دوای زیاتر لە دوو مانگ لە ناڕەزایەتییەکانی سەرانسەری ئێران کاربەدەستێکی باڵای دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت، پۆلیسی ئاکار ناسراو بە گەشتی ئیرشاد هەڵوەشاوەتەوە. ئەندامێکی ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤیش دەڵێت ئەمە هیچ هاوکار نییە بۆ پرسی ژنان و ناڕەزایەتییەکانیش کەم ناکاتەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئیسنا لە زاری داواکاری گشتی مەحمەد جەعفەر مونتەزەرییەوە دەڵێت " پۆلیسی ئاکار هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە و هەڵوەشاوەتەوە."
بەڵام هێشتا خودی پۆلیسی ئاکار پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
لە پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئیرشاد)ەوە لە تاران دەستگیرکرابوو، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستپێکرد. هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی کە لە ناوەڕاستی مانگی 9 وە سەریان هەڵدا ژنانی ئێران بە سوتانی حیجابەکانیان ڕەخنەکانیان ئاراستەی پۆلیسی ئاکاری ئێران کرد.
بەڵام هەندێک لە چالاکوانانی مافەکانی ژنان پێیان وانییە ئەم بڕیارە هیچ گۆڕانکارییەک بهێنێتە ئاراوە.
شنە ڕەزایی ئەندامی ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بنکە لە ژنێڤ دەڵێت ئەمە وەڵامی خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی ئێران نییە، بۆیە ناتوانێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنێت و دەشڵێت " ئەمە تەنها هەوڵێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ هێورکردنەوەی خەڵک. داواکارییەکانی خەڵک لەشەر شەقامەکان شتی دیکەن وەکو ئازادی ڕادەربڕین، نەمانی گەندەڵی. خەڵکی بە تایبەتی لە کوردستان و بەلوچستان داوای مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان دەکەن وەکو خوێندن بە زمانی دایک یان مافی بەشداریکردن لە دەسەڵات."
خاتو ڕەزایی لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەربارەت بە ژنانیش دەڵێت " خەڵک بە گشتی داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی دژ بە ژنان دەکەن کە لە ئێران کاری پێدەکرێت. بە تایبەتی پاش ئەو هەموو قوربانیەی خەڵکی بە شتێکی وا کەم ڕازی نابێت."
ڕۆژنامەوان و چالاکوانی دیاری مافەکانی ژنان مەسیح عەلی نژاد لە تویتێکدا دەڵێت " هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاکار لە ئێران زانیاری هەڵەیە بەڵام ئەمە ترسی ڕژێم نیشان دەدات. بەڵێنە پووچەکانی ڕژێم نیشانەی نگەرانیانە لەوەی ڕاپەڕینەکە بەردەوامە. خەڵک لە داواکارییەکانیان بۆ کۆتایی هێنان بە کۆماری ئیسلامی، یەکگرتوون."
To international media:1) abolishing morality police in Iran is disinformation but it shows the fear of the regime.2) Regime’s empty promises are a sign of desperation that the uprising continues3) People are united in their demand for an end to Islamic Republic#MahsaAmini
— Masih Alinejad 🏳️ (@AlinejadMasih) December 4, 2022
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دەدات و نیگەرانی دەردەبڕێت لەسەر ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ئاکاری ئێران "بووەتە جێگای سەرجی میدیا ڕۆژئاواییەکان" دەشڵێت کۆماری ئیسلامی ئێران " تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا ئەنجام داوە." ڕێکخراوەکە دەشڵێت" بە بڕوای ئێمە لە جۆنڕۆ جینۆسایدی ئەنجام داوە."
Hengaw warns and expresses concern on the "ending the moral police" highlighted by the western media. IRI committed "crimes against humanity" during the protests and, in our opinion, "perpetrated genocide" in Javanroud. #JinaAmini#Kurdistan#IranRevolution2022
— Hengaw Organization for Human Rights (@Hengaw_English) December 4, 2022
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری جوانڕۆ تەقەیان بە نێو خۆپیشاندەران کرد و ژمارەک کەس کورژران. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت لەوەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی سەرانسەری ئێران بەلایەنی کەم 448 کەس کوژراون لە ناویاندا 60 منداڵ و 29 ژن.
لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979، ئێران چەندین شێوازی پۆلیسی ئاکاریی هەبووە، بەڵام دواینیان کە بە فەرمی لە ئێراندا بە گەشتی ئیرشاد ناسراوە، لە ئێستادا دەزگای سەرەکییە کە ئەرکی جێبەجێکردنی ڕێسای ڕەفتاری ئیسلامی ئێرانی پێسپێردراوە.
ئەم دەزگایە لە ساڵی 2006 وە دەستی بە نۆبەدارییەکانی کردووە بۆ چەسپاندنی یاسیای جل و بەرگ کە بە پێی ئەو یاسایە پێویستە ژنان ڕەچاوی حیجاب بکەن.