ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە کە حکومەتی عێراقی بەنیازە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت

ئەندامێکی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق، ئەو هەواڵە ڕەتدەکاتەوە کە محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی داوە بۆ مانگی دوانزە، دەشڵێت" پێشبینی دەکەم بۆ ساڵی داهاتوو(2023) ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغداد ئەنجامبدرێت کە لە بەرژەوەندی هەرێم و بەغدادیش بێت."

لای خۆیەوە د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو هەواڵە ڕاست نییە کە حکومەتی عێراقی موچەی تەواوی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، ئەوە هەموو پڕوپاگەندەیە، ئەو شتانە زوو زوو بڵاودەبێتەوە بە ناڕاستی."

ئەو ئەندامەی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری هۆکاری ڕاست نەبوونی ئەو هەواڵەی بۆ ئەوە گێڕایەوە" هێشتا پرۆژە یاسای بودجە پەسەند نەکراوە، ئیتر ئەم پارەیە چۆن دابینکرا و لە کوێوە نێردرا؟! دەشڵێت" شتی وەها نییە ئەوە نایاساییە."

لە ساڵی 2014 وە کێشەی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم دروستبووە، حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی بەهۆی کێشە و ململانێکانەوە لەگەڵ هەرێم، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، تا دواجار لە ساڵی 2021 ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغداد بە سەرۆکایەتی حکومەتی ئەوکاتەی عێراق مستەفا کازمی ئەنجامدرا و بڕیاردرا هەتا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی مانگانە حکومەتی عێراقی وەک پێشینە 200 ملیار دینار بۆ تەواوکاری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

د. نەرمین مەعروف ڕەتیدەکاتەوە، ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق پابەندی ئەو ڕێککەوتنە ببێت بۆ بەردەوامی دان بە ناردنی200 ملیارەکە بۆ هەرێم، لەو ڕووەوە د. نەرمین دەڵێت" ئەمە ڕێککەوتنی سەردەمی پێشووە، پێم وانیە ئەم حکومەتە بچێتە ژێر باری ئەو 200 ملیارەوە، ڕێککەوتنێک بووە شاندی هەرێم لە کاتی خۆیدا لەگەڵ کازمیدا کردویەتی و لە ناو بودجەی ساڵی 2021 هەبووە، پێم وانییە هیچ بڕە پارەیەکیش بێت بۆ هەرێم هەتا پرۆژە یاسای بودجەی عێراق پەسەند نەکرێت."

ئەندامەکەی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق پێشبینی کرد، بۆچون و هەڵوێستەکان لە ساڵی 2023 ئەرێنی بن" بە شێوەیەکی گشتی لەبەر ئەوەی هەموو لایەنە سەرەکییەکان بە کوردیشەوە پێکهاتەی سەرەکی ئەم حکومەتەن، بۆیە پێموایە هەموو لایەنەکان دەیانەوێت ئەم حکومەتە سەرکەوتوو بێت، هەر خۆی داواکارییەکانی کورد لە کارنامەی ئەم حکومەتە پەسەندکراوە، بەڵام ئەوەی ماوە جێبەجێ بکرێت لەسەر ئەرزی واقیعە، وە پێموایە بۆ ساڵی 2023 ڕێککەوتن دەکرێت لە بەرژەوەندی هەرێم و بەغداد دەبێت، واتە هەڵوێستەکان ئەرێنی دەبن بە شێوەیەکی گشتی . "بەڵام ئەمە تەنها بۆ ئەو ساڵە بۆ ساڵەکانی تر وەک دەوترێت(لکل حادث حدیث)."

ئەمڕۆ میدیا لۆکاڵییەکان لە زاری کەناڵی ئەلعیراقیەی زمانحاڵی فەرمی حکومەتی عێراق بڵاوییان کردەوە" حکومەتی عێراقی بڕیاری داوە موچەی تەواوەتی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، وە پێویستە حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا."