زۆر پێش سەردەمی دایناسۆرەکان، بوونەوەرێکی نائاسایی بە ناوی واتچیریا Whatcheeria ڕاوچیەکی بەهێزبووە.
توێژینەوە نوێکە تێگەیشتنێکی قووڵتر بۆ واتچیریا دەدات کە نزیکەی 330 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمێکدا ژیاوە کە بە سەردەمی Carboniferous کاربۆنیفرۆس ناسراوە.
دوای پشکنینی وردی ئێسکە کۆنەکانی ئەو بوونەوەرە، زانایان سەریان سوڕما کە بۆیان دەرکەوت واتچیریا وەکو خشۆکەکان و مۆدێرنەکانی ئاو وشکانی بە هێواشی و بەردەوام گەشەیان نەکردوە، بەڵکو ئەو بوونەوەرە لە تەمەنی گەنجیدا بە خێرایی وەک باڵندە و شیردەرەکان گەشەی کردووە.
واتچیریا چوارپێیەکی سەرەتایی بووە، وەک یەکەم ئاژەڵە وشکانییەکانە بڕبڕەی پشتیان هەبووە و ناسراون. ئەمانە باوباپیرانی کڕکڕاگەداری وشکانییەکانی ئەمڕۆ بوون هەروەها وەک ئاژەڵەکانی وشکانی و ئاوەکان، خشۆکەکان، باڵندە و شیردەرەکان.
بەهۆی ئەوەی زۆربەی کاتەکانی لە دەریاچە و ڕووبارەکاندا بەسەر بردووە، واتچیریا درێژییەکەی گەیشتوەتە نزیکەی 2 مەتر، بەمەش بووەتە گەورەترین ڕاوچی لەو سەروەختەدا.
مێگان ویتنی لە زانکۆی لۆیۆلا لە شیکاگۆ نووسەری سەرەکی ئەو توێژینەوەیەی لەم دواییانەدا لە گۆڤاری بایۆلۆجی پەیوەندییەکان بڵاوکرایەوە، وتی "واتچیریا وەک گیاندارەکانی ئاو وشکانی خاو نەبوو، قەبارەیەکی قەبەی هەبوە، وتیشی "ڕاوچیەکی چالاک بووە لە سەرەتای ژیانیدا بە خێرایی گەشەی کردووە."
ناوی Whatcheeriaبۆ نزیکەی 400 بەردبووەوە هاتووە کە لە نزیک شارۆچکە بچووکەکەی ویلایەتی ئایۆوا بەناوی وات چیر دۆزراونەتەوە. ئەو بوونەوەرە کەللەسەرێکی گەورەی هەبوو کە پڕ بوو لە ددان و هەروەها پەلی گەورەی هەبوو. ویتنی وتی کە ئەو نێچیرە سەرەکییە لە ژینگەکەی جۆرە جیاوازەکانی ماسی کۆن و قرش و هەروەها چوارپێی سەرەتایی بچووکتری لەخۆگرتوە.
بە پێچەوانەی زۆرێک لە تێتراپۆدی سەرەتایی، ئێسکی واتچیریا لە خاڵە جیاوازەکانی ژیانی ئاژەڵەکەوە دۆزرایەوە. ویتنی دەڵێت "ئێسکەکان وەک کتێبی چیرۆک کاردەکەن، زانیاری لەسەر ئاژەڵەکان تۆمار دەکەن لەکاتێکدا لە ژیاندان. یەکێک لەو زانیارییە گرنگانەی کە لە ئێسکدا تۆمار دەکرێت ئەوەیە کە ئاژەڵەکە چەندە خێرا گەشە دەکات."
لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر پارچە ئێسکی ڕان لە 9 گیانداری واتچیریا دەریخست کە گەشەی ئێسکەکان بە تێپەڕبوونی کات کردوە.
ویتنی وتی "دۆزینەوەیەکی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە ئێمە ئێسکی خێرا گەشەسەندوومان لە نەوجەوانانی واتچیریا دەستنیشانکرد. ئەمە گرنگە چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ستراتیژی گەشەکردنی ئەم ئاژەڵە هاوشێوەی ئێمە بووە، گەشەکردن بە خێرایی لەکاتی گەنجیدا و دواتر گەشەکردن خاو دەبێتەوە لەگەڵ بەتەمەن بوونت."
