هێرشەکانی تورکیا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکوری سوریا دەستی پێکردووە. لە میانەی ئەم هێرشانەدا بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی دژی داعش، لە حەسەکە و ناوەندی ئاسایشی کەمپی هۆلیش کراونەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە نیگەرانی خۆی لە مەڕ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ناوچەکە دەربڕی.
پەنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە لە سوریا ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە سەلامەتی کارمەندانی ئەمەریکا دەکات کە لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکانی بۆ شکستپێهێنانی داعش لە سوریا کاردەکەن."
وتەبێژی هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکراتیک)، ئارام حەننا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکی لە ڕەوشێکی وەها مەترسیداردا گرنگە و گوتیشی "داوا لە سوپای ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی ڕژد نیشان بدەن و تەنها پەیام و لێدوان نەبێت".
لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێز حەننا دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کارە هاوبەشەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕاگرتووە، چونکە هێزەکانیان سەرقاڵی پاراستنی ناوچەکەن.
گوتیشی " ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاری هاوبەشی شەڕی دژی تیرۆر و شانەکانی ڕێکخراوی داعش لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەستاوە، چونکە هێزەکانمان سەرقاڵی پاراستی ناوچەکەن لە هێرشەکانی تورکیا، هەروەها پەیوەندی نێوان ئێمە و هێزەکانی ڕووسیا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە کاریگەری نەرێنی لەسەر بووە."
ئەمەش ببینە پێنتاگۆن: هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا لە سوریا هەڕەشەی لەسەر پارێزراویی سەربازانی ئەمەریکا دروست کردووە
شایانی باسە ئەم هێرشەی تورکیا توندترین هێرشە لە دوای داگیرکردنی سەرێکانی و گیرێ سپی لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2019دا.
جگە لەم هێرشە ئاسمانیانە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی هێرشێکی زەمینیشی بۆ ناو سوریا دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کردووە.
ئانکەرە چەکدارە کوردەکانی تۆمەتبارکردووە بە تەقینەوەکەی 13 ی ئەم مانگە لە ئەستەنبوڵ کە شەشی کەسی تێدا کوژرا و زیاتر لە 80 کەسیش برینداربوون.
هیچ کەس و گروپێک بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ئەوە تەقینەوەیە ڕانەگەیاندووە و هەر لەو کاتەشدا چ پەکەکە و چ هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیش نکوڵیان لەوە کرد هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە هەبێت.