ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق: کورد ترسی هەیە مەلەفی نەوت بە تەواوەتی ڕادەستی ناوەند بکات چونکە متمانە نییە، دواتر بودجە بنێرن

هەرچەندە پرۆژە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەسەند نەکراوە، بەڵام دیاری کردنی پشکی کورد و ڕێکنەوتنی هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، پرسەکەی قوڵتر کردووەتەوە، چونکە ساڵانێکە هەردوو حکومەت نەیانتوانیوە لەسەر ئەو پرسە کۆک بن.

حکومەتی هەرێم داوای پشکی فەرمی لە بودجەی عێراقدا دەکات و حکومەتی ناوەندیش بە چەند مەرجێک ئامادەی قبوڵکردنێتی، کە سەرەکیترینیان، پرسی فرۆشتنی نەوتە لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندیەوە و حکومەتی هەرێمیش پێوەی پەیوەست نابێت.

لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا ڕاستەوخۆ پرسی بودجە مشتومڕی دروستکردووە. ئاخۆ کابینەی نوێ ئامادەیە بە ناردنی پشکی هەرێمەوە پەیوەست بێت، یاخود جارێکی تر بودجەی هەرێم دەبێتە گرێکوێرە و پەیوەندیەکان بەرەو ئاڵۆزی دەباتەوە، لەو بارەیەوە ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرای عێراق دەڵێت " گرنگ دیاری کردن و ڕێکەوتن نییە لەسەر پشکی هەرێم گرنگ جێبەجێ کردنێتی، بۆیە کورد ترسی هەیە مەلەفی نەوت بە کاملی تەسلیمی ناوەند بکات چونکە متمانە نییە، دواتر بودجە بنێرن."

شوان مەحەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانێ عێراق، لە وتووێژێکی دەنگی ئەمەریکادا، ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوشدا پشکی کورد لە بودجەی عێراق جێگیر کراوە، بەڵام پەیوەست نەبوون بە ناردنی و غەدرێکی گەورەیان لە هاوڵاتیانی کوردستان کردووە.

"لە هەموو حکومەتەکاندا میزانییەی هەرێم جێگیر کراوە، پشکی کورد دیار بووە و ڕێکەوتنیش کراوە دەیان جار. هەر لە حکومەتەکەی کازمی ڕێکەوتن، کە مانگانە عیراق 200 ملیار بنێرێ، کێشەکە لە پەسەند کردنی قانون و پەسەند کردنی میزانییە نییە، کێشەکە لە جێبەجێکردن و ڕاستگۆیی و پەشیمان نەبوونەوەی حکومەتی فیدڕاڵە، زۆر لەلایان ئاساییە میزانییە پەسەند بکرێت %14 ش بۆ هەرێم بێت، لەسەر قانوونی نەوت و غازیش ڕێکەوین، بەڵام تێکچوونی دۆخی سیاسی وابکات بودجەکە ببڕێت."

هۆکاری سەرەکی ناکۆکیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، پرسی فرۆشتنی نەوتە، کە حکومەتی هەرێم لە دوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆوە، خۆی نەوت هەناردە دەکات و ناگەڕیتەوە بۆ ناوەند، بەڵام حکومەتی عێراقی داوا دەکات بە فەرمی مەلەفی نەوت ڕادەستی خۆی بکرێتەوە و ئاگاداری بەشە فرۆشی مانگانەی نەوت بێت، لەو بارەیەوە ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێم هەندێ بە گومانە لەوەی هەموو کەیسەکە بە کاملی تەسلیمی بەغداد بکات، بەڕاستی ئەو بێمتمانەییەیە، ترسێک هەیە لەوەی ئەگەر تەسلیمیان بکرێت،بڕیاریدا بودجەو میزانییە نەنێرێت تەواو، بەڵام ئەو کات بێت نەوتەکە ببات وبودجەکەشت ببڕێت، ئێ ئەوە ئامانج لێی تەسلیم بوونی هەرێمی کوردستانە، تا ئەو ئاستەی بیر کردنەوەیە لە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان."

لە ئێستادا عێراق لە ڕووی ئابوریەوە بەهێزەو خاوەنی یەدەکێکی گەورەی بانکی و یەدەکی ئاڵتوونە و بە پێی زانیاریەکانیش میزانییەی ئەمساڵی عێراق نزیکەی 180 تریلیۆن دینارە، بۆیە پێشبینی دەکرێت پشکی کورد زیاتر بێت لە چاو ساڵانی ڕابردوودا و مەزەندە دەکرێت بڕەکەی 24 ترلیۆن دینار بێت، لەو بارەیەوە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: لە ڕابردوودا عێراق بە چاوی یەکسان سەیری هاوڵاتیانی هەرێمی نەکردووە و غەدرێکی زۆریان لە کورد کردووە، بەڵام هیوادارین ئەدای ئام کابینەیە وەک کا بینەکانی پێشتر نەبێت.

" بەداخەوە ئەوە عێراقە، پێمان وایە، بە دیدێکی دۆستانەو هاوڵاتیانەی عێراقی و دیدێکی یەکسان سەیری هەرێمی کوردستان ناکات، ئەگینا بە پێی دەستور و بەپێی واقعیش، ئێمە بەشێکین لە عێراق، بۆیە دەبێت سەروەت و سامانی عێراقیش بە پێی دەستور بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق وەک و یەک بێت و هەمو هاوڵاتیان سودی لێ ببینن، لە ڕووی لۆژیکیەوە دەبێت ئەو بارودۆخە باشە ئابوریەی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت، ببێتە فاکتەرێک کە هەندێ کراوەتر بن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، چونکە ئەوان غەدریان لە هەرێمی کوردستان کردووە لە 8 ساڵی ڕابردودا، حکومەتەکە سەرەتایە، ئێستا لە وەجه و سیماو خیتابیدا وا دەردەکەوێت تا ئێستا حاڵەتەکە بە نەرێنی نابینین."

بەدەر لە ڕێکەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و ڕێکەوتن لەسەر هەمواری یاسای نەوت و غاز و میکانیزمی فرۆشتنی، نەفەقاتی سیادی یەکێکی ترە لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کە سەرەکیترینیان دابین کردنی بودجەی پێشمەرگەیە و لە ئێستادا ئەوەی هەیە فراکسیۆنە جیاوازەکان گەشبینن بەوەی بگەنە ڕێکەوتن لەگەڵ کابینەی نوێدا.