وتیشی، ئەم جۆرە گەشەکردنە لە مێژە بە تایبەت دادەنرێت بۆ ئاژەڵە خوێن گەرمەکانی وەک شیردەرەکان و باڵندەکان. بەڵام ویتنی زیاتر وتی، "ئەوەی توانیمان لێرەدا نیشانی بدەین ئەوەیە کە ئەم ستراتیژە تەنانەت لە قۆناغە سەرەتاییەکانی مێژووی پەرەسەندنماندا بەکارهاتووە."
ویتنی وتی وەک ڕاوچیەک، واتچیریا دەیتوانی کۆمەڵێک "تەکنیکی ڕاوکردن" بەکاربهێنێت. توێژەران دڵنیا نەبوون کە ئەو بوونەوەرە چەند کاتی بەسەر بردووە بۆ ڕاوکردن لەسەر وشکانی یان ئاو. بەڵام توێژینەوەکە دەریخستووە کە ئەو ئاژەڵە دەتوانێت لەسەر زەوی بڕوات.
بن ئۆتۆ هاوکارە لە نووسینی توێژینەوەکە. دەڵێت "واتچیریا بەڕاستی نمایشێکی خۆشە کە پەرەسەندن هێڵکاری نییە.
زانایان لێکۆڵینەوە لە کۆنترین DNA ناسراو دەکەن
زاناکان کۆنترین DNA ناسراویان دۆزیەوە و بەکاریان هێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ژیان 2 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە گرینلاند.
ئەمڕۆ باکووری گرینلاند ناوچەیەکی چۆڵ و ساردە. بەڵام لە ڕابردوودا پڕ بوو لە دار و ڕووەک و ئاژەڵ.
کورت کیار لە زانکۆی کۆپنهاگن نووسەری سەرەکی توێژینەوەکەیە، دەڵیت "توێژینەوەکە دەرگایەک بۆ ڕابردوویەک دەکاتەوە کە لە بنەڕەتدا لەدەستچووە."
بۆ توێژینەوەکە، توێژەران لە نمونەی خاکەوە پشکنینیان بۆ دی ئێن ئەی ژینگە کردووە کە بە eDNA ناسراوە.
eDNA ی ئەو پێکهاتە بۆماوەییەیە کە زیندەوەران دەیخەنە ناو دەوروبەریانەوە، لەوانەش قژ و پاشماوە.
کێشەی DNA کۆن ئەوەیە کە پێکهاتە بۆماوەییەکان بە تێپەڕبوونی کات تێکدەچن و زاناکان پارچەی زۆر بچووکیان بۆ بەجێدەمێنێت بۆ لێکۆڵینەوە. بەڵام بە نوێترین تەکنەلۆژیا، ئێسکێ ویلێرسلیڤ لە زانکۆی کامبریج وتی توێژەران توانیویانە زانیاری بۆماوەیی لە پارچە بچووک و تێکچووەکانی دی ئێ ئەی دەربهێنن.
لە توێژینەوەکەدا کە لەم دواییانەدا لە بڵاوکراوەی سروشتدا بڵاوکراوەتەوە، توێژەران دی ئێن ئەییان بەراورد کردووە بە دی ئێن ئەی جۆرە جیاوازەکان، بەدوای هاوتاکاندا دەگەڕێن.
ویلێرسلیڤ وتی نمونەکان لە ناوچەیەکی (پێری لاندە)وە وەرگیراون کە ئێستا شوێنێکی سارد و چۆڵە. بەڵام ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر ناوچەکە بە سەردەمێکی گۆڕانی کەشوهەوای بەهێزدا تێپەڕیوە پلەکانی گەرمای زۆر بەرزبووەتەوە.
پێدەچێت خاک و بەردەکان بۆ دەیان هەزار ساڵ لە ناوچەکەدا کەڵەکە بووبن پێش ئەوەی کەشوهەوا سارد بێتەوە و DNAی لەناو بەستەڵەکی هەمیشەییدا جێگیرکات. ژینگەی سارد یارمەتی ڕزگارکردنی پارچە بچووکەکانی دی ئێن ئەی داوە، تا زاناکان هاتوون و نموونەکانیان دەرهێناوە، ئەمەش لە ساڵی 2006 دەستی پێکرد.
توێژەران باسیان لەوەشکردوە، کاتێک تێکڕای پلەکانی گەرما 11 بۆ 19 پلەی سەدی زیاتر بووە لەچاو ئەمڕۆ، ئەو ناوچەیە ژمارەیەکی نائاسایی ژیانی ڕووەک و ئاژەڵی تێدابووە.
