ڕۆژانە لە 150 بیری کەرکوک نەوت دەردەهێنرێت

ڕۆژانە 340 هەزار بەرمیل نەوت لە 150 بیرە نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بەرهەم دەهێنرێت، لەو ژمارەیە تەنها 40 هەزار بەرمیلی هەناردەی دەرەوە دەکرێت و دەفرۆشرێت، نزیکەی 300 هەزار بەرمیلیشی بۆ پێداویستییە ناوخۆییەکانی عێراق بەکاردەهێنرێت.

فەرهاد حەمزە سەرۆکی ئەندازیارانی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"نزیکەی 150 بیرە نەوتی کەرکوک، ڕۆژانە نەوتیان لێدەردەهێنرێت، ڕێژەی بەرهەم هێنانی ڕۆژانەی نەوت دەگاتە 340 بۆ 345 هەزار بەرمیل نەوت."

جەختیشیکردەوە"لەو 340 هەزار بەرمیل نەوتە، 40 هەزاری هەناردەی دەرەوە دەکرێت و 300 هەزار بەرمیلەکەی تری بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت."

ئەو 40 هەزار بەرمیل نەوتەی کەرکوک کە ڕۆژانە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانەوە و بە تورکیادا هەناردە دەکرێت، نرخی فرۆشتنی هەر بەرمیلێکیش، بە پێی ڕۆژ گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمپانیای نەوتی باکور، بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنیەکانی سنوری کەرکوک، بیرە نەوتییەکان زیانیان پێگەیشتووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لە حاڵەتی نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتییەکان دا، دەتوانرێت بڕی بەرهەم هێنانی نەوت تێیاندا زیاد بکرێت.

سەرۆکی ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکور ڕوونیکردەوە، بیرە نەوتییەکان کۆن بوون، هەندێکیان بەهۆی شەڕ و شۆڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، یاخود لەلایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە، بۆیە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە."

بەپێی وتەی بەرپرسانی نەوتی عێراق، بەشێک لە بیرە نەوتییەکان لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی هەرێم دا، ڕۆژانە نەوتی زۆریان لێ بەرهەم هێنراوە و زیانیان پێگەیشتووە، بۆیە کۆمپانیای نەوتی باکور بە وریاییەوە نەوتیان لێ بەرهەم دەهێنێت.

ئەندازیار فەرهاد حەمزە، گوتی"کۆمپانیای نەوتی باکور بە شێوەیەکی زانستی کاردەکات، نایەوێت نەوتی زۆر لە بیرەکان بەرهەم بهێنێت و زیان بە بیرەکان بگات."

گوتیشی"گەر بۆریەک کون بێت، یاخود پەمپێک ڕاوەستێت، بڕی هەناردە کردنی ڕۆژانەی نەوت کەمدەکاتەوە، بۆیە بۆرییەکان نۆژەنکردنەوەیان دەوێت."

ئەو 300 هەزار بەرمیل نەوتەی ڕۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک بۆ پێداویستیەکانی ناوخۆ بەکاردەهێنرێن، ڕەوانەی پاڵاوگەکانی بێجی و قەیوان و پاڵاوگەکانی تر دەکرێن، بەشێکیشیان بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخان دەکرێن.

Your browser doesn’t support HTML5

دەقی ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر