شارەزایەکی سیاسی عێراق داواکاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە

هاوشانی کێشەکەڵەکەبووەکانی عێراق، مەترسی و بەردەوامی جینۆساید لەسەر پێکھاتەکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم، کێشەیەکی تر کە بەرۆکی خەڵکی ئەم ناوچانەی گرتووە و بە درێژایی سی ساڵی حوکمڕانی و دەسەڵاتی سیاسی کورد نەیتوانیوە ئەم مەترسیە لەسەر پێکهاتەی ئەو ناوچانە کەم بکاتەوە، ھەرچەندە چارەسەری کێشەکانی ئەو ناوچەیە پەیوەست کرا بە مادەی ١٤٠ ی دەستوری ھەمیشەیی عێراق بە ئەنجامدانی سێ پرۆسەی دەستوریی ئەوانیش یەکەم ئاسایی کردنەوەو دووەم سەرژمێری سێیەم راپرسی بوو، بەڵام هیچکام لەمانە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە و هاوکات حکومەتی عیراقیش نەیتوانیوە ئاسایش لەو ناوچانە مسۆگەر بکات و گروپە تیرۆریستیەکان دەرپەڕێنێت. لەوبارەیەوە شارەزایەکی سیاسی داوا دەکات بە هۆی مەترسی زۆر سەبارەت بەو بابەتە نەتەوە یەکگرتوەکان بکرێتە لایەنی سێیەم و ئەمەش میکانیزمێکی نوێ دەبێت بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە.

سالار مەحموود شارەزای سیاسی دەڵێت لایەنە حوکمڕانەکانی عیراق بڕوایان بە کوردستانیەتی کەرکوک و خانەقین و ئەو ناوچانە نیە.

" ئاسەواری تەعریب و ڕاگواستن و ئەو مەترسیانەی لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەبوون نەڕەوێنراوەتەوە، کێشەی زەوی و زار و موڵكداری لەو ناوچانە چارەسەر نەکراوە، بۆیە تەعریب لە فۆڕمێكی نوێدا بەردەوامە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسەش ھاتنی نەتەوە یەکگرتوەکان وەک لایەنی سێیەم بۆ ناوچەکە ھەنگاوێکی نوێ ئەبێت بەرەو دۆزینەوەی میکانیزمی تازەی چارەسەری کێشەی ناوچە دابڕاوەکان، چونکە نەتەوە یەکگرتوەکان ئەزموونیان ھەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ حەلی نیزاع لەسەر خاک لە جیھاندا، مەترسی جینۆساید لەسەر کورد وا دەکات تاوانی جینۆسایدی دژی خەڵکی کوردستان بە جیھانی ببێت، لەسەر ئاستی ناوخۆش نەتەوە یەکگرتوەکان دەتوانێت فشار لەسەر هەردوو حکومەتی عێڕاق و حکومەتی هەرێم بکات، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و دەرکردنی گروپە تیرۆرستەکان لەو ناوچانەدا".

سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەتی نوێ و هیوای چارەسەر کردنی ئەم پرسە و پێداگری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم هەنگاوە دەستوریە ئەو شارەزا سیاسیە پێی وایە ئەم کابینەیەش پێناچێت بتوانێت هەنگاوەکانی جدی بێت و حکومەتی هەرێمیش سوڕ نەبوە لەسەر هەنگاوە دەستوریەکان.

" بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش فشارەکانی چڕ نەکردۆتەوە، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی ناچاربکات ئەرکەکانی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕاپەڕێنێت، بۆیە مەترسی تاوانی جینۆساید لەسەر پێكهاتەکانی کاکەیی، شەبەک، ئێزیدی و خەڵکە ڕەسەنەکە، مەترسیەکی چاوەڕوانکراوە، هەرچی حکومەتی عێراقیشە، نایەوێت پێشمەرگەو ئاسایش بەشداربێت لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەمنی لەو ناوچانەدا، ئەمە بەدەر لەوەی لە ئێستادا حکومەتی عێراق گیرۆدەی ململانێ و کەڵەکەبوونی گەندەڵی و هەژموونی هێزە تایفی و شؤڤێنیەکانە، بۆیە ئەستەمە حکومەتی عێراقیش بەتەنیا بتوانێت ئەم پرسە چارەسەر بکات، بۆیە پێشنیاری هاتنی یوئێن بە چارەسەر دەزانم".

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی پەیامنێر سنور کەریم