پارچەی DNA ئاماژە بە تێکەڵبوونی ڕووەکەکانی جەمسەری باکوور دەکەن لەگەڵ ئەوانەی کە بەزۆری لە کەشوهەوای گەرمتردا گەشە دەکەن.
هەروەها لە دی ئێن ئەی ئاژەڵەکانیدا دەرکەوتووە کە بریتین لە قاز، کەروێشکی کێوی، ئاسک و مشکی بەفر. ویلێرسلیڤ وتی پێشتر قالۆنجەی تەپاڵە و هەندێک پاشماوەی کەروێشک تاکە نیشانەکانی ژیانی ئاژەڵان بوون لە ناوچەکەدا.
توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، یەکێک لە سەرسوڕهێنەرە گەورەکان دۆزینەوەی دی ئێن ئەی بووە بە ماستۆدۆن، کە جۆرێکی کۆنە و لە تێکەڵەیەک دەچێت لە نێوان فیل و مامۆس.
پاشماوەی DNAی ماستۆدۆن پێشتر لە دارستانەکانی ئەمەریکای باکووردا دۆزرایەوە کە دوورە لە گرینلاندەوە.
لۆڤ دالن توێژەرێکی زانکۆی ستۆکهۆڵمە بەشداری توێژینەوەکە نەبووە وتی“من لە ملیۆنێک ساڵدا چاوەڕوانم نەدەکرد ماستودۆن لە باکووری گرینلاند بدۆزمەوە،"
هەروەها نموونەی دی ئێن ئەی ئاماژە بە بوونی قرژاڵی ناڵەئەسپ و قەوزە سەوزەکان لە ناوچەکەدا دەکەن. کیار ڕوونیکردەوە کە پێدەچێت ئاوەکانی نزیک لەو کاتەدا زۆر گەرمتر بوون.
لۆرا ئیپ کە بەشداری توێژینەوەکە نەبووە، شارەزای eDNA یە لە زانکۆی کۆنستانزی ئەڵمانیا. دەڵێت، بەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان، سەختە بە دڵنیاییەوە بڵێین ئایا ئەم جۆرانە شانبەشانی یەکتر دەژین، یان دی ئێن ئەی لە بەشە جیاوازەکانی دیمەنەکەوە تێکەڵاو بوون.
بەڵام ئیپ وتی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوەیە لە DNA بەنرخە بۆ نیشاندانی "هەمەجۆریی شاراوە" لە دیمەنە کۆنەکاندا.
ویلێرسلیڤ پێی وایە لەبەر ئەوەی ئەم ڕووەک و ئاژەڵانە لە سەردەمی گۆڕانی توندی کەشوهەوادا لە ژیاندا ماونەتەوە، DNA یان دەتوانێت "نەخشەڕێگایەکی بۆماوەیی" پێشکەش بکات بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ گەرمبوونی ئێستا.
دالێن لە زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشبینی دەکات توێژینەوە کۆنەکانی DNA بەردەوام بن لە قووڵایی ڕابردوودا.
دالن وتی: "ئاسایییە ئەگەر بتوانیت لانیکەم ساڵێک یان ڕەنگە چەند ملیۆنێک ساڵ زیاتر بگەڕێیتەوە دواوە، بەگریمانەیەک کە بتوانیت نمونەی گونجاو بدۆزیتەوە".
زانایان دەڵێن، بە سەرکەوتوویی کۆمپیوتەرێکی کوانتەمیان بەکارهێناوە بۆ "گواستنەوە"ی پەیامەکان لە نێوان دوو خاڵی ڕەشی ھاوشێوەکراودا
کۆمپیوتەری کوانتەم توخمەکانی فیزیای کوانتەم بەکاردەهێنێت بۆ تەواوکردنی کارە زۆر ئاڵۆزەکانی بە کۆمپیوتەرە باوەکان ناکرێت. فیزیای کوانتەم بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە توخم و وزە لەسەر ئاستی ئەتۆمەکان، یان بچووکتر.
توێژەران لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند کە دوو خاڵی ڕەشی بچووکی ھاوشێوەیان لە کۆمپیوتەرێکی کوانتەمدا دروستکردووە و پەیامێکی زانیارییان لە نێوانیاندا ناردووە.
