‌بێت خه‌ڵكی ئێمه‌ لێی به‌رپرس نییه،‌ خه‌ڵكی برادۆست و باڵه‌كایه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ لێی به‌رپرس نین له‌و خۆپیشاندانه‌ی كه‌ له‌ ئێراندا ڕووده‌ده‌ن تا تۆڵه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ڕاستی شتێكی زۆر زۆر ناخۆش بوو. "

" به‌ڕاستی ئه‌وه‌ شتێكی زۆر زۆر خراپه‌ "

بەبڕوای سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێم، ئێران دەیەوێت بە بۆردومان کردنی ناوچەکانی هەرێم کێشە ناوخۆییەکانی هاوردەی دەرەوە بکات، لەو ڕووەوە ڕێڤینگ هروری دەڵێت" پێده‌چێت هاورده‌كردنی كێشه‌كان بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنور ئه‌گه‌رنا به‌ به‌هانه‌ی باره‌گایه‌كی كۆمه‌ڵه‌ یان حزبی دیموكرات ده‌ پێشمه‌رگه‌ری تیا بێت له‌ شاخێكدا بێت دوور له‌و ناوچانه‌ نازانم هه‌بوون یان نه‌بوون گوندنشینه‌كانی ئێمه‌ تۆپباران بكه‌ن، به‌ڕاستی ئه‌وه‌ شتێكی زۆر زۆر خراپه‌ و تاوانێكی جه‌نگیه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێ گوناحه‌، به‌ڕاستی شتێكی زۆر ناخۆش بوو. "

" نازانم ئه‌وه‌ به‌ چ ناوێک‌ ده‌توانین ناوبنێن نازانم "

ئایا ئێران و توركیا تاوانی جه‌نگیان ئه‌نجامداوه‌ له‌م بۆردومانانه‌ی ئه‌مجاره‌ به‌تایبه‌تی ئه‌م دواییه‌ی ئێران؟

لە وەڵامدا ڕێڤینگ هروری وتی"ئه‌م بۆردومانه‌ی دواییه‌ی ئێران ئه‌وه‌ بوو له‌ كۆیه‌ و پردێ ڕوویدا خه‌ڵكێک شه‌هیدبوون، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌و بۆردومانه‌ی برادۆست و باڵه‌كایه‌تی هیچ كه‌س شه‌هید نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كۆیه‌ ڕوویدا شه‌هید هه‌بوون و خه‌ڵكی سیڤلیشی تێدابوون، بێگومان تاوانی جه‌نگی ده‌سته‌واژه‌یه‌كی زۆر زۆر به‌ لێپرسراویه‌تیه،‌ به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ جار جار ڕووبدات پێش ماوه‌یه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ زاخۆ ڕوویدا 9 كه‌س تێدا شه‌هیدبوون كه‌ خه‌ڵكی باشوری عێراق بوون، نازانم ئه‌وه‌ به‌چی ناوبنێین ئه‌وانه‌ كه‌سی سیڤیل و گه‌شتیاربوون هاتبونه‌ ئه‌وێ له‌ناو گه‌شته‌كه‌دا بوون له‌ جێگایه‌كی گه‌شتیاریی شه‌هیدبوون نازانم ئه‌وه‌ به‌ چ ناوێک‌ ده‌توانین ناوبنێن نازانم. "


" ئێمه‌ دوورین له‌ ململانێی ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ئێران و توركیا "

دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌تان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دواجار ده‌رئه‌نجامی ئه‌و سه‌ردانه‌تان چی لێدێت؟

وەڵامەکەی سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێم بەمجۆرە بوو" ئێمه‌ ڕاپۆرتێک ده‌ده‌ینه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئه‌وانیش له‌ڕێگه‌ی خۆیانه‌وه‌ ده‌یده‌نه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگای ئاژانسه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ن ئه‌و بۆردومانانه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێمه‌ نه‌بن، چونكه‌ خه‌م و ناخۆشی خه‌ڵكی ئێمه‌یه‌، ئێمه‌ دوورین له‌و ململانێی ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ئێران و توركیا ئێمه‌ به‌شێک نین له‌ شه‌ڕ ناتوانین شه‌ڕ بوه‌ستێنین، به‌ڵام كه‌ یارمه‌تیان پێویست بێت ئێمه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان بتوانین یارمه‌تی بده‌ین بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕ كۆتایی بێت، چونكه‌ ئێمه‌ قه‌ناعه‌تمان وایه‌ هیچ شتێک به‌شه‌ڕ چاره‌سه‌ر ناكرێت ئه‌بێت ڕێگای دیالۆگ بگرن، ئینكاری قه‌زیه‌ی كوردی له‌هه‌ر وڵاتێک بێت شتێكی باش نییه‌ ئه‌وانه‌ی لایه‌نی چه‌كداریشن، ئێمه‌ به‌ڕاستی داوا له‌وانیش ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌زموون و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن بۆئه‌وه‌ی بیانو نه‌ده‌نه‌ توركیا و ئێران بێن بۆردومانی ئێمه‌ بكه‌ن. "

ئایا هیچ گروپێکی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا یا ئێران چالاكی چه‌كداریان ئه‌نجامداوه لەوناوچانەی کەبەسەرتان کردنەوە‌؟

لە وەڵامدا ڕێڤینگ هروری وتی" ئێمه‌ نه‌مانبیستووه‌ كه‌ چالاكی چه‌كدارییان ئه‌نجام دابێت."

" خه‌ڵک هه‌میشه‌ ئه‌و داوایه‌ ده‌كه‌ین هه‌م له‌ حكومه‌ته‌كانی دراوسێ و هه‌م له‌ لایه‌نه‌كانی تر كه‌ كێشه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ دروست مه‌كه‌ن "

ئایا هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ک له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌و چه‌كدارانه‌ی ئێران كراوه‌ و ئایا ئێران ئێوه‌ی ئاگاداركردۆته‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان ڕێگه‌نه‌دات به‌و چه‌كدارانه‌ و ده‌بێت بنكه‌ و باره‌گاكانیان چۆڵبكه‌ن؟

لە وەڵامدا ڕێڤینگ هروری وتی"من ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانم ناتوانم له‌ جێگه‌ی حكومه‌ت وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌، به‌ڵام نازانم ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ببێت له‌ڕێگه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ نازانم ئه‌وه‌ بووه‌ یان نه‌بووه،‌ به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو په‌رله‌مانتار و نوێنه‌ری خه‌ڵک هه‌میشه‌ ئه‌و داوایه‌ ده‌كه‌ین هه‌م له‌ حكومه‌ته‌كانی دراوسێ و هه‌م له‌ لایه‌نه‌كانی تر كه‌ كێشه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ دروست مه‌كه‌ن، ئه‌و خه‌ڵكه‌ قوربانی زۆر گه‌وره‌ی داوه‌ شایسته‌ی حه‌وانه‌وه‌ و شایسته‌ی ئه‌وه‌ن له‌سه‌ر خاكی خۆیان بژین ئێمه‌ ئازاری هیچ لایه‌نێک ناده‌ین"

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی وتووێژەکەی ڕێڤینگ هروری