ئێران لە بەردەم گۆڕانکاری چاوەڕوانکراودا

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوونە، هاوارای ئازادی و ناڕەزایەتییەکان گڕی بەرداوەتە شەقامی ئێران و بێ لەبەرچاوگرتنی ئاین و نەتەوە و زمان، ئێرانیەکان شەو لە شەقامەکان ڕۆژ دەکەنەوە. هاوکات کە چلەی ژینا ئەمینیە، ئەو ژنە کوردەی کە بووە سیمبولی سەرهەڵدانەکانی ئێران و پریشکی توڕەیی خەڵكی بە سەرانسەری ئێراندا بڵاو کردەوە، لە ئێستادا دۆخەکە لە هەرکات ئاڵۆزترە، دۆخی ئێران بەجۆرێکە چەندین ئەگەر بە ڕووی ئەو وڵاتەدا کراوەتەوە، چالاکوان و مافناسێکیش دەڵێت هەرچەندە خۆپیشاندانی ئەم جارەی ئێران تەواو جیاوازە و گشتگیرە، بەڵام داخوازییەکانی کورد و شارە کوردنشینەکان لە ئاستێکی باڵاترە ئەویش بەهۆکاری ئەو زوڵمە زۆرەی پێشتر لە ڕۆڵەکانی کورد کراوە.

شەوبۆ کە ژنێکی کوردی مافناس و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤە و دانیشتووی شاری تەهرانی پایتەختی ئەو وڵاتەیە لە وتووێژێکی دەنگی ئەمەریکادا ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گەرمتر دەبێت و سەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوە، بەڵام لە ناوچە کوردنشینەکان بەگوڕترە و داواکاری خەڵکیش زیاترە لە شارەکانی تر، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات خۆپیشاندانەکانی ئەم جارە بێ ئەنجام کۆتایی نایەت.

" ئەگەر بمەوێت باسی دۆخی ئێران بکەم بە گشتی دەتوانم بڵێم تەواوی شارەکانی ئێران تەواوی ئوستانەکانی ئێران دەستیان بە سەرهەڵدانێك کردووە، وەک سەرهەڵدانەکانی پێشووتری ئێران نیە، پێشتر چەند ڕۆژێک خۆپیشاندان دەکرا، داواکاریەکی خەڵک کە هەبوایە دەکراو بە داخەوە دواتر ڕژێم دەهات بە گولە، خەڵکی دەترساند و دەستگیری دەکردن، خەڵک دەچوونەوە ماڵەکانیان و خۆپیشاندان دادەمرکایەوە، بەڵام ئەمجارە جیاوازە، خەڵک لەو ڕۆژەوە کە دەستی پێکردوە تەنیا ڕۆژێک دانەنیشتوە، بە بەردەوام خۆپیشاندان هەیە، بەڵام جیاوازی هەیە لە خۆپیشاندانی ڕۆژهەڵات و شارەکانی تری ئێران، ئەو مافانەی کە خەڵکی ڕۆژهەڵات دەیانەویت لەگەڵ مافەکانی غەیرە کوردەکان بڕێک جیاوازی هەیە، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی هەر وەک دەبینین ڕژێمی ئێران زوڵمی زۆری لە کورد کردووە بە هۆی کوردبوونیان یاخود سوونی بونیان، وە بە زۆر هۆکاری تر چەوساندونیەتەوە، بۆیە داخوازی کوردەکان زیاترە لەوانی تر، بە نمونە لە زانکۆکانی تەهران مامۆستاکان هاوهەڵوێست نین لەگەڵ خوێندکارەکاندا و پشتیوانی ڕژێمی ئێران دەکەن، بەڵام کوردەکان بە پێچەوانەوە یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن."

سەبارەت بە دۆخی ژن و ئەو ئاستەنگیانەی لە بەردەم ئازادی کەسایەتی ژندان، ئەو مافناسە ئاماژە بەوە دەکات لە ئێران ژنان ڕووبەڕووی زۆرترین پێشێلکاری مافەکانیان دەبنەوە و جیاکارییەکی گەورەی ڕەگەزی هەیە، ئەو دەڵێت شانازی دەکات کە ژنێکی کورد بۆتە هۆکاری ئەم هەڵوێستەی گەلانی ئێران و پێی وایە ئەگەر ژینا کورد نەبوایە پێناچێت ئەو سەرهەڵدانە دروست ببوایە.

