مۆسکۆ پێشوازی لە پێشنیارەکەی ئەردۆغان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا

ئاژانسەکانی هەواڵی دەوڵەتی ڕووسیا لەسەر زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بڵاویان کردەوە، مۆسکۆ پێشوازی لە پێشنیاری سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بۆ هەوڵی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان ئەنکەرە و دیمەشق بە یارمەتی مۆسکۆ.

ئاژانسی هەواڵی ڕیا نۆڤستی RIA Novosti ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند میخائێل بۆگدانۆڤ گوتویەتی هێشتا زانیاری تەواویان نییە لەسەر پێشنیارەکەی تورکیا، بەڵام مۆسکۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق.

هاوکات لە ناوچەکانی ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریایی نزیک لە ئەنقەرەیە، خەڵکی ناڕەزایی توندیان دەربڕیووە سەبارەت بەم ڕاگەیاندنەی سەرۆکی تورکیا.

ڕۆژی هەینی لە ناوچەیەکی ئیدلیب گربوونەوەیەک کراوە تیایدا سەرکۆنەی پێشنیارەکەی ئەردۆغانیان کردووە.

ماڵپەڕی "شبکە شام" ی نزیک لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریای سەر بە تورکیا لە تویتەرەکەی ژمارەیەک وێنەی بڵاوکردۆتەوە لەسەریدا نوسیوویەتی " چالاکوانان لە ئیدلیب گربوونەوەیەکی ناڕەزاییان سازکردووە لە بەرامبەر لێدوانەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەدی تاوانکار."

جێی ئاماژەیە ڕۆژی پێنجشەممە کەناڵی خەبەر تورک لە زاری ئەردۆغانەوە بڵاویکردەوە پێشنیاری کردووە پوتن دەستپێشخەری بکات کۆمەڵێک کۆبوونەوە لە نێوان تورکیا و ڕووسیا و سوریادا ڕێکبخات بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریادا، کە لە مێژە گرژییان تێکەوتووە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز