ئەو دادوەرەی فرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرد بۆ دەنگی ئەمەریکا دەدوێت

شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ-له‌دوای ئازادكردنی له‌زیندان

دادگای لێکۆڵینەوەی کۆیە ڕۆژی سێشەممە (1ی 11ی ئەم مانگە) فرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەهۆی لێدوانێکی سەبارەت بە شەقامێکی شاری کۆیە.

دادوەری دادگاکەش دەڵێت "پێشتر دوو بۆ سێ جار تەبلیغمان کردووە بەڵام ئامادە نەبووە بۆیە فرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەرکردووە."

حاکم هیمداد مەجید علی کە دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگایی کۆیە یە فرمانی دەستگیرکردنەکەی دەرکردووە. لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند،" ئەوە دوو-سێ جارە تەبلیغ بۆ شاسوار دەردەکەین کە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت. بەڵام تەبلیغی ناکەن، لەبەرئەوەی جارێک دەڵێن لە ماڵ نیە، جارێکیش دەڵێن شاسوار لە دەرەوەی وڵاتە. کەچی دواتر شاسوار شەو لە تەلەفزیۆن دەردەکەوێت قسە دەکات و زانیارییەکەیان درۆیە. جارێکیش دەڵێن شوێنی دانیشتنی دیار نیە. شوێنی دانیشتنی ئەو دیارە."

nusrawi dadgay Koya


دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کرد لەسەر ئەم بابەتە بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

کەناڵی ئێن ئاڕتی لە پەیجی فەڕمی خۆی لە تۆڕی فەیسبووک نوسیویەتی کە بڕیارەکە " لەسەر نۆژەنکردنەوەی شەقامی مام جەلال،" بووە.

پۆستەکەی کەناڵی ئێن ئاڕتی لەفەیس بووک

شەقامی دوو سایدەکەی کۆیە، کە بە جاددەی مام جەلال ناسراوە، ماوەیەکی درێژە پێویستی بەنۆژەن کردنەوە هەیە بەڵام کاری تێدا نەکراوە. سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێش هەفتەی ڕابردوو چووە سەر شەقامەکە و لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ڕایگەیاند کە ئامادەی نۆژەنکردنەوەی ئەو شەقامەن.

دادوەر هیمداد مەجید ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هۆکاری فرمانی دەستگیرکردنەکە لەسەر شەقامی دووسایدەکەیە ئەو ڕایگەیاند، "حکومەت پارەی بۆ تەرخان کردووە و بڕیاری چاککردنی داوە و دراوە بە بەڵێندەر و بەڵێندەر دەسبەکاربووە... کەچی شاسوار عەبدولواحید خێرا هاتووە دەڵێت، 'من ئەو ئیشە دەکەم.' باشە کە بۆ کۆمپانیایەکی تر دەرچوبێت تۆ بۆ دێییتە سەری؟! با بچێتە سەر پڕۆژەیەک کە تەواو نەکراوە و فەرامۆشکراوە و پارەی بۆ تەرخان نەکراوە؛ با ئەو پڕۆژەیە تەواو بکات. لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی کۆیە و قایمقامی کۆیە قسەم کردووە، دەڵێن هەر پڕۆژەیەک لە پڕۆژە تەواو نەکراوەکانی کۆیە شاسوار ئامادەیە تەواوی بکات با بێت ئێمە پێشوازی لێدەکەین با بێت تەواوی بکات. بەڵام ئەو دەچێت پڕۆژەیەک کە پارەی بۆ دەرچووە و دراوە بە مقاول بەس بۆ لایڤ دەچێتە سەری، هەتا سبەی ئەگەر مقاولەکە کاری تێداکرد بڵێت، .نا ئەوە لە ترسی شاسوار دەستییان بەو ئیشە کرد.'، شاسوار فێری ئیستغلال بووە و ئیستغلال دەکات، لەبەرئەوە، ئیتر چەند جار تەبلیغ(ڕاگەیەنراومان) بۆ نارد ئامادەنەبوو خۆی بدات بەدەستەوە لەبەرئەوە فرمانی دەستگیرکردنمان بۆ دەرکرد، ئەوە دۆسێکەیەتی. "

