وتەبێژی پۆلیسی سنور: ئەو لینکانەی بۆ خۆ تۆمارکردن بۆ پۆلیسی سنور بڵاوکراونەتەوە ڕاست نین

سەرباری بڵاوکردنەوەی لینک لە وێبسایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ناو تۆمارکردنی ئەو کەسانەی خوازیارن وەکو پۆلیسی سنور وەبگیرێن، لە چوارچێوەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق دا بۆ زیادکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور بۆ پاراستنی سنورەکانی هەرێم، بەڵام پلەدارێکی پۆلیسی سنور دەڵێت"ئەو لینکانە ڕاست نین و هێشتا دەرگای ناو تۆمارکردن نەکراوەتەوە."

دوای تۆمەتبارکردنی هەرێم بە نەپاراستنی سنورەکانی و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی، حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە زیادکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور بۆ پاراستنی ناوچە سنورییەکانی هەرێم.

لە ئێستادا هێزەکانی پاسەوانی سنور، کە ئەرکی پاراستنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆدایە و سەر بە حکومەتی عێراقن، سێ لیوای پۆلیسن ( لیوای 1ی دهۆک، لیوای 2 ی هەولێر، لیوای 3 ی سلێمانی)، کە لە ژێر ناوی ( فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی پاسەوانی سنوری ناوچەی 1) کارەکانیان ڕادەپەڕێنن و کوردن.

حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر زیادکردنی هێزەکانی پۆلیسی سنور بۆ فەرماندەیی ناوچەی 1، بەڵام هێشتا هیچ ڕێنماییەکی دەرنەکردووە. کەچی لینک بۆ خۆ تۆمارکردن لە وێبسایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هەندێک لەو لینکانەش لەلایەن خودی پلەکانی سنورەوە بڵاوکراونەتەوە.

عەقید کاروان خۆشناو، وتەبێژی ناوچەی 1 ی پۆلیسی پاسەوانی سنور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئەو لینکانەی بڵاو کراونەتەوە، گوایە تایبەتن بە پڕکردنەوەی فۆرم بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنور هیچیان ڕاست نین."

ئەو لینکەی لە وێبسایتی ( وەزارەتی ناوخۆی عێراق_ئیدارەی خۆبەخت کردن) بڵاو کراوەتەوە، گوایە تایبەتە بە ناو تۆمارکردن بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنوری هەرێم، تا کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ( 11064468) سەردانی سەرجەم بەشەکانی و (348494) کەسیش سەردانی بەشە کوردییەکەیان کردووە.

بەپێی وتەی ئەو فەرماندانەی پۆلیسی سنور، زانیارییان دایە دەنگی ئەمەریکا، حکومەتی عێراق تەنها ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر زیادکردنی هێزی پۆلیسی پاسەوانی سنور بۆ هەرێم، هێشتا هیچ ڕێنماییەکی پێشکەش نەکردووە، لە بارەی ژمارەی هێزەکە و وردەکاری وەرگرتنەکەوە.

فەرماندەیەکی پۆلیسی پاسەوانی سنور لە فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ناوچەی 1، بە دەنگی ئەمەریکای وت"زانیارییەکی وا بە ئێمە گەیشتووە، گوایە 3 هەزار پۆلیس بۆ سنورەکانی هەرێم دادەمەزرێنرێ، 1500 پۆلیسی بۆ سنوری هەولێر و 1500 پۆلیسەکەی تر بۆ سلێمانی."

لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، گوایە حکومەتی عێراق دوو لیوای پۆلیسی سنور بۆ پاراستنی سنورەکانی هەرێم پێکدەهێنێت، کە بە پێی ستاندارداری سەربازی، لیوایەک لە 3 هەزار سەرباز پێکدێت.

بەڵام عەقید کاروان خۆشناو دەڵێت"هێشتا هیچ ڕێنماییەک نەهاتووە، هیچ نازانین لەبارەی ژمارەی ئەو هێزەی بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنور پێکدەهێنرێ، چاوەڕوانی ڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆی عێراقین."

تەنانەت وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی ڕوون نەکردووەتەوە، ئەو کەسانەی ناو تۆمارکردن بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنورەکانی هەرێم دەیانگرێتەوە، مەرجە دانیشتووی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بن، یاخود دانیشتوانی ناوچەکانی تری عێراقیش مافی ناو تۆمارکردنیان هەیە.

ڕۆژی پێنجشەممە، لیوا سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند"ناو تۆمارکردن بۆ پۆلیسی پاراستنی سنورەکانی هەرێم، تەنها دانیشتوانی هەرێم دەگرێتەوە."
وەک عەقید کاروان خۆشناوی وتەبێژی پۆلیسی پاسەوانی سنوری ناوچەی 1، دەڵێت"دواتر لیوا سەعد لێدوانێکی تری داوە، گوایە خۆ تۆمارکردن هەموو هاوڵاتییانی عێراق دەگرێتەوە، بۆیە ئێمەش چاوەڕێی ڕێنمایین."

ئەو سێ لیوایەی پاسەوانی سنور کە ئێستا سنورەکانی هەرێم دەپارێزن، لیوای 3 ی سلێمانی، 101 مەخفەری هەیە، لە سنوری خانەقینەوە بە درێژایی نزیکەی 528 کیلۆمەتر تا سنوری قەندیل دەپارێزێت. لیوای 2 ی هەولێر و لیوای 3 ی دهۆکیش، پارێزگاری لە ناوچە سنورییەکانی قەندیل تا سنوری سوریا دەکەن. بەپێی وتەی فەرماندەکانی پۆلیسی سنور، سنورەکانیان فراوانە و ژمارەی هێزی پێویستیان نیە.