" ژنان لە ئێران کێشەی زۆریان هەیە، کێشەکان دەگەڕێنەوە بۆ کۆمەڵە مافێک، کە لە قانوندا دراوە بە ژن وە لە کۆمەڵێک مافیش بێبەشکراوە، ئەو مافانەی کە ژن هەیەتی زۆر کەمە، کە لە شەرعەوە وەرگیراوە، وەک کێشەی میرات، دیە، شەهادەت، کە هەموویان بە نیوەی پیاوێک بۆ ژن حساب کراوە بەدەرلەوەی زۆر شتی تر هەیە کە ژن لێی بێبەشکراوە، وەک حەقی جیابونەوە و حەزانەتی منداڵ، هەروەها پێشێلکردنی مافێکی تری ژنان کە مافی ژیانە.

لە ئێران کوشتنێک هەیە بەناوی کوشتنی نامووس، کە من ناوی لێنانێم کوشتنی ناموسی، بە ناوی شەرعەوە ناونراوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستور بدەن بۆ قەتڵی ژنان، بە شانازیەوە باس دەکەم کە ئەو ڕووداوە ئەگەر لە شارێکی غەیرە ڕۆژهەڵات یان غەیرە کوردستان بوایە ڕەنگە ئەو جۆرە کاریگەریەی نەبوایە، ڕەنگە ئەو خۆپیشاندانانە سەری هەڵنەدایە، چونکە لە شارەکانی تە بەدەر لەوەی کە حاکمیەت هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە، کلتوریش وایە کە ژن زیاتر دەچەوسێنرێتەوە، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە لە ڕۆژهەڵات ژنان جێگەو پێگەی زیاتریان پێدراوە، وە ئازادی باشتریان هەیە وەک ئازادی ئەندێشە، کۆمەڵایەتی، و ئازادی دەروونی، ئێمە شانازی بە خۆمانەوە دەکەین کە کچی کورد بووە هۆی ئەو سەرهەڵدانە."

بە بڕوای شەوبۆ سەرهەڵدان و خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی ئێران جیاواز لە کاتەکانی تر بێ ئەنجام نابێت، ئەگەر گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و بەڕێوە بردنی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی ڕیشەییش نەبێت، بەڵام کۆمەڵێک دەستکەوت بەدەست دێت.

" ئەگەر بمەوێت لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پێشووتر بەراوردی بکەم دەتوانم بڵێم ئەو شۆڕش و سەرهەڵدانە، بێ سەر ئەنجام نابێت، چونکە ئەوە ماوەی چل ڕۆژە لە ئێران، کە 44 ساڵە ئەم ڕژێمە هەیە تا ئێستا هیچ خۆپیشاندان و شۆڕشێک 40 ڕۆژ نەیتوانیوە بەردەوام بێت، کەواتە جیاوازی هەیە، یەکێک لە جیاوازیەکانیش ئەوەیە کە زۆر گرنگە ژنان و پیاوان هاوشانی یەکن، لەسەر دەستی ژنێک دروست بوو، بەڵام ئێستا پیاوانیش هاو هەڵوێستن، ئەو مافانەی کە پێشتر وتم ژن نیەتی ئێستا پیاوانیش پشتی ژنانیان گرتووە و داوای ئەو مافانە بۆ ژنان دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆیەک کە خەڵک هیوای هەبێ کە بێ ئەنجام نابێت و گۆڕانکاری دەکرێت، جا لە چ ئاستێکدا دەبێت ناتوانم ئەوە دڵنیایی بدەم، بەڵام ئەوەی دڵنیام ئەوەیە گۆڕانکاری ڕودەدات، لانیکەم نەمانی گەشتی ئیڕشاد کە لەسەر حیجاب ئیش دەکات، بێ حیجابی وەک تاوان دەبینێت و خەڵکی لەسەر دەکوژن لانیکەم ئەوە نامێنێت."

چل ڕۆژە گەلانی ئێران بێ جیاوازی لە خۆپیشاندانی بەردەوامدان، سووربونیان لەسەر بەردەوامیدان دەرخەری ئەوەیە پێناچیت، بە ئاسانی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و بێ دەستکەوت بۆ ئێرانی و کوردەکان کۆتایی پێبێت.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی سنور کەریم