لای خۆشیەوە ده‌ریا محمد یاساناس سەبارەت بەو ماددە یاساییەی فرمانی دەستگیرکردنەکە بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرچووە، دەڵێت" مادده‌ی 240 له‌ یاسایی سزادانی عێراقی تایبه‌ته‌ ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ كه‌سێک جا یان ئه‌وه‌تا سه‌رپێچی فه‌رمانه‌كه‌ ده‌كات یان ئه‌وه‌تا فه‌رمانه‌كه‌ جێبه‌جێ ناكات یان دژی ده‌وه‌ستیته‌وه‌ . به‌پێێ مادده‌كه‌ ئه‌وه‌ دیاریكراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێک دژی فه‌رمانیكی كارگێری وه‌ستایه‌وه‌ جا ئه‌و فه‌رمانه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر جیهه‌تیكی حكومی ده‌ركرابیت یان دژی فه‌رمانێكی شاره‌وانی یان ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی وه‌ستایه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ تاوان دانراوه‌ وه‌ هه‌ر له‌ هه‌مان مادده‌ سزاكه‌ی دیاریكردوه‌ به‌ گرتن كه‌ له‌ شه‌ش مانگ زیاتر نه‌بێت یان به‌ غه‌رامه‌كردن به‌ برێک له‌ 225000 دینار زیاتر نه‌بیت . وه‌ ئیجرائاتی محكمه‌ بۆ بانگێشتكردنی تۆمه‌تبار له‌م مادده‌یه‌ سه‌ره‌تا به‌ وه‌ره‌قه‌ی (تكلیف بالحضور) ده‌كرێ واته‌ دادگا ئاگاداری تۆمه‌تبار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ بێت ئه‌گه‌ر تۆمه‌تبار ئاماده‌نه‌بوو بیته‌ به‌رده‌م دادگا ئه‌وه‌ حاكم ده‌یكاته‌ القاء القبض( فه‌رمانی ده‌ستگیركرد. "

Darya Muhammad-Yasanas

ئەو یاساناسە( دەریا محەمەد) کە خۆی دانیشتووی کۆیەیە زیاتر ڕونیکردەوە" سه‌باره‌ت به‌ جولاندنی داوایی سزایی دژی كه‌سێک كه‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ شكاندن یان سه‌رپێچیكردنی بریار یان فه‌رمانی شاره‌وانی وه‌كو ئه‌وه‌ی دیاره‌ (به‌رێز شاسوار عبدالواحید) كه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی راێگه‌یاند شه‌قامی دوسایدی مام جه‌لال له‌ كۆیه‌ چاک ده‌كات و تیمی نارده‌ سه‌ر پرۆژژه‌كه‌ من وه‌ک یاساناسێک و وه‌كو هاوڵاتیه‌كی بێلایه‌نیش له‌ كۆیه‌ ئه‌و شه‌قامه‌ له‌ مانگی 6 ه‌وه‌ پاره‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌و ریكاره‌ یاسایه‌كانی بری و درایه‌ كۆمپانیا بۆ جێبه‌جێ كردنی، به‌ڵام چه‌ند رۆژێک پێش ئه‌وه‌ی كۆمپانیا ده‌ست به‌كاره‌كانی بكات ئه‌وان تیمیان نارد، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ئاراسته‌ سیاسیه‌كه‌ ئه‌وه‌ ئاراسته‌یه‌كی یاسایشی هه‌یه،‌ چونكه‌ پرۆژه‌یه‌ک كه‌ درایه‌ كۆمپانیایه‌ک ناكرێ كه‌سیكی تر به‌بێ هیچ ره‌زامه‌ندیه‌كی جیهه‌تی معنی بچیته‌ سه‌ر پرۆژه‌كه‌ بۆیه‌ خودی مادده‌ی 240 له‌یاسایی سزادان له‌سه‌ر ئه‌م حاله‌ته‌ جێ بەجێ ده‌بێت. "