بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی کردووە و لەوێ بەشداری لە کۆبونەوەیەکدا کردووە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ژەنەڕاڵ ماتیو مکفارڵن فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا.
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە هەژماری تایبەرتی تویتەریدا وێنەیەکی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و ژەنەڕاڵ ماتیو مکفارڵن بڵاو کردووەتەوە دەڵێت تاوتوێی پێشخستنی هەوڵەکانی دژ بە تیرۆر کراوە.
بافڵ تاڵەبانیش لە هەژمارەی فەرمی تویتەریدا چەند وێنەیەکی سەردانەکەی داناوەو باسی لە کۆبونەوەکەی کردووە و دەڵێت "لەکۆبوونەوەکەدا چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان، تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رۆژئاوا دووپاتكرایەوە."
ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشمتانی کوردستان دەڵێت وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری یەکێتیش لەو کۆبونەوەیەدا ئامادە بووە و دەشڵێت بافڵ تاڵەبانی لە کۆبونەوەکەدا گوتویەتی "بە هەماهەنگی و هاریكاری زیاتری نێوانمان دەتوانین سەركەوتنی گەورەتر تۆماربكەین، بەتایبەت لەو ناوچانەی نێوان سوریا و عیراق كە بۆشایی ئەمنی هەیە و جمجوڵی تیرۆریستانی تێدایە."