تیمەکە وتیان، تاقیکردنەوەکە ھاوشێوەی "لولەی کرم"ی دروستکردووە. لوولەی کرم پێکهاتەیەکی گریمانەیی (جێ-کاتە) کە وەک ڕێڕەوێک خەیاڵ دەکرێت کە خاڵە جیاکراوەکان لە جێکاتدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
لوولەی کرم بە پردێک دادەنرێت لە نێوان دوو ناوچەی دوور لە گەردووندا. زانایان بە پردی ئەنیشتاین-ڕۆسن ناساندویانە. ئەو دوو فیزیازانە کە پێناسەیان کردووە بریتی بوون لە ئەلبێرت ئەنیشتاین و ناتان ڕۆسن. لوولەی کرمەکان لەگەڵ تیۆری ڕێژەیی گشتی ئەنیشتاین دەگونجێت کە ناوەندی کێشکردنە کە یەکێکە لە هێزە بنەڕەتییەکانی گەردوون.
توێژەران لەم دواییانەدا ئەنجامی تاقیکردنەوەکەیان لە توێژینەوەیەکدا لە بڵاوکراوەی سروشتدا بڵاوکردەوە.
ماریا سپیرۆپولو مامۆستای فیزیای پەیمانگای تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیایە. ئەو یارمەتی سەرکردایەتیکردنی توێژینەوەکە دەدات. ئەوەی تیمەکە دروستی کردووە بە "لولەی کرمی ساوا" ناوی بردووە.
سپیرۆپولو لە بڵاوکراوەکەدا ڕایگەیاندووە، "ئێمە سیستەمێکی کوانتەممان دۆزیەوە کە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی لوولە کرمێکی کێشکردن پیشان دەدات بەڵام زۆر بچووکە بۆ جێبەجێکردنی لەسەر ئامێری کوانتەمی لە ئەمڕۆدا هەمانە".
وتیشی ، هەرچەندە تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بووە، بەڵام زانایان هێشتا زۆر دوورن لەوەی بتوانن لە ڕێگەی لوولەیەکی کرمەوە مرۆڤ یان زیندەوەری دیکە بنێرن.
سپیرۆپولو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بە شێوەیەکی تاقیکاری بۆ من پێتان دەڵێم کە زۆر زۆر دوورە، خەڵک دێنە لام و لێم دەپرسن دەتوانی سەگەکەت بخەیتە ناو لوولەی کرمەکەوە؟
وتیشی، کەواتە، نەخێر، ئەوە بازدانێکی گەورەیە.
جۆزێف لیکن زانای فیزیایە لە کۆمپانیای فێرمیلاب کە تاقیگەیەکی فیزیای حکومەتی ئەمەریکایە. هاوکارێکی نووسەری توێژینەوەکە بووە. ڕوونیکردەوە کە "جیاوازی هەیە لە نێوان شتێک کە لە بنەڕەتدا بتوانرێت و لە ڕاستیدا بتوانرێت".
بەڵام لایکن زیاتر وتی "دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێ بکەیت. پێموایە بۆ من تەنها جێگەی سەرنجە کە توانیمان بەهچ شێوەیەک دەست بەم بابەتە بکەین".
توێژەران چاودێری لوولەی کرمی ھاوشێوەکراوەکەیان کردووە لەسەر ئامێرێکی کوانتەم لە کۆمپانیای گووگڵ کە خاوەندارێتی ئەلفابێتە.
توێژەران دەڵێن هیچ لوولەیەکی کرمێکی ڕاستەقینە دروست نەکراوە. ئەوان دەیانگوت لوولەی کرمێکی ڕاستەقینە دەبێتە هۆی "پچڕانی جێ و کات". بەڵام ئەوان وتوویانە کە پێدەچێت لوولەی کرمێکی ھاوشێوە دروستکراوە، لەسەر بنەمای زانیارییە کوانتەمییەکانە کە بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەری گووگڵ لە دوورەوە دەگوازرێنەوە.
لایکن دەڵێت "ئەم بیرۆکانە ماوەیەکی زۆرە بوونیان هەیە و بیرۆکەی زۆر بەهێزن. وتیشی، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە لە زانستی ئەزموونیداین، ئێستاش ماوەیەکی زۆر درێژە لە هەوڵداین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ گەڕان بەدوای ئەم بیرۆکانە لە تاقیگەدا ئەوە ئەوەیە کە بەڕاستی جێگەی سەرنجە لەم بابەتەدا".
Your browser doesn’t support HTML5