قەیرانی ئابووری لەگەڵ دابەزینی زیاتری بەهای لیرە لە سوریا قووڵتر دەبێتەوە

بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی کە سوریا پێیدا تێدەپەڕێت، بەهای لیرەی سوریایی هەتا دێت زیاتر بەرەو دابەزین و دەچێت.

ئەم دابەزینە، کە ئێستا یەک دۆلاری ئەمەریکایی سنوری شەش هەزار لیرەی تێپەڕاندووە، لە سەرانسەری سوریادا کاریکردووەتە سەر جوڵەی بازاڕەکان و توانای هەناردەکردنیش زۆر لاواز بووە.

لە شاری حەلەب کە بە ناوەندی ئابووری ناسراوە، بازرگانان لەو دۆخە بێزارن و ترسیان لەوە هەیە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کارەکانیان ڕابگرن.

بازرگان ئەحمەد ڕەمەزان ڕایدەگەیەنێت، نرخی هەر دۆلارێک شەش هەزار و 200 لیرەی تێپەڕاندووە، بۆیە کارەکەیان نیوەی ماوە و دەشڵێت "30 کرێکارم هەیە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، کارەکانمان بە تەواوی دەوستن".

بەهای لیرەی سوریا لە سەرەتای جەنگەوە بەرەو دابەزین دەڕوات و لە ساڵی 2011 دا یەک دۆلاری ئەمەریکی بە 50 لیرەی سوریا بووە. بە گوتەی ئابوریناسان ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەندازە بەدەر زیادی کردووە و نرخ 120 هێندە زیادی کردووە، لەکاتێکدا مووچە تەنها 3 هێندە بەرزبووەتەوە.

چەلەنگ عومەر

چەلەنگ عومەر شارەزای ئابووری ئاماژە بەوە دەکات کەدابەزینی بەهای لیرە دوو هۆکاری هەیە "یەکێکیان پەیوەندی بە زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار هەیە، چونکە گەنجینەی بانکی ناوەندی چۆڵە و حکومەت ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت. دووهەم ئەوەیە کە حکومەت پاربەبێ هەبوونی یەدەگ چاپ دەکات بۆئەوەی بودجە دابین بکات."

عومەر هەروەها تیشکی خستە سەر هۆکارە دەرەکییەکانی ئەم قەیرانە ئابوورییەی سوریا و گوتی " هەردوو لایەنگری ڕژێمی سوریا: ئێران و ڕووسیا لە دۆخێکی ئابووری سەختدان، بۆیە ناتوانن وەک جاران پشتیوانی دیمەشق بکەن".

شارەزای کاروباری ئابوری چەلەنگ عومەر لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گەشبین نەبوو بە داهاتووی ئەم قەیرانە و دەیبەستێتەوە بە حکومەتی سوریاوە.

گوتیشی "حکومەتی سوریا ناتوانێت هیچ سیاسەتێکی ئابووری و دارایی جێبەجێ بکات، هەروەها بەهۆی یاسای قەیسەر سەبارەت بە سوریا و دەرچوونی سەرچاوە ئابوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەستی دیمەشق، چارەسەری قورسە. بنکەی چارەسەری ئەمڕۆ ڕێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکومەتە."

شایانی باسە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە یارمەتی هەیە و ٩٠٪ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.