سەرچاوەیەکی باڵای هەرێم پێشنیارەکانی هەرێم بۆ بەغدا لەبارەی نەوت و بودجەوە ئاشکرا دەکات

حکومەتی هەرێم ئامادەکاری دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق، بڕیارە وەفدێکی باڵا لەهەولێرەوە بڕواتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق لەسەر ئەو دۆسیانە گفتووگۆ بکات، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمیش، زانیاری گرنگ لە بارەی پێشنیارەکانی هەرێم بۆ بەغدا، بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت، هەفتەی داهاتوو، وەفدە باڵاکەی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات، بەڵام هەندێک لەو پێشنیارانەی وەفدەکە لەگەڵ خۆی دەیبات، جێبەجێکردنیان لەلایەن بەغداوە بە ئاسان نازانرێت، بۆیە هەرێم بەمەبەستی ڕێککەوتن، چەند پلانێکی یەک لە دوای یەکی داڕشتووە و بە وەفدەکەدا دەینێرێتە بەغدا.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ئەو پێشنیارانەی دەیخەنە بەردەم بەرپرسانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هەرێم داوای ڕێککەوتن لەسەر بودجە لە عێراق دەکات، داوادەکات 17% پشکە بودجەکەی بۆ بگێڕدرێتەوە، گەر بەغدا ڕازی نەبێت، هەرێم داوای 14%دەکات."

بەپێی وتەی سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم، داواکاریەکی تری هەرێم لە بەغدا، دابینکردنی بودجەیە بۆ پێشمەرگە وەکو بەشێک لە سیستمی بەرگری عێراق، هەروەها داوا لە بەغداش دەکرێت، چیتر ناکۆکی سیاسی تێکەڵ بە مەسەلەی دارایی نەکرێت، وتی "هەرێم دەیەوێت قەرزەکانی لەگەڵ بەغدا تەسفیە بکات، بەتایبەت عێراق لە ساڵی 2014 ەوە بودجەی نەداوەتە هەرێم، عێراقیش داوای داهات لە هەرێم دەکات."

سەبارەت بە پێشبینی بەرپرسانی هەرێم بۆ ئاراستەی گفتووگۆکانیان لەگەڵ عێراق، سەرچاوەکە وتی"ڕەنگە دواجار لەسەر ژمارەیەک واتە بڕە پارەیەک ڕێکبکەوین، کە بەغدا بۆ هەرێمی ڕەوانە بکات."

لەبارەی گفتووگۆی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدا، محەمەد حسێن توێژەری ئابووری لە ناوەندی عێراقی بۆ شیکارییە ئابوورییەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "زەمینەی ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا لەبارە لەسەر پرسە ئابووریەکان، بەتایبەت هەموو کێشەکان گرێدراوی سیاسەتن و زەمینە و ژینگەی سیاسی بەغدا لەبارە بۆ ڕێککەوتن."

گەورەترین گرفتی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقە لە دژی نەوت و غازی هەرێم، کە نەوت و غازی هەرێمی بە نایاسایی و نا دەستوری ناساندووە، بەڵام سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم وتی"دەمانەوێت ئەو کێشەیە بە پێی پرۆژە یاسای نەوت و گاز چارەسەر بکەین، چونکە بڕیارەکەی دادکای فیدراڵی پشت ئەستوورە بە یاساکانی سەردەمی بەعس، لەکاتێکدا بەپێی دەستور، دەرهێنانی نەوت لە بیری نوێ بۆ هەرێم ئاسایی و یاساییە."

هەوڵەکانی هەرێم بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لەسەر پرسی نەوت لەکاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، مانگی ڕابردوو، سەرووی 500 ملیۆن دۆلاری پارەی فرۆشی نەوت ڕادەستی وەزارەتی دارایی کراوە، تا بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجی بکات.

محەمەد حسێن توێژەری ئابووری، وتی "بەپێی ئەو ژمارانەی کۆمپانیا نەوتییەکان ئاشکرایانکردووە، مانگی ڕابردوو، حکومەتی هەرێم لە فرۆشتنی نەوت، نزیکەی ملیارێک و 35 ملیۆن دۆلار داهاتی دەستکەوتووە، بەڵام ئەو داهاتە سافییەی بۆ هەرێم ماوەتەوە نزیکەی 550 ملیۆن دۆلاربووە، باقی بۆ قەرزی کۆمپانیاکان چووە."

جیاواز لەو داهاتەی بەهۆی فرۆشی نەوتەکەیەوە دەست هەرێم کەوتووە، ئەمڕۆ چوارشەمە، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی غازی کۆرومۆری نزیک قەزای چەمچەماڵ بەڕێژەی 11/% ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆمپانیاکە، بەرهەم هێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ڕۆژێکدا بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز کردووەتەوە، قازانجی کۆمپانیاکەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، لە 98 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 161 ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە.

محەمەد حسێن، دەڵێت"لە کێڵگەی غازی کۆرومۆر داهاتی زۆر بۆ هەرێم نامێنێتەوە، چونکە پێشتر حکومەتی هەرێم چەند دۆسیەیەکی یاسایی لەبەرانبەر کۆمپانیای داناغاز دۆڕاندووە، بۆیە کۆمپانیاکە گەر بەرهەمی غازیش زیاد بکات، پشکەکەی هەرێم دەڕوات بۆ ئەو کۆمپانیایە لە بری قەرز، چونکە هەرێم ساڵێک ئیشەکانی ڕاگرتن و ئەوانیش شکاتیان کرد و دۆسیەکەیان بردەوە."

جەختیشیکردەوە"لە کێڵگەی غازی کۆرومۆر، جگە لە دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، هەرێم شتێکی ئەوتۆی دەست ناکەوێت."

کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی، پلانی فراوانکردن و زیادکردنی بەرهەم هێنانی غازی لە کێڵگەی غازی کۆرومۆر بۆ سەرووی ملیۆنێک پێ سێجا لە ڕۆژێکدا داڕشتووە، بەڵام موشەک بارانکردنی کێڵگەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا، پلانەکەی ڕاگرتووە، زیادکردنی بەرهەمهێنانی غازیش بەڕێژەی 11% لە ئێستادا، بەهۆی وەبەرهێنانی سنوردارەوە بووە لە کێڵگە غازیە کۆنەکاندا.

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر