ژنە چالاکوانێکی تورکمانی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، فرە ژنی لە نێو تورکمانەکانی ناو شاری کەرکوک نیمچە قەدەغەکراوە، بۆیە هێنانی ژنی دووەم لەلایەن پیاوانی تورکمانەوە دەگمەنە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە توندوتیژی خێزانی لە نێو تورکمانەکان دا زۆر کەم تۆمارکراوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئیمان عەدنان چالاکوانی ژنانی تورکمانی لەکەرکوک، لەبارەی دیاردەی فرە ژنی لە نێو تورکمانەکانی کەرکوک، دەڵێت" لە 300 پیاوی تورکمانی، یەک پیاو ژنی دووەم دەهێنێت،ناڵێم فرە ژنی لە نێومان حەرامە، بەڵام نیمچە قەدەغە کراوە، ئەو پیاوەی ژنی دووەم دەهێنێت هۆکاری هەیە، یان منداڵی نییە، یاخود داهات و ژیان و گوزەرانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە."
بەم دواییانە، ڕێکخراوەکانی سەر بە هێزە تورکمانییەکانی کەرکوک، هۆشداریاندا لە کەمبوونەوەی ژمارەی تورکمان و داوای وەچە خستنەوەی زیاتریان لە خێزانە تورکمانەکان کرد، لەوبارەیەوە ئیمان عەدنان وتی"ژمارەی تورکمان کەم نەبووەتەوە، بەڵام سروشتی تورکمانەکانی نیشتەجێی ناو شاری کەرکوک وایە، لە دوو منداڵ و سێ منداڵ زیاتر نەهێنن، چونکە بژێوی قورسە و حەزیان لە ژیانێکی کپ و بێ دەنگیشە."
وتیشی"خێزانە تورکمانەکان لەبری خستنەوەی منداڵی زۆر، بایەخ دەدەنە پەروەدەی تەندروست، خێزانی تورکمان هەمیشە چاویان لەسەر منداڵەکانیانە تا ئەو کاتەی خێزان پێکەوە دەنێن، پاشان ئیش و کار لە ناو شاری کەرکوک کزە، باوک و دایکانی تورکمان زۆربەیان فەرمانبەرن، بۆیە ناتوانن منداڵ زۆر بهێنن و سەرپەرشتی کردنیان قورسە."
سەبارەت بە ئاستی توندوتیژی خێزانی لەناو خێزانە تورکمانەکانی ناو شاری کەرکوک، ژنە چالاکوانەکەی تورکمان، دەڵێت"بەپێی ئامارەکان، رێژەی توندوتیژی لەنێو خێزانە تورکمانەکان زۆر کەمە، چونکە باوک و دایکانی تورکمان خوێندنیان تەواو کردووە و خاوەنی رۆشنبیری بەرزن، گەر کێشەش ڕووبدات خۆیان چارەسەری دەکەن."
جەختیشیکردەوە"تورکمانەکانی ناو شاری کەرکوک جیاوازن لە تورکمانەکانی نیشتەجێی گوندەکانی دەوروبەر، تورکمانی گوندەکان ژیانیان قورسە، فرە ژنی بوونی هەیە تێیاندا و منداڵی زیاتریش دەخەنەوە، چونکە بۆ کشتوکاڵ و شوانکاریی و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات، پێویستیان بە خستنەوەی منداڵی زیاترە."
بەپێی ئەو ئامارانەی لای رێکخراوەکانی ژنانی کەرکوکن، فرە ژنی و خستنەوەی منداڵی زۆر و تەنانەت توندوتیژی خێزانیش، زیاتر لە گوندە عەرەب نیشینەکانی کەرکوک بەربڵاون و تۆمارکراون، بەو پێیەی خاوەنی داب و نەریتی جیاوازترن لە نەتەوە و پێکهاتەکانی تری کەرکوک.
Your browser doesn’t support HTML5