چوار سەربازی عێراقی لە نێو سەنگەرێکدا، لە ناوچەی قەرەهەنجیری ڕۆژئاوای کەرکوک سەربڕدران، بەرپرسانی ئەمنی کەرکوک، داعش تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی هێرشەکە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەمنی دەڵێت"ئەو ناوچەی ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە، زۆر دوورە لە پێگەکانی داعشەوە."
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، لە نێو سەنگەرێکی سوپای عێراق دا لە نزیک گوندی چیمەن، کە دوا سەنگەری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقە، تەرمی چوار سەربازی عێراقی بە سەربڕدراوی دۆزرانەوە، هێزە عێراقییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
عامر نوری وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، چەکدارانی داعشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و ڕایگەیاند"4 سەربازی عێراقی کوژراون."
4 سەربازە سەربڕدراوەکە، سەربە سریەی یەکی فەوجی یەکی لیوای 31 ی سوپای عێراقن، لە ئێستاشدا عەلی فرێجی فەرەماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوکی سوپای عێراق گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە، بۆ لێکۆڵینەوەکردن لە چۆنیەتی ڕوودانی هێرشەکە.
عەلی فرێجی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک، بەتەواوەتی لە هێرشەکە توڕە بووە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 31 ی سوپای عێراق و ئەفسەری هەواڵگیری فەوجەکە دەرکردووە، بەهۆی کەمتەرخەمی و بێ ئاگابوون لە هێرشەکە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەو سەنگەرەی 4 سەربازەکەی تێدا سەربڕدراوە، نزیکە لە جادەی سەرەکی و خاڵە سەربازییەکانی تری سوپای عێراقەوە، دەنگی هیچ تەقە و ڕووبەڕوو بوونەوەیەکیش نەبیستراوە، ئەمەش گومانی ئەوەی دروستکردووە، هێرشەکە بە چەکی بێ دەنگ ئەنجام درابێت.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی کە پلەی لیوای هەیە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"ئەو سەنگەرەی چوار سەربازەکەی تێدا سەر بڕدراوە، نزیکە لە جادەی سەرەکی و خاڵە سەربازیەکانی سوپای عێراقیشەوە."
گوتیشی"لە کاتی سەربڕینی چوار سەربازەکەدا، دەنگی هیچ تەقەیەک نەبیستراوە و ناوچەکەش نزیک نییە لە پێگەکانی داعشەوە."
هێرشەکە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە، جوڵەی داعش لە زۆربەی ناوچەکان زیادیکردووە، فرۆکەی عێراقی بەردەوام پێگەکانیان دەکاتە ئامانج، پێشتر بەرپرسانی پێشمەرگەش ئەوەیان بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاندبوو، داعش خولێکی سەربازی چل رۆژی بە چەکدارەکانی لە ناوچەی حەمرین تەواو کردووە، ڕەوانەی ناوچەکانی خۆیانی کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش.
محەمەد سامان بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوچەی زنانەی نزیک خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"جوڵەی داعش زیادیکردووە، چەکدارەکانیان دەبینرێن کاتێک هاتووچۆ دەکەن."
جەختیشیکردەوە"داعش بەدوای هەلدا دەگەڕێ بۆ هێرش و تۆڵە کردنەوە، چونکە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە ڕۆژاوای خورماتوو و وادی شای نزیک قەزای داقوق، فڕۆکە لێیداون و بەرپرسیان لێ کوژراوە."
Your browser doesn’t support HTML5