لە بەشێکی زۆری شارە کوردییەکانی ئێراندا مانگرتن بۆ چلەی ماتەمینی قوربانیانی زاهیدان بەڕێوەدەچێت

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنن هاوکاتی تێپەڕبوونی 40 ڕۆژ بەسەر کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەکانی ئاسیشیی ئێرانەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ڕۆژی چوارشەممە لە شارەکانی ڕۆژئاوای ئێراندا مانگرتنی گشتی ڕاگەیەندرا.

هێزە ئەمنییەکان لە 30 ی مانگی 9 پاش نوێژی هەینی لە شاری زاهیدانی پایتەختی ئوستانی سیستان-بەلوچستانی سەر سنووری پاکستان تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی کرد.

ئەو ڕووداوە پاش دوو هەفتە لە مەرگی مەهسا (ژینا) ئەمینی کچە کوردی تەمەن 22 ساڵ ڕوویدا کە بە بیانوی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار یان گەشتی ئیرشادەوە لە تاران دەستگیرکرابوو و پاش ئەشکەنجەدانی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا خۆپیشاندانی لە سەرانسەری ئێران لێکەوتەوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.

بەهۆی سەرکوتکارییەکانی هێزەکانی حکومەت دژ بەو خۆپیشاندانانەی لە پاش مەرگی ژیناوە دەستیانپێکردووە بە گوێرەی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بنکە لە ئۆسڵو زیاتر لە 304 کەس کوژراون لە ناویاندا 41 منداڵ و 24 ژنیش.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە تویتێکدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت " ناڕەزایەتی خەڵکی لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سەقز، سنە و کرماشان بەردەوامە. بەهۆی بڵاوبوونەوەی زۆرت هێزەکانی سەربازی و ئاسایشی ئەم شارانە لە ژێر ڕەوشێکی توندی ئاسایشیدان."

گرووپی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە نۆروێژ، ڕایگەیاندووە مانگرتنی بەربڵاو بۆ "هاوسۆزی " لەگەڵ زاهیدان لە شارە کوردنشینەکانی بانە، بۆکان، کرماشان، مەریوان، سنە و زێدی ژینا ئەمینی شاری سەقز لە ڕۆژاوای ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

گرتەیەکی تری تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا کە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە دەرکەوتووە خەڵکی لە شاری سەقز دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر دەڵێنەوە.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی بنکە لە ئەمەریکا (HRANA) بڵاو کراوەتەوە نیشان دەدات دوکان و بازاڕەکان لە سەقز و خودی زاهیدانیش داخراون.

بە پێی هەندێک لە سەرچاوەکان هۆکاری ئەو توندوتیژییەی کە لە 30 مانگی نۆ لە زاهیدان بووە هۆی کوشتنی بەلایەنی کەم 92 کەس، گوایە دەستدرێژی سێکسی بووە بۆ سەر کچێکی تەمەن 15 ساڵان لەلایەن سەرکردەیەکی پۆلیسەوە .